Accessibility links

ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر هەڵدانی مووشەکەکانی کۆریای باکوور ئەنجام دەدەن


ڕێبەرانی ئەمەریکا، کۆریای باشوور، ژاپۆن و وڵاتانی هاوپەیمانی ڕۆژی هەینی لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی ئاسیا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامدا و سەرکۆنەی هەڵدانی مووشەکێکی بالیستیکی گومانلێکراوی نێوان کیشوەرەکانیان کرد لەلایەن کۆریای باکوورەوە و داوای وەڵامدانەوەیەکی یەکگرتوویان کرد.

بەرپرسانی ژاپۆن ڕایانگەیاند، مووشەکەکە تەنها لە دووری 200 کیلۆمەتر لە ژاپۆن کەوتۆتە خوارەوە و توانای گەیشتن بە وشکانی ئەمەریکای هەبووە.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) لە بانکۆک، کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ئەو کردەوانەی کۆریای باکووری بە "پێشێلکارییەکی گەورە" بۆ چەندین بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبرد و ڕایگەیاند، کردەوەکانی کۆریای باکوور ناسەقامگیرن بۆ ئاسایشی ناوچەکە.

سەرۆک وەزیری کۆریای باشوور، هان داک سو، گوتی چالاکییەکانی کۆریای باکوور نایاسایین و داوای بەرەیەکی یەکگرتوو و وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی کرد.

فومیۆ کیشیدا، سەرۆک وەزیری ژاپۆن ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا بە "فرێکوێنسیی بەرزی بێ وێنە" ئەم جۆرە هەڵدانیانە ڕوودەدەن.

ناوبراو هۆشداریشی دا لەوەی کە ئەگەری ئەوە هەیە کۆریای باکوور مووشەکی زیاتر هەڵبدات.

ڕووداوەکە ڕۆژێک دوای هەڵدانی موشەکێکی بچووک لەلایەن کۆریای باکورەوە هات، وەک هۆشداریەک لە "وەڵامدانەوەی سەربازی توند" بۆ ئەمەریکا کە پاڵپشتیکردنی ئاسایشی هەرێمەکە زیاتر دەکات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG