دوابەدوای ڕێکەوتنی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، لەسەر پاراستنی سنورەکان بە هاوبەشی لەلایەن پاسەوانی سنورەوە، دەنگۆی داخستنی بارەگاکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، دەبێتە جێگەی باس، بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دوای جێبەجێکردنی جێگیرکردنی پاسەوانی سنورەکان بە هاوبەشی و کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان، لە قۆناغی دوەمدا، باس لە داخستنی بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکرێت، لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە، بەتایبەت، ئەو بارەگایانەی بۆ چالاکی و پەروەردەی سەربازی بەکار دەهێنرێن، لەو بارەیەوە بەرپرسێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت: ئەوان بەدەرلەوەی ئاگاداری ئەو دەنگۆیانە نین، ئەگەر بڕیارێکی بەوشێوەیەش بدرێت، پێوەی پەیوەست نابن.
نەوید میهراوەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران لە وەڵامی داخستنی بارەگاکانی حزبەکەیاندا دەڵێت " ئێمە ئیتیفاقێکمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە، کە هی ئێستاش نیە هی پێشترە، کە ئێمە خاکی هەرێمی کوردستان بەکار ناهێنین، بۆ ئەوەی کاری سەربازی بکەین لە ناوەوەی ئێران، بەو ئیتیفاقەی خۆمان پابەندین، هیچ جوڵەیەکی سەربازی و پێشمەرگانەمان لەو بارەیەوە نیە، هیچ شتێکی تازەگی لەبارەی داخستنی بارەگاکانمانەوە بە ئێمە نەوتراوە، نە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، نە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە."
هەر سەبارەت بەم بابەتە تا ئێستا نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە حکومەتی عێراقی وردەکاری ڕێکەوتنی هاوبەشی نێوانیان ئاشکرا نەکردوە، بەڵام نەوید میهراوەر دەڵێت ئێمە پەیوەندیەکی باشمان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆیە بۆیە بابەتەکە ئاڵۆزەو هەر بڕیارێک لەوە بارەیەوە، جێبەجێکردنی ئاسان نیە و دەشڵێت " ئێمە بنکەو بارەگاکانمان وەک پێشتریش وتومانە، بنەماڵەو خانەوادە و ژن و منداڵی تێدایە، بۆیە داخستنی کەمێک کارێکی ئاسان نیە، کارێکی موشکیلەیە، بەڵام ئەگەر هاتوو حکومەتی عێراقی گوشاری وای خستە سەرمان، بە ئاسانی مل نادەین و حازر نین بۆ ئەو کارە، وە ڕێگە چارەی مەدەنی و نێو نەتەوەیی دەگرینە پێش بۆ ئەوەی بەرگری لە خەڵکەکەی خۆمان بکەین."
دەربارەی وردەکاری ئەو ڕێگایانەی دەیگرنە بەر، لە ئەگەری ناچارکردن یان سەپاندنی بڕیارێکی لەو شێوەیەدا، ئەو بەرپرسە ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان قایمترین شوێن بۆیان دڵی کوردانی ئێرانە، و ئامادەن مەنزڵی کاری سیاسی و سەربازیان ببەنەوە ئێران و دەڵێت " ڕوو دەکەینە چیاکانی کوردستان، ئەگەر بیانەوێ کەمپەکانمان لێ دابخەن، ناتوانن چیاکانی کوردستانمان لێ بگرن، ئێمە هەوڵ دەدەین لەوێ بمێنینەوە، وە درێژە بەکاری خۆمان بدەین، لەبەر مەوقعیەت وبەرژەوەندی خەڵکی باشورو حکومەتی هەرێم، ئێمە هەندێک کاروباری خۆمان وەلاوە ناوە، وەک هەڵسوڕانی پێشمەرگانە و کاروباری سەربازی، ئەگەر گوشاری وامان بێتە سەر دەست دەدەینەوە بەوکارانە."
دوای هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکەو بارەگاکانی حزبەکان ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و دوبارەبوونەوەی بۆچەند جارێک، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕایانگەیاند، ڕیکەوتنێکی هاوبەشیان کردوە بۆ بەڕیوەبردنی سنورەکان بە هاوبەشی و بۆ ئەمەش چەند لیوایەکی هاوبەش پێکدەهێنن و هەر لەو چوارچێوەیەشدا چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن بەشێکی تری ڕێکەوتنی نێوانیان فشارخستنە سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانە بۆ ڕاگرتنی چالاکیە سەربازیەکان و تەنانەت داخستنی بارەگاکانیشیان لە ناو خاکی هەرێمدا، بۆ پارێزگاریکردنی هەرێم لە هێرشەکانی ئێران.
بەپێی بەشیک لە میدیا عێراقیەکان، لە ڕێکەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، هەنگاوی دووەم داخستنی بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانە، بەڵام یەکێک لە بەرپرسانی حزبی کۆمەڵە دەڵێت ئێمە پێوەی پەیوەست نابین و ئەگەر ناچاربکرێن پەنا دەبەنە بەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.