ژن هاوشێوەی "ئۆتۆمبێلی ئاسایی" وایە بە هۆی پێکهاتە جینیەکانی بەڵام پیاو بە هۆی کرۆمۆسۆمی (Y) تایبەتمەندی بەرزتری هەیە و پلەی بەرزترە، ئەمە بەگوێرەی پزیشکێکی کورد و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی.
عەبدولواحید محەمەد، پزیشکی پسپۆڕ لە سەر و مل و نەشتەرگەری مەمک، لە گرتەیەکی فیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، "کرۆسۆمی Y [پیاو] ئیمتیازە. بۆ نمونە، ئەگەر کارگەیەک فێرببێت سەیارە بۆخۆی دروستبکات و تۆ بڵێییت: 'کاکە ئەم سەیارەی ئێوەمان زۆر زۆر بەدڵە؛ سەیارەیەکی باشە. مارکەیەکمان هەڵبژاردووە لای ئێوە، ئەرک نەبێت. بەڵام دەمانەوێت هەر لەم سەیارەیە یەک دانەمان بە تایبەت بۆ دروستبکەیت بۆ پاشاکەمان....ئەم تایبەتمەندییە خوای گەورە دەیدات بە پیاو. بۆیە فەزڵی پیاو بەسەر ژن دا هەیە."
عەبدولواحید محەمەد کە هاوکات بانگخوازی ئاینیشە، لە درێژەی وتارە ڤیدیۆییەکەیدا سەبارەت بە کرۆسۆمی مێینە (XX) و نێرینە (XY) لە نێو مرۆڤ و گیاندارە مەمکدارەکانی تردا دەڵێت، "کرۆمۆسۆمی (Y) مواسەفاتە. تۆ دەچیت سەیارەیەکی عادی لە بازاڕدا دەکڕیت و دەڵێیت: 'کاکە بایی چەندە؟' دەڵێن: 'وەڵا بایی دوو دەفتەرە. تۆ دەپرسیت: 'ئەوە بۆ ئاوا هەرزانە؟' پێتدەڵێن: 'وەڵا کاکە فول عادییە.' بەڵام ئەگەر هەر هەمان سەیارە فول مواسەفات بێت دەفتەرێکی تری دەچێتە سەر....کەواتە مرۆڤ بە سروشتی وازی لێبێنە بۆ خۆی دروستبێت، بە سەیارە فول عادیەکە دروستدەبێت و دەبێت بە ژن. کە کرۆمۆسۆمی (Y) چووە پاڵی مواسەفات وەردەگرێت [دەبێتە پیاو]."
ئەو دەربڕینەی مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانی ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە بۆتەوە و وەک سوکایەتی بە ئافرەت لێکدراوەتەوە. چەند پزیشکێک دەڵێن ئەو لێکدانەوەیە ناڕاستە.
نزار قادر، یاریدەدری پزیشکی بهۆشکار، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ژمارەی کرۆمۆسۆمەکان جێگیر نییە لەناو کەسەکاندا. لە پرۆسەی دروستبوونی کۆرپەلەشدا، لە ڕووی زانستیەوە جیاوازیەکی دیار نییە کە کاتێک کەسێک بە ڕەگەزی نێر لە دایک بێت ئەفزەلیەتی بەرامبەر بە ڕەگەزی بەرامبەری هەبێت. لە نەخۆشخانەکاندا دیاریکردنی ڕەگەزەکان جگە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆرپەلەوە و لە یەکەم ساتی لەدایکبوونەوە دیاری دەکرێت، لە ڕوانگەی حاڵەتە جەستەیەکانەوە دەخوێنرێتەوە کە کۆرپەلەکە نێر یان مێیە. واتە لایەنە فیسۆلۆجیەکە نابینرێت ئایا کەسەکە زیاتر حەزی بەکام لایەن لە ڕەگەزەکان هەیە."
دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی بە عەبدولواحید محەمەدەوە کرد بۆ وتوێژکردن لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام بەردەست نەبوو.
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید، خوێندکاری دکتۆرای نەشتەرگەری میز و میزەڕۆ و کۆئەندامی زاوزێی پیاوان، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دروستبوونی ڕەگەزی کۆرپەلە وابەستەی تایبەتمەندیەکی زیاتر نییە بۆڕەگەزی نێر بەرامبەر بەڕەگەزی مێ."
ئەو پسپۆڕە ڕایگەیاند لیکدانەوەکەی عەبدولواحید محەمەد "هەڵەی زانستی" تێدایە و دەڵێت، " چی لەو کۆرپە مێیە بکەین کە کرۆمۆسۆمەکانی (XX) ە بەڵام وەک کۆرپەیەکی نێر هۆڕمۆنی MIS دەڕژێت. ئەم کۆرپەیە ڕاستە بە کرۆمۆسۆم مێیە بەڵام لە ژێر فشاری ئەم هۆرمۆنەدا دەبێت بە نێر، ڕەحم و زێ و مناڵدانی بۆ دروست نابێت، و لەبری ئەوانە تورەکەی گون و پڕۆستات و هەندێ ئۆرگانی نێرینەی بۆ دروست دەبێت. ئایا گەر وەک بیرکردنەوەی جەنابتان لێی بڕوانین کە پێتان وایە پیاوبوون مواسەفاتە و نمونەی ماشێنە فوڵ مواسەفاتەکە وەربگرین بۆچی بۆ ئەم ژنە ئەم مواسەفاتە دەبێتە نەگبەتی؟ بۆچی وەک مواسەفات بۆی نابەسترێت و دەبێت خۆی لە کۆمەڵگا بشارێتەوە؟"
هاوکات، لە ڕووی ئاینییەوە چەند پسپۆڕێکی ئاینی گرێدانی بابەتەکە بە ئیسلام ڕەتدەکەنەوە.
مەلا سامان هەڵەبجەیی، مامۆستای ئاینی، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئایەتی (وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ)لە سورەتی بەقرە لە ئایەتی (228 )، باس لە جیابوونەوەی نێوان ژن و پیاو دەکات. لە کاتی بوونی عیدەی شەرعیدا ئەو دەرەجە دراوە بە پیاو کە ئەگەر تەلاقێک یان دوانی مابوو ئەتوانێت ژنەکەی بگەڕێنێتەوە بۆلای خۆی. ئەو دەرەجە پەیوەندی نییە بە جیاوازی ژن و پیاوەوە، ئەوە تەکلیفیە بۆ نەفەقە و پارێزگاریکردنە لە ژنەکە. ئاینی ئیسلام بە چاوێکی گەورە سەیری ژن و پیگەکەی دەکات."
عەبدولواحید محەمەد خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە نەشتەرگەری گشتی لە زانکۆی خەرتووم لە سودان و ئێستا پزیشکە لە نەخۆشخانە سمارت لە شاری سلێمانی.