Accessibility links

یەکگرتووی ئیسلامی: پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی بەبێ یەکتری، ناتوانن سەرکەوتووانە هەرێم بەڕێوەبەرن


سەڵاحەدین بابەکر
سەڵاحەدین بابەکر

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی نێوان وەفدی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی لە شاری هەولێر، کارگێڕێکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ناوەڕۆکی گفتووگۆی نێوانیان بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، یەکێتی و پارتی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی بەبێ یەکتری، ناتوانن سەرکەوتووانە هەرێم بەڕێوەبەرن.

ئەمڕۆ چوارشەمە، وەفدی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامییان کرد لە شاری هەولێر و لەلایەن سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی ئەو حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لە کاتێکدا ڕۆژی دووشەمەی ڕابردووش، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەسەر کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و دۆخی هەرێم، لەگەڵ سەڵاحەدین بەهائەدین گفتووگۆی کردبوو.

سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی سەردانی وەفدی پارتییەوە بۆ لایان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"وەفدی پارتی باسیان لەوەکرد لە دوای کۆنگرەی حیزبەکەیانەوە، بڕیاری هەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ و پێداچوونەوەیان داوە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان."

وتیشی"ڕاشکاوانە بە وەفدی پارتییمان وت، کێشەکانتان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکەن، چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی."

ڕۆژی دووشەمەی ڕابردوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش، سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کرد و لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە کۆبوویەوە، لەو بارەیەوە سەڵاحەدین بابەکر وتی"ئەمینداری یەکگرتوو بە قوباد تاڵەبانی ڕاگەیاند، پێویستە کێشەی نێوانتان لەگەڵ پارتی چارەسەر بکەن، تا لەوە زیاتر گرفت و قەیران بۆ خەڵک دروست نەبێت، لەبری ململانێ، خزمەتگوزاری بۆ خەڵک فەراهەم بکەن."

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی نێوان وەفدی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی، مەحمود محەمەد وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"لەگەڵ یەکگرتوو هەوڵماندا گوێ لە تێبینی یەکتری بگرین، چۆن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە و یەکێتی و پارتی وەکو دوو حیزبی نزیک لە یەکتری بمێننەوە."

سەڵاحەدین بابەکر کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی نەیشاردەوە، یەکێتی و پارتی گلەییان لەیەکتری هەبووە، وتی"پێمانوتن، ئێمە وەکو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن حەز دەکەین کێشەی نێوانتان چارەسەر بکەن، چونکە خەڵکی کوردستان باجی ئەم بارودۆخە دەدات."

سەبارەت بەوەی هیچ ئیرادەیەکی سیاسییان بەدیکردووە لە وەفدی پارتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی نێوانیان لەگەڵ یەکێتی، سەڵاحەدین بابەکر وتی"هەردوولایان گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی ناتوانن بێ یەکتری، ئیدارەیەکی سەرکەوتووانەی هەرێم بدەن، بەرژەوەندییان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیانە، بەڵام ماوەتەوە سەر ئەوەی چۆن لە کۆبوونەوەی نێوانیان ئەم ئیرادەیە بۆ کردار تەرجەمە دەکەن."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەڵاحەدین بابەکر کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی ڕوونیکردەوە، جنین پلاسخارت ی سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەندین جار داوای کۆتایی هێنانی بە زۆنی زەرد و سەوز کردووە، وتی" پلاسخارت دوای سێ کۆبوونەوە، نەیتوانی یەکێتی و پارتی قەناعەت پێ بکات، هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدەن و تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە، ئەمەش پلاسخارت ی نیگەران کردووە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:12 0:00

XS
SM
MD
LG