Accessibility links

بڕیاری لەناوبردنی 3 هەزار حەوزی ماسی لە کەرکوک و نیگەرانی خاوەن حەوزەکان


حکومەتی عێراق، بڕیاریداوە بە تێکدان و لەناو بردنی زیاتر لە سێ هەزار حەوزی ماسی لە قەزای داقوقی باشوری کەرکوک. پاساوی حکومەت بۆ دەرکردنی بڕیارەکەی، کەم بارانی و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییە. بەڵام بەشێک لە خاوەن حەوزەکان، بڕیارەکە بە سیاسی دەزانن و پێیانوایە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و بوار رەخساندن بۆ ساغ کردنەوەی ماسی ئێرانی لە بازاڕەکان دا.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، جوتیارانی ناوچەی داقوق پەرەیان بە بەخێوکردنی سامانی ماسی دا. گوندەکانی دەوروبەری قەزاکە، سەرووی سێ هەزار حەوزی ماسییان تێدایە. بە پێی وتەی جوتیارەکان، جگە لەوەی هەزاران خێزانی ناوچەکە بژێویان لەسەر کرین و فرۆشتنی ماسییە، ڕۆژانەش نزیکەی 25 تۆن ماسی ڕەوانەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێم دەکەن.

زۆربەی ئەو جوتیارانەی لە قەزای داقوق سەرقاڵی بەخێوکردنی ماسیین، کوردن. ئەوان لە بری کشتوکاڵ و باخداری، زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بۆ بەخێوکردنی ماسی بەکار دەهێنن، بۆیە نیگەرانن لە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق و پێیانوایە دەبێتە هۆی هەڵکشانی رێژەی بێ کاری لە ناوچەکەیاندا.

ڕێباز سەمەد کە خاوەنی حەوزی ماسییە لە قەزای داقوق، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "لەهەموو عێراقدا ماسی بەخێو دەکرێت، کەچی چاوی حکومەتی عێراق تەنها داقوق دەبینێت، حکومەت لەبری پشتیوانیکردنمان، خەریکە 70%ی خەڵکی داقوق بێ کاردەکات."

وتیشی "جگە لە خاوەن حەوزەکان، هەزاران کرێکار و شۆفێر و عەلەف فرۆش و فرۆشیار، بژێویان لەسەر ئەو حەوزانەیە کە حکومەت دەیەوێت تێکیان بدات و لەناویان ببات."

ماسی ناوچەی داقوق، لەسەر ئاستی عێراق بەناوبانگە. بوونی هەزاران حەوزی ماسی لەو ناوچەیە، بووەتە هۆی گەشە کردنی سامانی ماسی و زۆربوونی ماسی لە بازاڕەکاندا، کاریگەریشی هەبووە لە سەر کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ماسی لە وڵاتانی دەوروبەری عێراقەوە.

مەلا رێبوار کە خاوەن حەوزێکی تری ماسییە لە داقوق پێیوایە، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ تێکدان و لەناو بردنی هەزاران حەوزی ماسی لە قەزای داقوق، بڕیارێکی سیاسییە و دەڵێت "ماسی ئێرانی هاوردەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت، بەڵام جۆرەکەی خراپە و ساغ ناکرێتەوە. دەیانەوێت بەرهەمی ناوخۆیی نەهێڵن."

ڕوونیشیکردەوە، بیانووی عێراق بۆ تێکدان و لەناو بردنی حەوزەکان وشکە ساڵییە، لە کاتێکدا گەر زەوییەکان بۆ کشتوکاڵیش بەکاربهێنین، هەمان ئەو بڕە ئاوەی پێویستە.

لەو سێ هەزار حەوزە ماسییەی لە دەوروبەری قەزای داقوق هەن، جگە لە چەند حەوزێکیان نەبێت، زۆربەی خاوەن حەوزەکان مۆڵەتی بەخێوکردنی ماسییان لەلایەن عێراقەوە پێنەدراوە. ئەمەش وایکردووە لە لایەن حکومەتەوە بە زیادەڕۆییکردنە سەر زەوی کشتوکاڵی تۆمەتبار بکرێن. بەڵام خاوەن حەوزەکان دەڵێن، حکومەتی عێراق مۆڵەتییان پێنادات و هەوڵەکانیان شکستی خواردووە.

زوهێر عەلی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک، هۆکاری بڕیارەکەی عێراق لە بەرامبەر هەزاران حەوزی ماسی بۆ گرفتی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی دەگێڕێتەوە، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکاتەوە بۆ تێکدان و لەناوبردنی هەزاران حەوزی ماسی لە داقوق.

پێشتریش حکومەتی عێراق، چەند جارێکی تر هەوڵی لەناوبردن و تێکدانی ئەو هەزاران حەوزە ماسییەی داوە لە سنوری قەزای داقوق ی باشوری کەرکوک، بەڵام بڕیارەکەی جێبەجێنەکراوە. چاوەڕوان دەکرێت، گەرعێراق پێداگیری بکات لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە، گرفتی لێبکەوێتەوە و جوتیاران ڕازی نەبن بە تێکدانی حەوزی ماسییەکانیان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:19 0:00

XS
SM
MD
LG