Accessibility links

لە سەرەتای ساڵی 2022وە تا ئێستا 310 ژن لە تورکیا کوژراون



لە بیست ساڵی ڕابردوودا توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان لە تورکیا زیادی کردووە. لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا 310 ژن کوژراون و ژمارەیەکی زۆر لە ژنانیش بوونەتە قوربانی توندوتیژی پیاوان.

پارێزەر ئیلکە ئیشک کە لێکۆڵینەوە لە دەستدرێژی و کوشتنی ژنان دەکات، ئەم ڕێژەی کوشتنانە بە مەترسیدار دەزانێت و دەڵێت "کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا بووەتە شتێکی ئاسایی."

پلاتفۆڕمی "با واز لە کوشتنی ژنان بھێنین"، ڕاپۆرتێکی لە مانگی یازدەدا 2022 بڵاوکردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە دەکرێت کە لەم مانگەدا 310 ژن کوژراون.

لە نێو ئەو 30 ژنەدا، 13 ژن لەلایەن مێردەکانیانەوە کوژراون، ژنێک لەلایەن مێردەکەی پێشوویەوە، 4 ژن لەلایەن خۆشەویستەکانیانەوە، 3 ژن لەلایەن کەسوکاریانەوە، 1 ژن لەلایەن براکەیەوە، 2 ژنیش لەلایەن ناسیاوەکانیانەوە کوژراون. زۆربەی ئەو ژنانەش لە ماڵەکانی خۆیاندا کوژراون.

بەپێی داتاکان دوای کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژنان، کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە.

پارێزەر ئیلکە ئیشک ماوەیەکی زۆرە لێکۆڵینەوە لە کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان دەکات. زیاتر کار لەسەر هۆکارەکانی ئەم کوشتنانە دەکات چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی یاساییەوە.

ئیشیک بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لەم کوشتن و توندوتیژیانەی دژی ژنان کرد و هۆکاری ئەم کوشتنانە بە سیاسەتی تورکیاوە دەبەستێتەوە و دەڵێت:

"توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە ئێستادا ڕاستیەکی ترسناکە لەم وڵاتەدا." هەرگیز کۆتایی نایەت، بەڵکو زیاد دەکات. لە بنچینەی ئەم کوشتن و توندوتیژیانە بەرامبەر بە ژنان، بەکارهێنانی دەسەڵات سیاسی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە شەقامەکانی ئەنقەرەدا ڕووبەڕووی توندوتیژی دژی ژنان بووینەوە. لە ڕاستیدا حکومەت یان ئەمە نابینێت یان نایەوێت بە هیچ شێوەیەک باسی لێوە بکات."

ئیشیک سەرنج بۆ ژنانی کوردیش ڕادەکێشێت و دەڵێت "لە تورکیا بە گشتی ژنان گۆشەگیر دەکرێن، بەڵام ژنێکی کورد بەهۆی هەندێک جیاکارییەوە زیاتر گۆشەگیر دەکرێت". ئێمە دەزانین کە ژنان بەهۆی کورد بوونەوە تووشی دەستدرێژی و ئاستەنگی زۆر بوون. کە کورد بیت یەکسەر پەراوێز دەخرێیت و بەربەستی زۆر دێتە بەردەمت. لە زیندانەکاندا زۆر باش دەبینین کە ڕووبەڕووی چەندین نادادپەروەری دەبنەوە."

هەرچەندە ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئاماژە بە زیادبوونی توندوتیژی و کوشتن دەکەن، بەڵام وەزیری خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی خێزان، دێریا یانیک، ڕایدەگەیەنێت کە کەمبوونەوەی کوشتن و توندوتیژی هەبووە. یانیک ڕاپۆرت دەکات کە لە ساڵی 2021دا 309 ژن کوژراون، لە 10 مانگی ساڵی 2022دا 225 ژن کوژراون. بە گوتەی یانیک، بەڕێژەی لەسەدا 7 کوشتنی ژنان کەمی کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:18 0:00

XS
SM
MD
LG