Accessibility links

جێگیرکردنی شێوەزاری هەورامی لە پرۆسەی خوێندن ڕادەگیرێت


وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی پڕۆژەی جێگیرکردنی شێوەزاری هەورامی لە پرۆسەی خوێندن ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردەکرد و چەند هەنگاوێکی بڕی، وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات دوای چەندین کۆبوونەوە و باسکردنی بابەتەکە لە کۆبوونەوەکانی حکومەت گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی وەزارەتی پەروەردە ناتوانێت یان نایەوێت پرۆسەکە جێگیر بکات.

دوای ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێکخراوی یونسکۆ هۆشداری لەناوچوونی چەند زمان و شێوەزارێکی لە جیهان دا، وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نوسراوێکەوە لە بەرواری 30ی مانگی 6ی2021 داوایان لە وەزارەتی پەروەردە کرد شێوەزاری هەورامی بخاتە پرۆسەی خوێندنەوە، دوای چەندین دانیشتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت وەزارەتی پەروەردە نایانەوێت شێوەزاری هەورامی بچێتە ناو پرۆسەی خوێندنەوە.

حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەمین دیداری ئەدەب و کەلتوری هەورامان ڕایگەیاند" لە بەرامبەر مەترسیەکانی یونسکۆ لەسەر شێوەزاری هەورامی داوامانکرد لە پرۆسەی خوێندن لە ناوچە هەورامی نشینەکان جێگیر بکرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین تاوتوێی لەسەر کرا، ئێستا پڕۆژەکە گەشتووەتە ئاستێک کە وەزارەتی پەروەردە جێگری ناکات".

پرسی شێوەزاری هەورامی لە نێوان شێوەزار و زمان تا ئێستا گفتوگۆ ولێکۆڵینەوەی جیاجیای بە دوای خۆیدا هێناوە، د. بێستون حەسەن سەرۆکی بەشی زمانی کورد لە زانکۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند "بە دڵنیایەوە هەورامی شێوەزارە، بەڵام مافی هەورامیەکانە کە ئاوەزمەندی زارەکە لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە بە خوێندکارانی ناوچەکانی خۆیان بوترێتەوە."

لەناو پرۆسەی خوێندندا شێوەزارەکانی کرمانجی و بادینی جێگیرکراون لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنرێن بەڵام لەگەڵ ئەوەی هۆشداری یونسکۆ لەسەر شێوەزاری هەورامی هەیە و چەندین جار داواکاری بۆ جێگیرکردنی شێوەزاری هەورامیش لە پرۆسەی خوێندندا پێشکەش بە حکومەت کراوە، بەڵام حکومەت وەڵامی داواکارییەکانی نەداوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:29 0:00
XS
SM
MD
LG