زیادکردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان هەبووە، بەو پێیەی ئەو کاڵایانەی لە وڵاتی چینەوە و بە ڕێگەی بەندەر عەباسی ئێراندا هاوردەی هەرێم دەکرێن، نرخەکانیان گرانبووە.
بەپێی وتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی پێداویستییە کارەباییەکان، پێداویستی بیناسازی و جوانکاری و زۆر کاڵای تر، لە وڵاتی سینەوە هاوردەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێم دەکرێن، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران، ئەو کەشتییانەی ئەو کاڵایانە بە ڕێگەی ئاویدا دەگەیەننە ئێران نرخیان گران کردووە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران، لە بەندەر عەباس کە کاڵای چینی لێوە دەگوێزرێتەوە بۆ هەرێم و عێراق، گرفت دروستبووە، بارەکان گواستراونەتەوە بۆ دەروازەکانی تری عێراق و بازرگانە کوردەکان زەرەرمەند بوون."
ئەو کەشتییانەی کاڵای چینی بە ڕێگەی ئاوی دەگوێزنەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران نرخی گواستنەوەیان گرانکردووە، ئەمەش وایکردووە نرخی کاڵاکان لەسەر بازرگانەکان زیاتر بکەوێت، پێچەوانەی جارانیش کە لە ڕێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە کاڵاکان هاوردەی عێراق دەکران، ئێستا بارەکان زیاتر لە بەسرەوە دەهێنرێنە عێراق.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، دەڵێت"نزیکترین خاڵ بۆ هاوردەکردنی کاڵای چینی بۆ هەرێم بەندەر عەباسی ئێرانە، ئێستا بارەکان لە بەندەر عەباسەوە دەبرێنە بەسرە، چونکە لەوێوە تێچووی کەمترە و کەمتر لەسەر بازرگانەکان دەکەوێت."
سەبارەت بە جیاوازی نێوان دەروازەکانی عێراق و هەرێم بۆ هاوردەکردنی کاڵا چینییەکان، سیروان محەمەد وتی"حکومەت زۆر نەیتوانیووە باڵادەست بێت بەسەر گومرگەکانی بەسرەدا، بارەکان کەمتر گومرگ دەکرێن، حکومەتی هەرێمیش ڕازی نییە بە ئەورواقی بارەکان کە دەهێنرێن و ئەوراقەکان تەواو نین، بۆیە جارێکی تر بارەکان گومرگ دەکاتەوە، ئەمەش زۆر لەسەر بازرگان دەکەوێت."
ڕوونیشیکردەوە، گواستنەوەی بارەکان لە دەروازەکانی هەرێمەوە بۆ دەروازەکانی عێراق وایکردووە بازرگانی لاواز ببێت و داهاتی حکومەتیش کەمتر ببێتەوە، بازرگانەکان کاڵاکانیان لە خوارووی عێراق دابنێن، چونکە بازرگانییەکە بۆ تەواوی عێراقە نەک تەنها هەرێم، وتی"گومرگ کردنەوەی ئەو بارانەی لە بەسرەوە دەهێنرێن لەلایەن هەرێمەوە، تا ئاستێک بازرگانی وەستاندووە."
بە پێی وتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، گرانبوونی نرخ، خواستی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان کەمتر کردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەرز بوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی، جۆرێک لە ناسەقامگیری لە بازاڕەکان دا دروستکردووە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی باسی لەوەشکرد، پێشتر شاری سلێمانی بووبووە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی بۆ تەواوی عێراق، چونکە جوڵەی بازرگانی زۆر بوو، بازرگانەکان وەکالەتەکانیان وەرگرتبوو، لە کاتێکدا ئێستا بازرگانی ڕاوەستاوە و بازرگانەکانیش زەرەرمەند بوون، وتی"دەبێت حکومەت بەرنامەی هەبێت بۆ بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی."