Accessibility links

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش خولێکی سەربازی 40 ڕۆژی بۆ چەکدارەکانی لە حەمرین کردووەتەوە


جموجۆڵە فراوانەکانی چەکدارانی داعش لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە ناوچەکانی ڕۆژاوای قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، وایکرد هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بە پاڵپشتی فڕۆکەی جەنگی عێراقی، ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو دژی چەکدارانی سەر بەو ڕێکخراوە ئەنجام بدات.

بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە، جموجۆڵی چەکدارانی داعش بۆ گەڕانەوەی ئەو چەکدارانە دەگێڕنەوە لە ناوچەی حەمرین، کە ماوەی 40 ڕۆژە لە خولی سەربازیدان و جارێکی تر بۆ ناوچەکانیان نێردراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە دەزگا هەواڵگیرییەکانی عێراق زیاتر چاودێریان بکەن.

لە درەنگانێکی ڕۆژی هەینییەوە، تا سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە، فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق چەندین جار، بنکەوبارەگاکانی داعشیان لە ناوچەی زەرگەی ڕۆژئاوای قەزای خورماتوو موشەک بارانکردووە، دواتر هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکەدا ئەنجامداوە.

محەمەد سامان بەڕێوەبەری ئاسایشی زنانەی نزیک قەزای خورماتوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە عێراقییەکان، پێنج چەکداری داعش کوژراون و تەرمەکانیان کەوتووەتە دەست هێزە عێراقییەکان."

سەرباری کوژرانی 5 چەکدارەکەی داعش، هێزە عێراقییەکان دەستیانگرتووە بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی داعش دا، ئەمە جگە لە دەست گەیشتن بە ژمارەیەکی زۆر موبایل، کە چەکدارانی داعش بۆ پەیوەندیگرتن بەکاریان هێناون.

بەپێی وتەی فەرماندەیەکی پێشمەرگە، ئامانجی سەرەکی داعش لە ئێستادا، کۆکردنەوەی پارەو داهاتە بۆ چەکدارەکانی، چونکە ڕێکخراوەکە لە دۆخێکی دارایی خراپدایە و هەموو سەرچاوەکانی داهاتی لەدەستداوە.

عەمید محەمەد چەوری فەرماندەی پێشمەرگە لە ناوچەکانی نزیک قەزای خورماتوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"تەرکیزی داعش لەسەر رفاندنی خەڵک و کۆکردنەوەی پارەیە، خەڵکی سڤیلی جوتیار و شوانکارە دەڕفێنن و لەبەرانبەر پارە ئازادیان دەکەن."

ڕوونیشیکردەوە، داعش ماوەی 40 ڕۆژە چەکدارەکانی بردووەتە ناوچەی حەمرین و مەشقی سەربازییان پێدەکات، تازە خولەکەیان تەواو کردووە و گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی پێشووتریان.

دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر ڕفاندنیدا و پاش وەرگرتنی بڕی 50 هەزار دۆلار لە کەسوکارەکەی لە ناوچەی حەمرین، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، داعش شوانێکی کوردی دانیشتووی گوندی نارینی سەر بە ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالەی ئازاد کرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:14 0:00
XS
SM
MD
LG