Accessibility links

عێراق ئەو پارەیەی بۆ هەرێم نەناردووە کە یەکێتی وپارتی شەڕی ڕاگەیاندنیان لە سەر کرد


کاتێک حکومەتی عێراق مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، پارتی و یەکێتی بڕیارەکەیان بە "دەستکەوت" لە قەڵەم دا و کەوتنە وەڵامدانەوەی یەکتر لەسەر ئەوەی کام حزب بووەتە هۆی بەدیهێنانی ئەم "دەستکەوتە."

بەڵام 23 ڕۆژ دوای بڕیارەکە، عێراق پارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە چونکە وەزیری دارایی ئامادە نییە واژوو لەسەر بڕیارەکە بکات و حکومەتی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە موچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی دابەشبکات.

شوان محەمەد ڕۆستەم، پەرلەمانتاری عێراقی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەو کەس و لایەنانەی هەوڵیانداوە هێنانی 400 ملیار دینارەکە بکەنە دەستکەوتی حزبی، با ئێستا بڕۆن بهێنن، موزایەدەی حزبی هەر لایەنێک بیکات، بێ مانا و عەیبە."

ئەو یەکێتی بەوە تۆمەتبارکرد کە ویستویەتی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق وەک دەستکەوت بۆ خۆی نیشانبدات و ڕایگەیاند، "وەفدی دانوستانکاری حکومەت دەچنە بەغدا، پارتی و یەکێتی و گۆڕانیشی تێدایە. ئیتر بۆ لە ڕێگەی کادیرەوە بکرێتە دەستکەوتی حزبی؟"

لە بەرامبەردا ناسر ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "15 جار قوباد تاڵەبانی چووە بەغدا بێ ئەوەی ناوی یەکێتی بەرێت، کەچی وەفدی پارتی یەکجار رۆیشت، 400 ملیار دینارەکەی کردە دەستکەوتی خۆی. ئەوەتا عێراق ناشینێرێت."

ئەو وتیشی"ئەم بێنەو بەردە خراپە. 400 ملیارەکە هەڵای لەناوخۆی هەرێم لەسەر دروستبوو، لەوانەیە عێراق بەمەبەست نەینێرێت، تا وەفدی کوردی لای شەقام پێ ناشیرین بکات."

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیری حکومەتی عێراق، لە راگەیێندراوێکیدا ڕۆژی 13/12/2022 ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی بڕی 400 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان. بە پێی ڕاگەیێندراوەکە ئەو بڕە پارەیە بۆ مانگی یازدە و دوازدەیە و "لە داهاتی نەوتی و نانەوتییە"

دوای بڕیارەکە، حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەیدا کە شاندەکە "بە راسپاردە و رێنوێنی مەسرور بارزانی" چووەتە بەغدا و "بە هۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی حکومەتەوە، هیچ وەزیرێکی یەکێتی بەشداری لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرد و ئامادە نەبوون سەردانی بەغدا بکەن."

ئەم ڕاگەیێندراوە یەکێتی توڕە کرد. هەر ئەو ڕۆژە تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەیان دا کە ڕاگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێم "بە تووندی" ڕەتدەکەنەوە "چونکە ئەوەی باس کراوە لەو راگەیێندراوە بێ رێزیە بەرامبەر تیمەکەمان. ئێمە وەک بەشێکی سەرەکی ئەم حکومەتە رایدەگەیێنین کە بە هیچ شێوەیەک ئەوە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دووبارە تەعبیرکردنە لە رای یەک حزبی ناو حکومەت. هەر ئەو جۆرە تاکڕەوییەشە کە ئێمەی نیگەران کردووە و وای لێ کردووین هەڵوێستمان هەبێت."

کێشمەکێشی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو 400 ملیارەی کە هێشتا ڕەوانەی هەرێم نەکراوە لەکاتێکدایە کە ئەو دوو حزبە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەسەر زۆر پرسی تر ناکۆکی سیاسییان هەیە.

محەمەد حسێن، توێژەری ئابووری لە ناوەندی عێراقی بۆ شیکارییە سیاسی و ئابوورییەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "10 ساڵ پێش ئێستا کورد لە بەغدا یەک تیم بوو، پێکەوە داکۆکییان لە مافە دەستوری و داراییەکانی هەرێم دەکرد. بەڵام ئێستا دابەشبوون بەسەر تیمی دژ بە یەک دا. هێندەی سەرقاڵی ململانێی یەکترین، هێندە کار ناکەن بۆ مافە داراییەکانی خەڵکی هەرێم."

جەختیشیکردەوە، "دابەشبوونی هێزە کوردییەکان پێگەی دانوستاندنی وەفدی دانوستانکاری هەرێمی لاواز کردووە. هێزی پچڕپچڕن و ناتوانن کاریگەرییان لەسەر بڕیاری حکومەتی عێراق هەبێت لەبەرژەوەندی هەرێم."

XS
SM
MD
LG