بریندارانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دەڵێن نیگەرانن لە کەیسی ئەو بریندارانەی کە چاوەڕێی چارەسەرکردن دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرواری 30/ 11ی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوەیەگرتووەکانەوە بە ڕۆژی قوربانیانی چەکی کیمیایی لە جیهانداندا ناسراوە.
بریندارانی هەڵەبجە دەڵێن لەدوای کیمیابارانی هەڵەبجەوە حکومەتی هەرێم نەخۆشخانەیەکی تایبەتمەندی کردووەتەوە، بەڵام کەرەستە و پزیشکی پسۆڕی بۆدابین نەکردووە بۆیە بەناچاری بریندارەکانی چەکی کیمیایی بە پارەی خۆیان ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ دەکەن بەمەبەستی چارەسەرکردن .
لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن حکومەتی بەعسەوە لە پارێزگای هەڵەبجە و چەند ناوچەیکی دیکەی هەرێم هەزاران خەڵک گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەشیان بەهۆی کاریگەریەکانی ئەو جۆرە چەکەوە، توشی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی بوون.
لەبەردەم بینای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە کۆبوونەویەکی ناڕەزایەتیدا لوقمان عەبدالقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەمە لە چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی و ئەو نەخۆشخانەیەی کە لەهەڵەبجە کراوەتەوە بەشێک لە ئامێرەکانی لەبری قەرز براون لەلایەن بەڵێندەرەکانەوە. ئەوانەشی چوونەتە دەرەوە بۆ چارەسەر بەهۆی کەمی بودجەی چارەسەرکردنیانەوە سودێکی ئەتۆیان وەرنەگرتووە. "
هاوکار سابیر بریندارێکی چەکی کیمیاییە کە بەشێکی زۆر لە سیەکانی بەکاریگەریەکانی چەکەکە لە دەستداوە. لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " من بە بەپارەی خۆم بەردەوام دەچمە دەرەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و ژیانم لە دۆخێکی خراپدایە و پێویستیم بەچاندنەوەی سیەکان هەیە، بەکاریگەریەکانی چەکی کیمیاییش توشی نەخۆشی دەروونیش بووم ".
حاجی ئیبراهیم، بریندارێکی تری چەکی کیمیاییە لە هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، " لەدوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992وە نەتوانرا بەخێرایی چارەسەربکرێن ئەوکاتە چووینەلای پزیشکەکان پێیان وتین درەنگ هاتوون، لەدوای ساڵی 2014 شەوە نەمان توانیوە بچینە دەرەوە ، ئێستا کەیسی چارەسەرکردنیی بریندارانی چەکی کیمیایی لە وەزارەتی شەهیدانەوە گواستراوەتە بۆ وەزارەتی تەندروستی ئەمەش وایکردووە دۆخمان بەتەواوەتی خراپ بووە".
لەدوای کیمیبارانی هەڵەبجەوە 117 هاووڵاتی بەهۆکاری کاریگەریەکانی چەکی کیمیایی گیانیان لەدەستداوە. ئێستا نزیکەی 700 برینداری چەکی کیمیایی لەهەرێمی کوردستاندا هەن ، کە چارەسەری سروشتی و دەروونی و چاو و پێست بەبەردەوامی وەردەگرن و هەندێکی دیکەشیان لە ڕێگەی ئامێری ئۆکسجینی دەستکردەوە هەناسە دەدەن.
د. ئازاد مستەفا قادر، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا هاوکاری نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایین. ئێستا 64 برینداری چەکی کیمیایی کە پێویستیان بە نەشتگەری گلێنەی چاو هەیە بەهۆی خەرجنەکردنی پارە لەلایەن حکومەتەوە بۆ نەشتەرگەریەکانیان مەترسی لەسەر لەدەستدانی چاوەکانیان هەیە."
حکومەتی عێراق لەسەردەمی سەدام حسێن سەرۆکی ئەوکاتی عێراق لە 15-4-1987 بۆیەکەم جار چەکی کیمیایی لە دژی هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە کە ناوچەکانی سۆران و ڕەواندز و دوکان و ناوچەکانی مەرگە و پشدەری گرتەوە. لە ساڵی 1987 ناوچەکانی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی کیمیباران کرد و لە 17-9-1987 ناوچەکانی بادینانیش بە چەکی کیمایی بۆردومان کرد و لە 16-3-1988 هەڵەبجەی بە چەکی کیمایی بۆدومانکرد کە بەپێی ئامارەکان 5 هەزار هاووڵاتی لە هەڵەبجە گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون. لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیبارانی هەڵەبجە، 516 کەسی تر مامەڵەی گیان لەدەستدانیان بە چەکی کیمیایی بۆکراوە.
هاوکات لەسەر داواکاری خەڵکی هەڵەبجە، لە نێوان ساڵانی 2003-2010 ، دادگای تاوانەکانی عێراق دوای بینینی بە ڵگە و دۆکیومێنتەکان دواجار لە ساڵی 2010 کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساندووە. بەڵام حکومەتی ئێستای عێراق کە لەڕووی یاساییەوە میراتگری حکومەتی پێشوویەتی هیچ قەرەبوویەکی زیانلێکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە نەکردووەتەوە.
سەرەڕای حکومەتی عێراق، پەڕلەمانی کەنەدا ساڵی 2010 کارەساتەکەی بە "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" ناساند.
عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیاوی، کە بەرپرسێکی سەرەکی حکومەتی عێراق بوو لە ئەنجامدانی تاوانەکە سەرەتای ساڵی 2010 لە سێدارە درا.