لە پاشا تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەئ ئەستەنبوڵ سەرۆکی وڵاتەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد تەقینەوەکە نیشانەکانی هێرشی "تیرۆرستی" پێوە دیارە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەر لەوەی بەڕێبکەوێت بۆ بالی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبونەوەی گروپی 20 بە ڕۆژنامەوانانی گوت " ئەوانەی دەستیان لە تەقینەوەکەدا هەیە ئاشکرا دەکرێن و سزا دەدرێن."
هەر پاش تەقینەوە بەهێزەکەی ڕۆژی یەکشەممە کە شەقامی ئیسیقلالی ناوچەی تەقسیمی هەژاند ئەردۆغان لە تویتێکدا جگە لە هاوخەمی دەربڕین بۆ کەسوکاری قوربانیان و داوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان ئەردۆغان گوتیشی " یەکە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەمان بەردەوامن لە کارکردن بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە خیانەتکارە و هۆکارەکانی پشتی.
با هاووڵاتیانمان دڵنیابن لەوەی کە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بە هەموو لایەنەکانیەوە ئاشکرا دەبن و بەو شێوەیەی کە شایستەین سزا دەدرێن."
دوایین زانیاری لەسەر تەقینەوەکە لەلایەن فوئات ئۆکتای جێگری سەرۆک کۆمارەوە دراوە. ئۆکتای ڕایگەیاندووە کە لە تەقینەوەکەدا 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 81 کەسیش برینداربوون کە دوو کەسیان برینەکانیان سەختە.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئانکەرە لە تویتێکدا دڵگرانی بەرامبەر بە ڕووداوەکە دەردەبڕێت و دەڵێت " نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە تورکیا لە ناخەوە دڵتەنگە بەهۆی تەقینەوەکەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەستەنبوڵ. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."
جۆسف بۆرێل بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی یەکێتی ئەروپا لە تویتێکدا دەڵێت " هاوخەمین لەگەڵ خەڵکی تورکیا و کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەم پاش نیوەڕۆیە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم."
هەروەها کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە و مێرال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی IYI پەیامی سەرەخۆشییان بۆ ئەو کەسانە بڵاوکردەوە کە لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستدا.
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دمیرتاش لە زیندانەوە تویتێکی کرد و دەڵێت ” بەبێ گوێدانە مەبەست و پاساو، هەر هێرشێک کە خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج، لە ڕووی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقی و ویژدانییەوە تیرۆرە. ئێمە هەرگیز قبوڵ ناکەین. "
دمیرتاش گوتیشی هەروەها ئەو کردەوەی تیرۆریزمە کە بە ئاشکرا خەڵکی مەدەنی بێتاوان لە شەقامی ئیستیقلال دەکاتە ئامانج، ئیدانە دەکەم. نزای لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە دەکەم کە گیانیان لەدەستداوە و سەرەخۆشیم بۆ کەسوکاریان، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم".
پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپەش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیان دەربڕی.
وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق و کاربەدەستان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقیش هاوخەمی خۆیان بۆ گەلی توکریا دەربڕی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە تویتیکدا دەڵێت " ئەو هێرشەی کە پێ دەچێت هێرشی تیرۆرستی بێت لە ئەستەنبوڵ شەڕمەزار دەکەم. هاوخەمم لەگەڵ خێزانەکان و خۆشەویستانی قوربانیان و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم."
سەرۆک وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانیش لە تویتێکدا دەڵێت " بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەی ئەمڕۆی ئەستەنبوڵ دەکەم. دڵم لای حکومەت و گەلی تورکیا و قوربانییەکان و کەسوکارەکانیانە."
شایانی باسە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەم ڕووداوە دەستپێکردوو پێنج داواکاری گشتی ڕاسپێردراون. هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێڕشەکەیان نەگرتووەتەوە ئەستۆ، بەڵام لە ڕابردوودا زۆربەی جار گروپی دەوڵەتی ئیسلامی یان پەکەکە بۆ ئەم جۆرە تەقینەوانە تۆمەتبار کراون.