Accessibility links

کەمال کەرکوکی: داوایەکی راکان جبوریمان بۆ یەکتر بینین رەتکردەوە و پێمانوت وەکو عەرەبێکی ئاسایی مامەڵەت لەگەڵ دەکەین


لە کاتێکدا هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە پارێزگارێکی "نایاسایی و ناشەرعی" ناو دەبەن، بەڵام هەردوولایان یەکتری بە مامەڵە لەگەڵ کردنی تۆمەتبار دەکەن.

راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک، کەسایەتییەکی عەرەبی سونەیە و پێشتر جێگری پارێزگاری کەرکوک بوو، بەڵام لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە و لەوکاتەوەی کورد دەسەڵاتی لە پارێزگاکە لەدەستدا، وەکو پارێزگار دەست بەکاربووە و تائێستا لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە.

یەکێتی و پارتی پەنجەی تۆمەت بۆ ڕاکان جبوری درێژ دەکەن و تۆمەتباری دەکەن بە دژایەتیکردنی کورد و هەوڵدان بۆ "تەعریب"کردنەوەی گوندە کوردنیشینەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا یەکتری بە مامەڵە لەگەڵ کردنی تۆمەتبار دەکەن.

کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ڕاکان جبوری خەڵکی ناردە لامان تا وەکو پارێزگار بیبینین، بەڵام داواکەیمان ڕەتکردەوە، وتمان وەکو عەرەبێکی ئاسایی پێشوازی لێدەکەین نەک وەکو پارێزگار، چونکە ئێمە بە پارێزگاری ناشەرعی دەزانین."

هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەتیدەکاتەوە وەکو پارێزگار مامەڵە لەگەڵ راکان جبوری دا بکات، بەڵام دوو هەفتە لەمەوبەر هەڵایەکی گەورەی ڕاگەیاندن دروستبوو، کاتێک لەزاری راکان جبورییەوە بڵاوکرایەوە، گوایە لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵا سەرکردەی پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دا یەکترییان بینیووە.

کەمال کەرکوکی دەڵێت"قسەکانی راکان جبوری تێکدرابوو، شاخەوان عەبدوڵا لە ماڵی خەمیس خەنجەر بووە، راکان جبوریش ڕۆیشتووە بۆ ماڵی خەنجەر و لەوێ یەکترییان بینیووە، شاخەوان هەموو کارە خراپەکانی راکانی خستووەتەڕوو، پێشیووتوە، دانت پێدا نانێین و ڕێککەوتنت لەگەڵ ناکەین."

هاوشێوەی پارتی دیموکرات، بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانیش لەکەرکوک دەڵێن، راکان جبوری بە پارێزگاری سەپێنراوی کەرکوک دەبینن و مامەڵەی لەگەڵ ناکەین، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردانی کەرکوکیش لەگەڵ جبوری، پەرلەمانتارەکانیان راسپاردووە.

لە لێدوانێکی پێشووتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕەوەند مەلا مەحمود، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، وتی"وەکو حیزب پەیوەندیمان لەگەڵ راکان نییە، پەرلەمانتارەکانی عێراقمان ئیش و کارەکانی کوردانی لەگەڵ تاوتوێ دەکەن."

بەڵام کەمال کەرکوکی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سیاسی کەرکوک_گەرمیانی پارتی، یەکێتی نیشتیمانی تۆمەتبارکرد بەوەی، راکان جبوری بە ئیمزای سەرکردەکەیەکی ئەوان لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە، تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام دەدرێت.

بەرپرسانی یەکێتیش لەکەرکوک، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، راکان جبوری پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکرات ئاساییە، ماڵ و منداڵەکەی لەشاری هەولێرن و جبوریش زۆرجار سەردانیان دەکات.

لەوبارەیەوە کەمال کەرکوکی وتی"ماڵ و منداڵی لەهەرکوێ بێت، نازانم، بەڵام ئێمە هەرگیز دانمان بە جبورییدا نەناوە وەکو پارێزگار."

پۆستی پارێزگاری کەرکوک، لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لای کورد بوو، تا رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، بەڵام لەوکاتەوە لای راکان جبوری کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونەیە، کورد پۆستەکە بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت و داوایدەکاتەوە، بەڵام عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک ئەم داواکارییەی کورد ڕەتدەکەنەوە.

لەبارەی خواستی کورد بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت"قسە لەسەر ئەم مەسەلە ناکەم، چونکە لە پسپۆڕی من دا نییە."

پارتی دیموکراتی کوردستان کە ماوەی 5 ساڵە و لەدوای رووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە بارەگای لە کەرکوک نییە، پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت، لەکاتێکدا یەکێتی نیشتیمانی ئەو داوایە ڕەتدەکاتەوە و پۆستەکە بە مافی خۆی دادەنێت.

کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، وتی"ئێمە بارەگامان لەکەرکوک نییە، بەڵام لەخەڵکی کەرکوک دانەبڕاوین، هەندێک لایەن وەکو ئەوەی کۆمپانیایان لەکەرکوک دانابێت و لەسەری بژین، دژی گەڕانەوەی پارتی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیشن."

جەختیشیکردەوە"لایەنە کوردی و سونی و شیعەکان ڕێککەوتوون لەسەر کارنامەی کابینەی محەمەد شیاع سودانی و وەفدی دانوستانکاری هەرێم و عێراق لە دانوستاندان، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوکین."

XS
SM
MD
LG