پرسی نەوت و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم، یەکێکە لەو پرسانەی وەفدی هەرێمی کوردستان و بە غدا گفتووگۆی لەبارەوە دەکەن، هەرچەندە ڕێککەوتن لەسەر ئەم پرسە بە قورس دەزانرێت، بەڵام چاودێران دەڵێن، باشترین دەرفەت بۆ هەردوولا هاتووەتە پێش تا ڕێککەوتنی کۆنکرێتی ئەنجام بدەن.
کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، ئامادەیی بۆ ڕێککەوتن لەسەر کۆی کێشەکان نیشانداوە لەگەڵ هەرێم، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەسەر ئەنجامدانی ڕێککەوتن دەکەنەوە، گەر گەرەنتییان پێبدرێت و کێشەکان لە ڕەگەوە چارەسەر بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێکی هەرێم لە بەغدایە.
شوان محەمەد رۆستەم، پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتن دا لەسەر یاسای نەوت و گاز، ئامادەی هەموو جۆرە ڕێککەوتنێکە لەگەڵ عێراق."
دۆسیەی نەوت، بە گرنگترین کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا دادەنرێت، بەو پێیەی عێراق دەرهێنان و فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێم بە نایاسایی ناو دەبات، هەرێمیش ئەو کارە بە مافی خۆی دەزانێت و ڕەتیدەکاتەوە پێچەوانەی دەستوری عێراق بێت.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ چەندین کۆمپانیایی بیانی هەیە بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتەکەی، بەڵام دادگای فیدراڵی عێراق پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە یاسایی و نادەستوری ناوبردووە، چەندین کۆمپانیاش لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە.
لە ئێستادا هەرێم و بەغدا کە نیازی گفتووگۆ و ڕێککەوتنیان هەیە لەسەر پرسی نەوت، هەموو ئومێدێکیان لەسەر دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵچنیووە، تا کێشە یاساییەکانی نێوانیانی پێ چارەسەر بکەن، گەر ڕێبکەون.
محەمەد حسێن، بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکارییە ئابورییەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هەرێم ئامادەی ڕێککەوتنە لە گەڵ عێراق لەسەر نەوت، بەو مەرجەی لایەنی سێ یەم لە نێو ڕێککەوتنەکەدا هەبێت، گەرەنتی دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بکرێت و لایەنی سێ یەم ئیدارەی ئەو حساب بانکییە بکات کە پشکی هەرێمی تێدەچێت، گەرەنتی ئەوەش بکات تێکچوونی پەیوەندی سیاسی، کاریگەری لەسەر پشکی هەرێم نەبێت لە بودجەدا."
وتیشی"مەرجێکی تری هەرێم پێدانی شایستەی دارایی کۆمپانیاکان و دانەوەی بڕێکی ئەو قەرزانەیە لەسەر هەرێم کەڵەکە بووە لەلایەن عێراقەوە، ئەم مەرجانە قورسن، بەڵام عێراق پارەی زۆرە و ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ ڕێککەوتنی نێوانیان."
لە ڕۆژی 6 ی ئەم مانگە، دادگای کەرخی بەغدا دانیشتنێکی یاسایی بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر کۆمپانیای دانەگاز و گاز پرۆم ئەنجامداوە، بەڵام پارێزەری وەزارەتی نەوتی عێراق داوای دواخستنی دانیشتنەکەی کردووە، بە بیانووی ئەوەی گفتووگۆی سیاسی لە ئارادایە، ئەمەش بە پێی وتەی سەرچاوەیەک لە ناو دانیشتنەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەیە بۆ نیەتی ڕێککەوتن.
دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز، کێشەی مادەی 140 و زۆرێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەشێکن لە کارنامەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، کارنامەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگی لەسەر دراوە و بەرگێکی یاسایی کراوەتە بەری.
کەریم شکور، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، پێیوانییە ئەوەی لە کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی دا هاتووە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، چونکە کارنامەکەی خاڵی قورسی زۆر تێدایە و بەربەستەکانیش زۆرن، وتی"کێشەی بودجە و چارەسەرکردنی پرسی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا، بە گفتووگۆی سیاسی یەکلایی دەکرێتەوە."
کەریم شکور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"گواستنەوەی موچەی مامۆستایانی بەشی کوردی لەکەرکوک و گواستنەوەی موچەی شەهیدانی ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ سەر عێراق، لەوانەیە کارێکی ئاسان بن."
گەر هەرێم و بەغدا لەسەر کێشەکانی نێوانیان ڕێکبکەون، عێراق دەبێت هاوشێوەی پێش ساڵی 2014 شایستە داراییەکانی هەرێم بدات، کە بە پێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان ی عێراق، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم 14% ی کۆی دانیشتوانی عێراقە، بەم پێ یە هەرێم پشکی 14%ی بودجەی بەردەکەوێت.
شوان محەمەدی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی عێراقی پارتی، دەڵێت"گەر ئەجێندای سیاسی لە ئارادا نەبێت و گەرەنتی بدرێت، هەرێم ئامادەی ڕێککەوتنە، بەڵام گەر بیانەوێت دۆسیەی نەوتی هەرێم ببەن و گرێبەستەکان هەڵبوەشێننەوە، دواتر هیچ کارتێک بەدەست هەرێمەوە نەمێنێت و بودجەکەی ببڕن لە پێناو تەسلیم بوون دا، هەرێم بەمە ڕازی نابێت."
جەختیشیکردەوە" ساڵی 2014 کاتێک عێراق بودجەی هەرێمی بڕی، هەرێم بە داهاتی نەوت و سەرباری ئاستەنگەکانی لەبەردەمی، توانی خۆی بژێنێت، خۆ گەر نەوت نەبایە، جگە لە تەسلیم بوون، هیچ کارتێکی ترمان بەدەستەوە نەبوو، ئێستاش هەرێم هیچ گرفتێکی نییە، نەوت دەفرۆشێت و داهات و موچە دابین دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەی ڕێککەوتنە."
بەڕای بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکارییە ئابوورییەکان، گەر هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت بگەنە ڕێککەوتن، دەتوانرێت کۆمپانیای نەوتی "کوردستان" دروست بکرێت، کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق بێت و سەرپەرشتی و چاودێری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بکات. گەر مافی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەش پارێزراو بن لە هەر ڕێککەوتنێکدایە، کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، ئەوانیش سودمەند دەبن، چونکە قازانجی پشکەکانیان بەرز دەبێتەوە و نەوتەکەش بە نرخی گرانتر دەفرۆشن.