لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بەهای دۆلاری ئەمەریکایی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لە ئەنجامدا شڵەژانی ئابووری و گرانبوونی شتومەکی لە بازارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا لێکەوتووەتەوە. شارەزایان دەڵێن سەرەڕای گەندەڵی لە سیستەمی بانکی عێراق، هۆکارێکی سەرەکی ئەم بەرزبوونەوەیە بریتییە لە گواستنەوەی بڕێکی زۆری دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران.
عیماد مەحمود، مامۆستای ئابووری لە هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێران دۆلار بۆ دوو مەبەست دەکڕێت: یەکەم بۆ ئەوەیەتی باڵانسی دراوەکەی خۆی پێڕاگرێت کە ئێستا دراوەکەی بەرەو لەناوچوون دەچێت؛ دووەم لەگەڵ ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو گەمارۆی ئابوری خراوەتەسەر لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام ڕێگەی بازرگانی سنورداری لێنەگیراوە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە دۆلاری ئەمەریکیە."
بە گوێرەی سەرچاوەی ئەکادیمی جەی ستۆر، دۆلاری ئەمەریکایی یەکێکە لە بەهێزترین و متمانەپێکراوترین دراوەکان لە مامەڵە نێودەوڵەتیەکاندا بە هۆی فراوانی کاریگەریە سیاسی و ئابووریەکانی ئەمەریکا دوای جەنگی جیهانی دووهەم. سەرەڕای ئەمە، لەم ساڵانەی دواییدا دەزگای خەزێنەی فیدڕاڵی ئەمەریکا بەردەوام ڕێژەی قازانجی زیادکردووە بۆ ڕێگری لە هەڵاوسانی ئابووری لە ئەمەریکا، کە ئەمەش بووەتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.
عيماد مەحمود هۆکاری بەدەستهێنانی دۆلار لەلایەن ئێرانەوە بۆ بەهێزی دۆلار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "بازرگانەکانی ئێرانیش دەیانەوێت خۆیان لە شکانی دراوەکەیان بەدوور بگرن و دەیانەوێت سەرمایەکانیان بکەن بە دۆلار."
لە ساڵانی ڕابردوودا بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوام لە نزمبوونەوەدا بووە بە هۆی ناکۆکیەکان لەگەڵ ئەمەریکا و گەمارۆ سەربازی و ئابووریەکانی واشنتۆن دژ بە تاران. بە گوێرەی ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ، ئەم هەفتەیە یەک دۆلاری ئەمەریکایی بەرامبەر بە 430،000 تمەن بووە و بەمەش تمەن لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە 80٪ بەهای خۆی لەدەستداوە.
ئابوریناس سەرکۆ یونس بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە سەرەڕای کاریگەری سزاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا، "ئەو خۆپیشاندانانەش کە لەناوخۆی ئێران هەبوون بەڕێژەی 20٪ کاریگەریان لەسەر تمەن هەبووە."
چاودێران دەڵێن لەم ساڵانەی دواییدا عێراق بووەتە شوێنێکی ئاسان بۆ ئێرانیەکان بۆ "پارە سپیکردنەوە" تا لە ڕێگەیەوە ملیۆنان دۆلار ئاودیوی وڵاتەکەیان بکەن.
هەرچەندە بەرپرسانی باڵا لە ئەمەریکا و عێراق هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمیان لەم بارەوە نەبووە، بەڵام بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی زە ناشناڵ، ڕێگری نەکردنی حکومەتی عێراق لەم ڕەفتارەی ئێرانیەکان بووەتە هۆی نیگەرانی بەرپرسانی ئەمەریکا و وای لە واشنتۆن کردووە کە وردبینی زیاتر بخاتە سەر ناردنەوەی ئەو پارە نەختینانەی عێراق کە لە بانکی خەزێنەی فیدڕاڵی نیویۆڕک هەڵگیراون.
شایەنی باسە، حکومەتی عێراق ئەو پارەیەی کە لە فرۆشتنی نەوتەکەی دەستیدەکەوێت دەیخاتە ناو ژمارەیەکی تایبەتی لە بانکی خەزێنەی فیدڕاڵی نیویۆڕک و پاشان بە بڕی جیاواز دەیانگوازێتەوە بۆ عێراق بۆ دابینکردنی مووچە و هاوردەکردن.
چەند سەرچاوەیەکی عێراقی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی زە ناشناڵیان ڕاگەیاندووە کە پەرپرسانی ئەمەریکا پێشتر هەر داواکاریەکی عێراقیان بۆ ڕاکێشانی ئەو پارەیە پەسەندکردووە، بەڵام ئێستا وردبینی زیاتر دەخەنە سەر داواکاریەکانی حکومەتی عێراق بەهۆی بەردەوامی پارەسپیکردنەوە و بەردەوامی پەیوەندی بانکە عێراقیەکان بە ئێرانەوە.
ئەو ئاژانسە دەڵێت کە ڕێژەی گواستنەوەی پارە لە نییۆرکەوە بۆ عێراق پێشتر نزیکی 200 ملیۆن دۆلار بوو لە ڕۆژێکدا بەڵام ئێستا کەمبۆتەوە بۆ 20-30 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا.
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەمەریکا چەندین گرووپ و بانکی عێراقی سزاداوە بەهۆی مامەڵەیان لەگەڵ ئێرانەوە. مانگی 5ی ساڵی 2018 ئەمەریکا بانکی ئیسلامی بیلادی خستە لیستی ڕەشەوە بە تۆمەتی مامەڵەی ئەو بانکە لەگەڵ سوپای پاسداران.
جێسی بەیکەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ تیرۆر و تاوانە داراییەکان، کۆتایی مانگی ڕابردوو سەردانی عێراقی کرد و لە گەڵ مستەفاغالیب مخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندی، کۆبووەوە. لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە 28-11-2022 بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندووە کە "هەردوولا باسیان لە هاوکاریکردن کردووە لە جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانی تیرۆر و بانکی ناوەندی عێراقیش پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هەوڵە ڕاگەیاندووە."
بەڵام چاودێران دەڵێن سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمەریکا و بەڵێنەکانی بەرپرسانی عێراق، ئاودیوکردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران بەردەوام بووە.
سەبارەت بە شێوازەکانی گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران، سەرکۆ یونس مامۆستای ئابوری ڕایگەیاند، "عێراق لە دوای چینەوە هاوبەشی دووەمی ئێرانە کە ساڵانە بە بڕی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە و لە بەرژەوەندی ئێرانە زیاتر لەبەر ئەوەی عێراق زیاتر هاوردە دەکات و هەناردەی نییە؛ ساڵانە 5-7 ملیۆن گەشتیار لە ئێرانەوە دێنە عێراق کە لەلەلایەن ئێرانەوە ئاسانکاریان بۆ دەکرێت. تمەن لەبەر ئەوەی ڕەسیدێکی نێو دەوڵەتی نیە، خۆی دەیداتە گەشتیارەکان تا دۆلاربکڕن. لە ڕێگەی فرۆشتنی غاز و کارەباوە بە ناوەڕاست و باشوری عێراق تا ساڵی 2020 مامەڵەی بازرگانی دوو ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. لە ڕووی سیاسیشەوە، عێراق تا ڕادەیەکی زۆر ملکەچی ئێرانە و لەو نێوەندەشدا باس لە چەندین کۆمپانیای وەهمی بازرگانی دەکرێت کە دۆلار دەکڕن لە بانکی ناوەندی حەواڵەی ئێرانی دەکەن."