Accessibility links

سەتەلایتێکی ناسا بەم زووانە لە ئاسمانەوە دەکەوێتە خوارەوە


کیپ کاناڤێرال، فلۆریدا - سەتەلایتێکی خانەنشینکراوی ناسا کە تەمەنی 38 ساڵە، خەریکە لە ئاسمانەوە دەکەوێتە خوارەوە.

ناسا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئەگەری کەوتنە خوارەوەی پارچەکانی بەسەر هەر کەسێکدا "زۆر کەمە". بەپێی ئامارەکانی ناسا، زۆربەی سەتەلایتەکە کە کێشی (2450 کیلۆگرامـ)ـە، لەکاتی هاتنە خوارەوی بۆ ناو بەرگی هەوای زەوی دەسوتێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت هەندێک پارچە بمێنێتەوە.

دەزگای واڵایی ئەگەری برینداربوونی خەڵکی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەکانەوە بە نزیکەی یەک لە هەر 9400 دادەنێت.

بەپێی وەزارەتی بەرگری پێشبینی دەکرێت سەتەلایتە زانستییەکە شەوی یەکشەممە دابەزێت، لە ماوەی 17 کاتژمێردا یان ئەوەندە بخاێنێت.

بەڵام کۆمپانیای ئایرۆسپەیس کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە، بەیانی دووشەممە داناوە و 13 کاتژمێر بۆ کەوتنە خوارەوەی، بەدرێژایی ڕێڕەوێکی هاتنەخوارەوە کە بەسەر ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەمەریکای باکوور و باشووردا تێدەپەڕێت.

سەتەلایتی بودجەی تیشکدانەوەی زەوی کە بە ERBS ناسراوە، لە ساڵی 1984دا لە سەر کەشتیی واڵای چالنجەر لە خولگەدا دانرا. هەرچەندە تەمەنی چاوەڕوانکراوی کارکردنی دوو ساڵ بوو، بەڵام سەتەلایتەکە بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی پێوانەی ئۆزۆن و بەرگەهەوا تا خانەنشینبوونی لە ساڵی 2005دا. سەتەلایتەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر چۆنیەتی زەوی تیشکدانەوەی خۆر هەڵدەمژێت و لەخۆی دەگرێت.

سەتەلایتەکە دانانی تایبەتی لەخولگەدا لە چالنجەرەوە بوو. یەکەم ژنی ئەمەریکا سالی ڕاید، بە بەکارهێنانی قۆڵی ڕۆبۆتی شاتلەکە سەتەلەیتەکەی بۆ خولگە ئازادکرد. هەروەها هەمان ئەو ئەرکە یەکەم پیاسەی بۆشایی ئاسمانی ژنێکی ئەمەریکی تێدابوو بەناوی کاترین سولیڤان. یەکەمجار بوو دوو ژنی ئاسمانگەڕ پێکەوە لە بۆشایی ئاسماندا هاتووچۆ بکەن.

ئەوە دووەم و کۆتا گەشتی واڵایی بوو بۆ ڕاید کە لە ساڵی 2012 کۆچی دوایی کرد.

کۆمپانیای سۆنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەگەڵ کۆمپانیای هۆندا بەرهەم دەهێنێت

سۆنی بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا ئۆتۆمبێلێکی نوێی نمایشکرد لەگەڵ کۆمپانیای هۆندا بەرهەمی دەهێنێت. ئۆتۆمبێلەکە لە مانگی 10دا ڕاگەیەندرا، هەفتەی ڕابردوو لە پێشانگای ئەلیکترۆنی بەکاربەر یان CES لە لاس ڤێگاس لە ویلایەتی نیڤادا بۆ بینینی گشتی دەرکەوت.

ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە ناوی (Afeela)یە و تەکنەلۆژیای کۆمپانیای کوالکۆم بەکاردەهێنێت، لەنێویاندا شاسی دیجیتاڵی سناپدراگن.

پاڵنانی سۆنی کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا بۆ ناو ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، ئەوە نیشان دەدات کە چۆن بەرهەمهێنەران زیاتر گرنگی بە ئەزموونی شۆفێر دەدەن لە ئۆتۆمبێلەکاندا.

یاسوهید میزونۆ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سۆنی هۆندا مۆبیلیتی، لە پێشانگای بازرگانی CES وتی "بۆ ئەوەی جووڵەی زیرەک بەدی بهێنین، نوێکردنەوەی بەردەوامی نەرمەکاڵا و کۆمپیوتەری کارایی بەرز پێویستە، بۆ ئەو مەبەستە، ئێمە لە نزیکەوە کار لەگەڵ کوالکۆم دەکەین".

کۆمپانیای کوالکۆم لەم دواییانەدا پڕۆسێسەرێکی نوێی خستە بازاڕەوە بە ناوی Snapdragon Ride Flex SoC کە هەردوو کارەکانی لێخوڕینی یارمەتیدەر و کابینەی شۆفێر جێبەجێ دەکات، لەنێویاندا کات بەسەربردن. پێشتر ئەو کارانە لەسەر چیپی جیاواز، یان پرۆسێسەری کۆمپیوتەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. بەرپرسێکی کۆمپانیای کوالکۆم بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کۆکردنەوەی ئەو دووانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی تێچوونەکان.

میزۆنۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، سۆنی هەوڵدەدات خاڵە بەهێزە باوەکانی لە هەستەوەرەکاندا بەکاربهێنێت. ئافیلا زیاتر لە 40 هەستەوەری دەبێت.

ئۆتۆمبێلەکە لە کۆمپانیا "Unreal Engine" ئامرازی دروستکردنی سێ ڕەهەندی ئیپیک گەیم بەکاردەهێنێت کە دروستکەری زنجیرە یارییەکانی فۆرتنایەتە.

بۆ هۆندا، ڕەنگە پڕۆژەکەی لەگەڵ سۆنی ڕێگەی پێبدات خێراتر بێت کە تا ئێستا هەنگاوێکی خاو بووە بۆ کارەبا. هەروەها بەدرێژایی ساڵان هەوڵیداوە بۆ ئەوەی بە مارکەی ئاکورا دەستکەوت لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی لوکسدا بەدەستبهێنێت.

میزونۆ دەڵێت “بەو پێیەی سەلامەتی و ئاسایش زۆر گرنگە بۆ جوڵە، ئێمە هەستەوەرەکانی سۆنی و سەلامەتی هۆندا لەگەڵ تەکنەلۆژیا زیرەکەکانی دیکەدا تێکەڵ دەکەین".

بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکە لە یەکێک لە 12 کارگەی هۆندا لە ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت، ئەمەریکا بۆ نمایشکردنی ئۆتۆمبێلەکە هەڵبژێردرا چونکە ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئێستاوە لەوێ بەناوبانگە. ژاپۆن پلەی دووەمی بەدەستهێنا وەک بازاڕی ناوخۆیی هۆندا، بازاڕەکانی دیکەش لەنێویاندا ئەوروپا بەدوایدا دێن، بەڵام هیچ بەروارێک دیاری نەکراوە. ساڵی 2025دا داواکاری پێشوەختە وەردەگرێت و لە بەهاری 2026دا یەکەم ئۆتۆمبێل بۆ کڕیارانی ئەمەریکای باکوور دەنێرێت.

هیندستان 2.3 ملیار دۆلاری بۆ پەرەپێدانی هایدرۆجینی سەوز پەسەند کردەوە

حکومەتی هیندستان 2.3 ملیار دۆلاری پەسەند کردووە بۆ پشتگیریکردن لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنان و هەناردەکردنی هایدرۆجینی سەوز، ئامانج لێی ئەوەیە هیندستان ببێتە ناوەندێکی جیهانی بۆ پیشەسازییە تازەپێگەیشتوەکان.

ئەم پارەیەی کە درەنگانی ڕۆژی 4 شەممە ڕاگەیەندرا، هەنگاوی یەکەمە بۆ دامەزراندنی توانای دروستکردنی لانیکەم 5 ملیۆن تۆن هایدرۆجینی سەوز تا کۆتایی 10 ساڵی داهاتوو.

هایدرۆجینی سەوز بریتییە لە هایدرۆجین کە لە ڕێگەی شیکردنەوەی ئەلیکترۆنی ئاوەوە بەرهەم دێت، بەهۆی کارەبای بەرهەم هێنراو لە سەرچاوە نوێبووەکانی وزە. زۆربەی هایدرۆجینی جیهان بە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین بەرهەم دەهێنرێت، بەتایبەتی گازی سروشتی.

وەزیری زانیاری و پەخشی هیندستان ئەنوراگ تاکور، وتی "ئامانجی دەستپێشخەریی پارەدان بریتی دەبێت لە هایدرۆجینی سەوز بە نرخێکی گونجاو و دابەزاندنی تێچوونەکانی لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا. هەروەها یارمەتی هیندستان دەدات بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و ببێتە هەناردەکارێکی سەرەکی لەم بوارەدا”.

ووتیشی، ئەم پارە دابینکردنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی نزیکەی 125 گیگاوات توانای وزەی نوێبووەوە تا ساڵی 2030.

تا مانگی 11ی ڕابردوو، هیندستان نزیکەی 166 گیگاوات توانای وزەی نوێبووەوەی هەبووە.

ئامانجەکانی دیکە بریتین لە ڕەخساندنی زیاتر لە نیو ملیۆن هەلی کار و ڕاکێشانی زیاتری وەبەرهێنانی تایبەت بۆ ناو کەرتەکە و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی سووتەمەنی بەردینی و کەمکردنەوەی دەردانی گازی هۆکاری گەرمبوونی هەوایە بە بڕی 50 ملیۆن تۆن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:50 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG