ڕۆژی دووشەممە بە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی شاری وان، خۆپیشاندانێک ڕێکخرا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان پێنەدا بە لانیکەم 48 کەسیان دەستگیرکرد.
هەدەپە و ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوی کوردی بە مەبەستی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەوڵیان دا خۆپیشاندان لە شەقامەکانی ناوەندی شار ئەنجام بدەن.
ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان هەر لە سەرلەبەیانییەوە لە شوێنی خۆپیشاندانەکە بە زرێپۆشەوە وەستان. بەهۆی قەدەغەکردنی خۆپیشاندانەکان لەلایەن پارێزگاری وانەوە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕاگەیەندرابوو، پۆلیس ڕێگەی بە خۆپیشاندانەکە نەدا.
هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە بریتی بوون لە بەدران ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە، سازای تەمەلی، موراد ساریساچ، موعەزەز ئۆرهان، حوسێن کاچمارز، سەعید دەدە، حەسەن ئۆزگونەش و ئەنجومەنی دایکانی ئاشتیشیان لەگەڵدا بوو.
هاوکات ئەو هاووڵاتیانەش کە دەیانویست بەشداری چالاکییەکان بکەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا. لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکەدا، هێزە ئەمنییەکان چەند جارێک هێرشیان کردە سەر ڕۆژنامەنووسان و ڕێگەیان پێنەدەدان وێنە بگرن.
بەگوێرەی ئاماری هەدەپە، تا ئێستا 48 کەس دەستگیرکراون کە هاوسەرۆکەکانی ڕێکخراوی هەدەپە لە وان، هاندان کاراکۆیون و شەنگول پۆڵاتیشی تێدایە.