Accessibility links

کەیسی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی فەرماندەی یەکێتی موراد کانی کوردەیی بەکوێ گەیشت؟


کەیسی کوژرانی فەرماندەی یەکێتی موراد کانی کوردەیی و سێ لە پاسەوانەکانی دوای ساڵێک لە دادگای لێکۆڵینەوەی ڕانیە وەک بنەماڵەکەی دەڵێن هیچ پێشوەچونێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و داوای گواستنەوەی ئەو کەیسە دەکەن لە ناوچەی ژێردەستەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بۆ ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان. بەڵام دادوەری کەیسەکە دەڵێت دۆسیەکە نەوەستاوە و بەردەوامە.

لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتی، لە نێویاندا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی، بە تۆمەتباری ڕووداوەکە دەزانن و تۆمەتی ئەوەیان دەخەنە پاڵ کە ڕێگرن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان.

دادوەر عومەر ئیبڕاهیم، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ڕانیە، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئەوەی ڕەتکردەوە کە کارکردن لەسەر دۆسیەکە وەستابێت. ئەو ڕاگەیاند ، "ڕێوشوێنەکان بەردەوامن."

فەرمان کانی کوردەیی کە برای موراد کانی کوردەیی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند دۆسیەکە "تا ئێستا هیچ ئیشێکی تێدا نەکراوە و بە چەقبەستویی وەستاوە...بە حوکمی ئەوەی ڕووداوەکە لە زۆنی سەوز کراوە وە خۆیان پاڵپشت و پشتیوانی ئەم ڕووداوە بوون، هەم حکومەت و هەم حزب."

ڕایشیگەیاند، " وێڕای ئەوەی ناوی بکەر و پلاندانەر و بکوژانمان داوەتە دادگای ڕانیە، بەڵام تا ئەم چرکە ساتە فرمانی دەستگیرکردن بۆ هیچ کەسێک لەم کەسانە دەرنەچووە. هۆکارەکەی ئەمەیە کە ئێمە داوای گواستنەوەی کەیسەکەمان کردووە بۆ دادگایەکی تر."

دەنگی ئەمەریکا کۆپیەکی فرمانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانی دەستکەوتووە بە ژمارە 1534 کە لە بەرواری 10/10/2022 کە بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ڕانیە نێردراوە. تێیدا قوباد تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی، سەلمان مەلا ئەمین (ناسراو بە مامۆستا ئەژی)، وەهاب مەجید (ناسراو بە وەهاب هەڵەبجەیی)، شێخ ئەحمەدی نۆکان و هاوڕێ دارۆ نوری بە تۆمەتبار ناویان هێندراوە.


هەروەها لە نوسراوێکی تری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان داوا لە دەزگای ئاسایش کراوە کە زانیاری بدەن لەسەر دەنگۆی ناردنی هێزێکی تایبەت بۆ شاری ڕانیە و تێوەگلانی لە ڕووداوەکە.


دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت سەربەخۆ ڕاستی ئەم نوسراوانە پشتڕاستبکاتەوە.
بەڵام لەدواین لێدوانیدا سەبارەت بەم پرسە، هەفتەی ڕابردوو، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، "بکوژەکان دەمێکە ئاشکرابوون. بەڵام نازانم بۆ چەقیوە لە دادگا. هەموومان ئەزانین کێ ئەوەی کردووە."

تاڵەبانی هەروەها ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە لە هەولێر فرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو و قوباد تاڵەبانی هەیە.

لە ئێوارەی 25/11/2021 موراد کانی کوردەیی کە بەڕێوبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی ڕاپەڕین بوو لەگەڵ چەند پاسەوانێکی لە ڕووداوێکی ناڕووندا لە شاری ڕانیە پێکران. لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا خۆی و سێ لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی خۆشناو وەیسی، هاوکار نازم و سەرکار فاخیر گیانیان لەدەستدا.

بە گوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تەلەفزیۆنی ڕووداو کە دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت سەربەخۆ پشتڕاستی بکاتەوە، ڕووداوی تەقەکردنەکە لە نزیک کۆمەڵێک خواردنگەی بەردەم باخی گشتی ڕانیە ئەنجامدراوە کە نزیکەی سەد مەتر دوورە لە شوێنی کارکردنی موراد کانی کوردەیی لە فەرمانگەی پۆلیسی ڕاپەڕین. فەرمان کانی کوردەیی ئەم زانیاریەی پشتڕاستکردەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا.

ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە، بنەماڵەی کانی کوردەیی لە ڕاگەیەندراوێکیاندا بانگەشەی ئەوەیانکرد، "دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری پزیشکی، دەرکەوتوە کە عەمید موراد فیشەک بەرقاچی کەتوە و نەمردوە بەڵکو دوای قۆڵبەستکردنی بە برینداری بردویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر دڕندانە گیانی سپاردوە. بەپێی راپۆرتی زارەکی پزیشکی دادی کە لە کۆیە دووبارە بۆی ئەنجام درایەوە، دەرکەوتوە کە شوێنی لێدانی کارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ و برینەکانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە وهەڵواسینی هەردوو دەستی بە روونی دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردوە."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم کەیسە چەند جارێک هەوڵیدا پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بکات، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.

هەوڵەکان بۆ پەیوەندیکردن بە لێپرسراوی بنكەی پۆلیسی ڕانیە، نقیب ئیڤان عەزیز، بە هەمان شێوە بێ ئەنجام بوون.

دادوەر نەورۆز محیەدین، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەو لیژنە فەرمیەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکە پێکهێندرابوو، ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکا بداتەوە. ئەو ڕایگەیاند لەسەر بابەتە یاساییەکان لێدوان بۆ ڕاگەیاندەکان نادات.

بەڵام دادوەر عومەر ئیبڕاهیم پێچەوانەی لێدوانەکەی هەفتەی ڕابردووی بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، "بکەری سەرەکی کە ئەو کارەی کردووە تاکو ئێستا ناسنامەکەی دیار نییە و خەریکی کۆکرنەوەی بەڵگەکانین."

دادوەرەکەی ڕانیە ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بدات و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە "هەرشتێک لەسەر ئەو بابەتە باسبکرێت بۆ ڕاگەیاندن لەوانەیە زیان بەلێکۆڵینەوە بگەیەنێت."

پێشتر، چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە، ئەنجومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند کە موراد کانی کوردەیی داواكراو بووه‌ و له‌كاتی جێبه‌جێكردنی بڕیاری ده‌ستگیركردنی رووبەڕووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بووه‌ته‌وه‌."
ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند کە لە ڕووبەڕوبونەوەکەدا کارمەندێکی ئەمنی بەناوی شامل زرار ئیسماعیل گیانی لەدەستداوە و سێ كه‌سی تر برینداربوون.
بەڵام فەرمان کانی کوردەیی ئەو تۆمەتانەی دژ بە براکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە پێشتر هیچ فرمانێکی دەستگیرکردن بۆ موراد کانی کوردەیی نەبووە.
فەرمان کانی کوردەیی ڕایگەیاند، "شەهید موراد عەمیدی پۆلیس بووە. بەڕێوبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی ڕاپەڕین بووە. ئەوە گریمان فرمانی دەسگیرکردنیشی هەبێت، هەرچەندە نەیبوو، ئەوە دەبێت بە ڕێکاری یاسایی خۆی فرمانی دەستگیرکردنەکە بەدەستی بگات و بۆ خۆی بچێتە بەردەم دادگا. ئەو کەسێکی ئاسایی، هاوڵاتییەک، نەبوو.... بە دڵنیاییەوە هیچ فرمانێکی دەستگیرکردنی نەبوو وە هیچ کێشەیەکی نەبوو. تاکە شت ڕای جیاواز بوو...لەسەر بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی."

پێشتر چەندین سەرچاوە ڕووداوەکەیان گرێدابوو بە ناکۆکی نێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، وە نزیکی موراد کانی کوردەیی لە لاهور تاڵەبانی.

دەنگی ئەمەریکا ناتوانتێت سەربەخۆ ئەم دەنگۆیە پشتڕاستبکاتەوە، بەڵام لاهور تاڵەبانی لە ڕاگەیەندراوێکی گشتیدا ڕۆژی 26/11/2021 سەبارەت بە ڕووداوەکە گووتی، "[یەکێتی] ڕۆژانە کادیرە هەرە پێشکەوتوو سەربازی و سیاسییەکانی خۆی دەستگیر و تیرۆر دەکات، باشە پێم ناڵێن لە کوێی مێژووی حزبایەتیدا لە سەرتاسەری ئەم جیهانەدا ڕوویداوە کە حزبێکی سۆشیال دیموکرات بە پیلان و پیلانگێڕی، لە پێناو ئەجندای ئیقلیمی و حزبی تردا، کادیری خۆی تیرۆر بکات کە سێ برای شەهیدی سەربەرزی یەکێتیی بن؟"

هەفتەیەک دوای ڕاگەیەندراوەکەی، لاهور شێخ جەنگی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە پرسەی کانی کوردەیی دەردەکەوێت و دەڵێت، "چۆن دەبێت ئاوا بێوەفابین بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و لە پێناو پلە و پۆست و ویستی شەخسی، دەست بدەینە ململانێیەکی سیاسیی ناشەریفانە و دەستمان سووربێت بە خوێنی هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆمان و هەرچی لەگەڵمان نەبوو یان بە دڵی ئێمە نەبوو، هەڵبکوتینە سەری و بە تۆمەتی بێبنەما و ناڕەوا دەستگیریان بکەین و کادری یەکێتیی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا تیرۆر بکەین."

موراد کانی کوردەیی
موراد کانی کوردەیی

موراد کانی کوردەیی لە 31/7/1972 لە کانی کوردەی سەر بە قەزای کۆیە لە دایکبووە و ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا و بەکالۆریۆس لە کۆلیژی پۆلیسی قەلاچوالان بووە، وە خوێندکاری ماستەر بوو لە یاسای گشتی. بنەماڵەکەی دەڵێن لە ‎ساڵی 1987 لە تەمەنی 15 ساڵی پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی یەكێتی کردووە، وە لەساڵانی دواتردا دەیان پۆستی سەربازی و یاسایی وەرگرتووە.

خانەوادەکەی، کە زۆربەیان لە شاری کۆیە دادەنیشن، نزیک 100 خێزان دەبن و پێشتر بە نزیکیان لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ناوچەی پشدەر و بیتوێن ناسرابوون.
بە وتەی بنەماڵەکە، سێ لە براکانی کانی کوردەیی پێشتر لە ڕیزەکانی یەکێتی گیانیان لەدەستداوە بەم شێوەیە: جەمال کانی کوردەیی ساڵی 1976 لە ڕووبەڕوبونەوەیەکی هێزەکانی یەکێتی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا کوژراوە؛ هاشم کانی کوردەیی لە ساڵی 1978 بە هەمان شێوە لە لایەن بەعسەوە کوژراوە؛ وە جەلال کانی کوردەیی لە ساڵی 1994 لە شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی گیانی لەدەستداوە.

فەرمان کانی کوردەیی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بارودۆخی دەروونی بنەماڵەکەمان بەگشتی زۆر ناجێگیرە چونکە لەدەستدانی کەسێکی مەزنی بنەماڵەکەمان بە غەدر کەلێنێکی گەورەی لە ناوماندا دروستکردووە بەڕاستی کە زۆر ئەستەمە هەروا بە ئاسانی پڕ ببێتەوە...هیچ شتێک نەماوە بەسەرمان نەیەت لەسەر ئەو حزبە؛ بەڵام داخەکەم پاداشتەکەیان داینەوە. سوپاسیان دەکەین."

ئەو ئاماژەیدا کە پێشتر "لە ڕێگەی چەندین لایەن و کەسایەتییەوە" هەوڵدراوە کە ڕووداوەکە دوور لە یاسا چارەسەربکرێت و "حەل و فەسڵێک" بکەن، بەڵام ئەوان دانیشتنیان لەسەر ئەو بابەتە ڕەتکردۆتەوە.

فەرمان بە هەنسکی گریانەوە گووتی، "دوای کاکم باکم بە هیچ شتێک نییە، کاکم بۆ من هەموو شتێک بوو، سایەو سێبەر بوو."

XS
SM
MD
LG