حزب و لایەنە تورکمانییەکانی کەرکوک، کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140 ی دەستور لەلایەن حکومەتی نوێی عێراقەوە ڕەتدەکەنەوە، کە خواستی حزب و لایەنە کوردییەکانە، هۆشداریش دەدەن لەوەی جێبەجێکردنی ئەو مادەیە، دۆخی ئەمنی پارێزگاکە تێکدەدات. ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش، لایەنە تورکمانییەکان بە شکستخواردوو وەسفدەکات.
ڕۆژی شەممە، حزب و لایەنە تورکمانییەکانی کەرکوک و عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، جێبەجێکردنی مادەی 140 ی دەستوری عێراقییان ڕەتکردەوە، داوایان لە هێزە عێراقییەکان کرد، لەسەر ئەم پرسە ڕێککەوتنی نهێنی ئەنجام نەدەن.
قەحتان وەنداوی سەرکردەی بەرەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"مادەی 140 کێشەی کەرکوک چارەسەر ناکات، کێشەی کەرکوک بە ئیدارەی هاوبەش و ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان دێتە دی."
لە بەیاننامەیەکدا، کە حزب و لایەنە تورکمانییەکان بڵاویانکردووەتەوە و وێنەیەکی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، مادەی 140ی دەستوری عێراقییان بە شکستخواردوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک وەسفکردووە. ئاماژەشیان بە ڕاپۆرتێکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، گوایە ئەنجامدانی ڕاپرسی لە کەرکوک دەبێتە هۆی هەڵایسانی شەڕ لە نێوان پێکهاتەکان.
هەر لە بەیاننامەکەی حزب و لایەنە تورکمانییەکان دا، کە ڕۆژی شەممە بڵاویانکردووەتەوە، هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتییان بە پەراوێزخستنی پێکهاتەی تورکمان تۆمەتبارکردووە، کە ئەم هاوپەیمانێتییە لە لایەن هێزە شیعەکانی نەیاری سەدر و سونە و هێزە کوردییەکان پێکهێنراوە.
دەنگ هەڵبڕینی تورکمانەکان لە دژی مادەی 140 لەکاتێکدایە، لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە ساڵی 2014 ەوە پەکخراوە، بەڵام حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی و بە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد، بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەکەیداوە.
حەسیبە عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی کاروباری پێکهاتەکانی ئەو حزبە لە کەرکوک، لەبارەی نیگەرانی حیزب و لایەنە تورکمانییەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنها بە مادەی 140 چارەسەر دەبێت، بۆیە لیژنەی مادەی 140 کارا کراوەتەوە، ترسی تورکمانەکانیش نیشانەی شکستی سیاسییانە."
گوتیشی"جێبەجێکردنی مادەی 140 لەبەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانە، نەک تەنها کورد، نیگەرانی حزبە تورکمانییەکانیش لە نۆکەری کردنیانەوە بۆ تورکیا سەرچاوەی گرتووە."
مادەی 140 ی دەستوری عێراق، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نێوان هەرێم و عێراق دانراوە، دەبێت بە سێ قۆناغ مادەکە جێبەجێ بکرێت و کێشەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکانی پێ چارەسەربکرێ، قۆناغەکانیش بریتین لە، قۆناغی ئاساییکردنەوە، قۆناغی سەرژمێری و قۆناغی ڕاپرسی، بەڵام هێشتا هیچکام لە قۆناغەکانی جێبەجێنەکراوە.