Accessibility links

دوو گەنجی تری تەمەن 16 ساڵان لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە دەکوژرێن


لە دەستەڕاستەوە، ڕەزا کازمی و ماهەک هاشمی
لە دەستەڕاستەوە، ڕەزا کازمی و ماهەک هاشمی

بە پێی زانیارییەکان کارمەندانی ئاسایشی و جێبەجێ کردنی یاسا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو گەنجی تەمەن 16 ساڵان لە کامیاران و شیراز.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ڕەزا کازمی، خەڵکی شارۆچکەی موژی سەر بە کامیاران، ڕۆژی یەکشەممە پاش ئەوەی بۆ ماوەی شەش ڕۆژ لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سەنە مابووەوە، گیانی لەدەست دا.

پێشتر وێنەکانی لە نەخۆشخانەوە بڵاو کرابوویەوە و ڕاگەیەندرابوو کە باری تەندروستی ناجێگیرە.

ڕەزا کازمی لەکاتی خۆپیشاندانەکانی هەفتەی ڕابردوو، لە دەوروبەری کامیاران، بە گولەی ڕاستەقینە بریندار کرا.

هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕەزا کازمی بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە پاش ئەوەی تەقەی لێکراوە لە کەنار شەقامێکدا کەوتووە.

ڕۆژی یەکشەممە گیان لەدەستدانی منداڵێکی دیکە پشتڕاستکرایەوە. ناوەندی هاوبەندی مافی مرۆڤی کەمینەکان لە ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ماهەک هاشمی ڕۆژی پێنجشەممە، لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێمەوە بە تێڵا هێرشی کراوەتە سەر و بەهۆی برینەکانی گیانی لە دەستداوە.

پاش وەرگرتنی پارەیەکی زۆر تەرمەکەی ڕادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە و هەروەها بنەماڵەکەی لە ژێرفشارێکی زۆردان تا زانیاری لەسەری بڵاو نەکەنەوە.

شایەتحاڵێکی کە بەچاوی خۆی تەرمی ماهەکی بینیوە دەڵێت، لایەکی سەری زیانی بەرکەوتبوو و نیوەی دەموچاوی بە تەواوەتی شین و مۆر بووبووەوە.

پشتڕاستکردنەوەی گیان لەدەستدانی ئەو دوو نەوجەوانە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 60 گەنجی ژێر تمەن 18 ساڵان لە ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا کوژراون.

ڕێکخراوی مافی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کوشتنانە شەرمەزار دەکات.

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە 16 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکرد، لەو کاتەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی سەقز لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە تاران دەستبەسەرکرابوو، کوژرا. ئەم خۆپیشاندانانە گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییە لە ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.

XS
SM
MD
LG