چەکدارێک ڕۆژی هەینی تەقەی لە ناوەندی ڕۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا ورێستورانتی ئاڤێستا و ئارایشتگای مونزور لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کرد، و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش برینداربوون. ڕووداوەکە لە ناوچەیەکی قەرەباڵغ ڕوویداوە کە هاوکات دانیشتووانێکی زۆری کوردی تێدایە، داواکارانی گشتیش ڕایانگەیاندووە، بەدواداچوون بۆ ئەگەری پاڵنەرێکی ڕەگەزپەرستانە دەکەن بۆ هێرشەکە.
چەندین تەقە لە ڕوی دی ئێنگین کرا، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لە شەقامێکدا چاند کە دوکان و کافێی بچووکی تێدابوو لە ناوچەی 10ی ناوەندی پایتەخت.
ژێغال دەغمەنە، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لەسەر توتیەرەکەی هەواڵی دەستگیرکردنی گومانبارەکەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی "لە دوای ڕووداوە ناخۆشەکەی ئەمڕۆ، دەگەڕێمەوە پاریس و دەچم بۆ ئەوێ. هەموو هزر و بیرم لای کەسوکاری قوربانییەکانە. گۆمانبارەکە دەستگیرکراوە."
دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەشکردووە، پیاوێکی تەمەن 69 ساڵانیان دەستگیرکردووە و ئێستا ڕووداوەکە کۆتایی هاتووە.
خوان گۆلان ئێلیبێرگ، هونەرمەندێک کە لە ناوەندە کوردییەکەدا کاردەکات، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە " کورد بوونە ئامانج".
داواکاری گشتی پاریس ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ناسراوە و بەدواداچوون بۆ ئەگەری هۆکارێکی ڕەگەزپەرستانەی هێرشەکە دەکرێت.
خانم ئانی دالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس ئەویش لە تویتەرەکەی نووسیویەتی "ڕەوەندی کوردی کرایە ئامانج، بەمەش تەواوی پاریسییەکان کراونەتە ئامانج، کەسێکی ڕاستڕەوی توندڕەو ئەو خەڵکەی کوشتووە. دەبێت کورد لە هەر کوێیەک بن بتوانن بە ئاشتی و ئارامی بژین. لە هەموو کاتێک زیاتر، پاریس لە کاتێکی وەها ناخۆش لە پاڵیاندا دەبێت."
جولیان ڤێرپلانک کە لە چێشتخانەیەکی دیکەی ناوخۆیی بە ناوی چێز مینا کاردەکات، وتی ستافی کوردیی چێشتخانەکە دوای تەقەکردنەکە بە گریانەوە لە شوێنەکە دەرچوون.
داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسە گومانلێکراوە چەکدارە ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی هێرشکردنە بە چەقۆیەک بۆ سەر کەمپێکی کۆچبەران لە پاریس دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە لەسەر تاوانێکی ڕەگەزپەرستی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز