Accessibility links

ژمارەیەکی زۆر لەوکەسانەی لە جوانڕۆ دەستگیرکراون هێشتا بێسەروشوێنن


بەگوێرەی هەواڵەکانی ڕێکخراوەکانی کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکانی جوانڕۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کورژابوون، ڕەوشی شارەکە بە تاوەتی ئاڵۆزە و هێزەکانی حکومەت لە ناو شارەکە بڵاوکراونەتەوە و ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتیانی شارەکە دەستگیرکراون.

ژیلا موستەئجیر ئەندامی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دواین زانیارییەکانی ئاڵۆزییەکانی شاری جوانڕۆ بە دەنگی ئەمەریکای گوت " لە ڕۆژی شەممەوە هەتا ئێستا دەستگیرکردنی خەڵکی لە شارەکە لەلایەن هێزکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە. بە پێی ئەو ئامارانەی لای ئێمە (ڕێکخراوی هەنگاو) هەیە هەتا ئێستا لە دوای ڕێوڕەسمی چلەکەوە، بەلایەنی کەم 50 کەس دەسگیرکراون کە بە دیاری کراوی 26 ناو لەو کەسانەی کە دەستگیرکراون لای ئێمە هەیە کە ناسنامەیان ئاشکرابووە."

ژیلا موستەئجێر، ئەندامی ڕێکخراوی هەنگاو بۆمافەکانی مرۆڤ
ژیلا موستەئجێر، ئەندامی ڕێکخراوی هەنگاو بۆمافەکانی مرۆڤ

ئەم کەسانە پاش ئەوەی دەستگیرکراون شوێنەکانیان نەزانراوەو بێسەروشوێنن. لەم بارەیەوە خاتو موستەئجر دەڵێت سەرباری هەوڵەکانی بنەماڵەکان و چالاکوانانی مافە سڤیلییەکانی ناو شارەکە بۆ زانیاری لەسەر دەستبەسەرکراوەکان هێشتا هیچ هەواڵێکیان نییە، " چەندین جار بنەماڵەکان چوونەتە پێش دادگوستەری شاری جوانڕۆ و داوای ڕووکردنەوەیان لەسەر چارەنوسی منداڵەکانیان کردووە یان ئایە هێشتا لە شاری جوانڕۆدا ماون یان بۆ شاری کرماشان گوازراونەتەوە، بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەی پێمان گەیشتووە ڕێگریان لێکراو و هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە."

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش لە تویتێکدا دەڵێت بە پێی زانیارییەکان " وەرزشوانێکی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی ئاسۆ یاری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شارەکەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە."

هەروەها دەشڵێت " گوتراوە هێزە ئەمنییەکان دەرگا و پەنجەرەی ماڵی خێزانەکەی ئەم گەنجەیان شکاندووە."

لەم بارەیەوە ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت " بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی حکومەت هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئاسۆ یاری وەرزشوانی لەشجوانی جوانڕۆ و ڕفاندیان."

ڕۆژی شەممە پاش ئاڵۆزییەکانی لە مەڕاسیمی چەلەی کوژراوەکانی جوانڕۆ هاتە ئاراوە، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی بورهان ئێلیاسی بە دەستڕیژی گولەی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا و دەیان هاووڵاتیش بریندار بوون. هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن بریندارەکان لە ترسی ئاشکرا بوونیان ناوێرن بچنە نەخۆشخانەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

بە پێی دواین ئاماری ئاژانسی هرانا، کە بۆ ڕاپۆرتەکانی پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، لەوەتای ئەم شەپۆلی ناڕزایەتییانە لە مانگی 9 وە دەستیان پێکردووە 516 کەس کوژراون. لەوانەدا 70یان منداڵن. ئاژانسەکە دەڵێت 68 کەس لە هێزەکانی حکومەتیش کوژراون.

جگە لەمە 19 هەزار و 250 کەس لە سەرانسەری ئێران لەلایەن هێزکانی حکومەتوە دەستگیرکراون کە 687 لەوانە خوێندکارن.

لە مانگی 9 ی ساڵی 2022 وە خۆپیشاندانی ناڕەزاییەتی لە ئێران بەردەوامە لەو کاتەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز، لە تاران بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستگیرکراو و پاشان گیانی لەدەستدا. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن هێزەکان ئێران بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرانی کە داوای مافی ئازادی دەکەن، بوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG