خەریکە کۆمپانیای گاز پرۆمی ڕووسی لە لێدانی بیرە نەوتێکی گەورە لە ناوچەی گەرمیان شکست دەهێنێت، بەهۆی ئەوەی بیرە نەوتییەکە نەگەیشتووەتە ئەو بڕە نەوتەی کۆمپانیاکە پێشبینی بۆ کردووە، لە کاتێکدا بڕێکی زۆر پارە لە لێدانی بیرە نەوتییەکەدا خەرج کراوە.
لە مانگی حەوتی ئەمساڵەوە، کۆمپانیای گاز پرۆم سەرقاڵی لێدانی بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنجە لە ناوچەی گەرمیان، ئەم بیرە نەوتییە دەکەوێتە گوندی ملە سورەی سەربە ناحیەی سەرقەڵای قەزای کفرییەوە، بەڵام سەرباری بوونی گازێکی زۆر، بیرە نەوتییەکە نەگەیشتووەتە بڕی نەوتی پێویست.
تەها ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ڕێکارەکانی لێدانی بیرە نەوت بە پێنج قۆناغ دا تێپەڕ دەبێت، بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنج، سێ قۆناغی بڕیووە، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو کە پێشبینی بۆ دەکرا."
بەپێی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنج کە خەریکە دەرهێنانی نەوت تێیدا شکست دەهێنێت، بڕێکی زۆر پارەی تێدا خەرجکراوە و بڕی پارەی خەرجکراو، بە نزیکەی 4 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
بیرە نەوتییەکانی گەرمیان کە لە ئێستادا ژمارەیان چوار بیرە نەوتییە و بلۆکی گەرمیانییان پێدەوترێت، پێشتر ڕۆژانە نزیکەی 35 هەزار بەرمیل نەوتییان لێ بەرهەم هێنراوە، بەڵام ئێستا بڕی بەرهەم هێنانی نەوت تێیاندا تەواو دابەزیووە.
ئاراز محەمەد، ڕۆژنامەنوسی ئابووری و تایبەتمەندی بواری نەوت، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"پێشتر ڕۆژانە 35 هەزار بەرمیل نەوت لە بیرە نەوتییەکانی گەرمیان دەرهێنراوە، بەڵام ئێستا بڕی بەرهەمهێنان دابەزیووە بۆ 14 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا."
گوتیشی"دوو لە بیرە نەوتییەکان، نەوت تێیاندا تێکەڵ بە ئاو بووە، ڕەنگە ئەمە هۆکاری دابەزینی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت بێت."
بیرە نەوتی سەرقەڵا یەکی گەرمیان، دەکەوێتە گوندی حەسیرەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا دوو لە گوندی ملە سورەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا سێ دەکەوێتە گوندی کەواچەرمووەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا چواریش لە گوندی کارێزەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنجیش کە خەریکە شکست دەهێنێت، دەکەوێتە گوندی ملە سورەوە، سەرجەم گوندەکانیش لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی سەرقەڵای سنوری قەزای کفریین.
تەها ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا وتی"لە وەتەی من وەکو بەڕێوەبەری ناحیە دەست بەکاربووم، بەرهەم هێنانی نەوت لە بیرە نەوتییەکانی گەرمیان 17 هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا تێنەپەڕاندووە."
ئەو نەوتەی ڕۆژانە لە بیرە نەوتییەکانی گەرمیان دەردەهێنرێت، بە تانکەر دەگوێزرێتەوە بۆ ناوچەی خورمەڵە، لەوێشەوە ڕەوانەی تورکیا و بازاڕەکانی جیهان دەکرێت بە مەبەستی فرۆشتن.