وەزیری دەرەوەی سوید ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان سوید و تورکیا بە باشی بەرەوپێش دەچێت و ستۆکهۆڵم هیوادارە ئەنقەرە پێش کۆبوونەوەی لوتکەی هاوپەیمان لە مانگی حەوتدا داواکاری وڵاتەکەی بۆ چوونە پاڵ ناتۆ پەسەند بکات.
سوید و فینلاند لە مانگی پێنجدا لە وەڵامی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داواکارییان بۆ ئەندامبوون پێشکەش بە ناتۆ کرد، بەڵام ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی تورکیا بوونەوە کە وڵاتانی باکووری بە داڵدەدانی چەکداران تۆمەتبار کردووە، لەنێویاندا پارتی قەدەغەکراوی کارکەرانی کوردستان (پەکەکە).
تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند دوای دیدار لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژی پێنجشەممەدا لە ئەنقەرە "کارەکان بەباشی بەرەوپێش دەچن، کۆبوونەوەیەکی نایابمان ئەنجامدا".
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەکە چاوشئۆغڵو دانی بەوەدانا کە سوید هەنگاوی ناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی کە لە یاداشتێکی نێوان سێ وڵاتەکەدا هاتووە بەڵام وتی پێویستە کاری زیاتر بکرێت.
بیلسترۆم وتی سوید پێشتر پێشکەوتنی باشی بەدەستهێناوە و وتی یاسا توندەکانی دژە تیرۆر کە لە 1ی 1 وە لە سوید دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەلایەن ئەنقەرەوە پێشوازییان لێکراوە.
بیلسترۆم وتی: سەیر نییە تورکیا بڵێت شتی زیاتر هەیە کە پێویستە بکرێت، ئێمە هێشتا شتی تر ماوە بێکەین، پێویستە سەرەتا ئەم کارانە جێبەجێ بکرێن، بەڵام هەنگاوی زۆرمان ناوە، ئاماژەی بەوەشکرد، سویدیش گەمارۆی هەناردەکردن چەکی بەسەر تورکیا هەڵگرتووە.
داواکارییەکە سوید و فینلەند تا ئێستا لەلایەن 28 وڵات لە کۆی 30 وڵاتی ئەندام پەسەند کراوە، تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون بۆئەوەی واژوو لەسەر پرۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونیان له ناتۆ بکەن.
هەنگاریا ڕایگەیاند، پەرلەمانی وڵاتەکەی لە سەرەتای ساڵی 2023 داواکارییەکە پەسەند دەکات، ئەنقەرەش دەڵێت، ڕەنگە بڕیارێک لەو بارەیەوە بدرێت دوای هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی کە بڕیارە لە مانگی شەشدا بەڕێوەبچێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز