ئاژانسی ڕۆیتەرز بە ئاماژەدان بە هەندێ بەڵگە کە دەستی کەوتوون و هەروەها بە پێی لێدوانی چەند پسپۆڕێکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە کە لە هاوینی ٢٠٢٢دا کۆمەڵێک هاککەری ڕووسی ناسراو بە "ڕووباری سارد" سێ تاقیگەی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمییان لە ئەمریکا کردوەتە ئامانج.
بە پشکنینی شوێنەواری هێرشەکان لە ئینتەرنێتدا، دەرکەوتوە کە هاککەرە ڕووسییەکان تاقیگەی بروکهاڤن (BNL)، ئارگۆن (ANL) و تاقیگەی نیشتمانی لۆڕێنس لیڤەرمۆر (LLNL)یان کردۆتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزدەڵێت نەیتوانیوە هۆکاری هێرشە ئەلیکترۆنیەکان بۆ سەر ئەم سێ تاقیگە ئەتۆمییە و ئەگەری ڕێژەی سەرکەوتنی ئەو هێرشانە دیاری بکات.
هەروەهاهیچ کام لەو ناوەندانە ئامادە نەبوون لێدوان لەسەر بابەتەکە بدەن و ڕۆیتەرزیان ڕەوانەی وەزارەتی وزەی ئەمەریکا کردوە بۆ دەستکەوتنی زانیاری، بەڵام لەوێش وەڵامی پرسیارەکانی ئەو ئاژانسە هەواڵییەیان نەداوەتەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، گرووپی "ڕووباری سارد" لەوەتای هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی بۆ سەر هاوپەیمانە ڕۆژئاوایەکانی ئۆکرانیای زیاد کردووە و یەکەمجاریش دوای هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی بۆ سەر وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە ناسێندرا و لە ساڵانی ڕابردووشدا دەیان هێرشی بەرچاوی دیکەیان ئەنجامداوە.
شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەڵێن "ڕووباری سارد" یەکێکە لە گرنگترین گروپە هاککەرەکان کە تاکو ئێستا دەستنیشانکراوە و "ڕاستەوخۆ" بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی حکومەتی ڕووسیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز