Accessibility links

مەسرور بارزانی بەبێ بەشداری نوێنەری یەکێتی سەردانی بەغدای کرد


مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ وەفدێکی فەرمی بەبێ بەشداری نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا کۆبوویەوە.

کەریم شکور، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حزبە لەپەرلەمانی عێراق، هۆکاری بەشداری نەکردنی نوێنەری یەکێتی لە وەفدەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا بۆ ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی گێڕایەوە کە سەرەنجام بووە هۆی ئەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران نەکات.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کورد تا یەکگرتوو بێت باشترە. نەبوونی نوێنەری یەکێتی لاوازی و پەرتەوازەیی کورد دەردەخات."

مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای عێراق کۆبووەتەوە، لە نێوانیاندا سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

تەوەری کۆبونەوەکان

حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیێندراوێکیدا ئاماژەیدا کە تەوەرێکی سەرەکی کۆبونەوەکان بریتیبوون لە ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 و وردەکاییەکانی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالی .تەوەرەکانی تر بریتیبوون لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور، جێگیرکردنی هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە تویتێکدا دەڵێت " سەرۆک وەزیران پێشوازی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە. هاوکاتی کۆبونەوەکە گرنگترین دۆسییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی تاوتوێکراون، هەروەهاش ڕێگاکانی گونجاندنی حکومەتی نێوەند و حکومەتی هەرێم بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین جۆری خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان لە سەرانسەری ئێراقدا. "

شوان محەمەد رۆستەم، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند کە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر وزە گرنگترین بابەتە لە سەدانەکەدا.

ئەو پەرلەمانتارە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم گرفتی دروستکردووە."

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، هەرێمی کوردستان دەیەوێت عێراق رازی بکات بە جێکردنەوەی بڕێک پارەی مانگانە بۆ هەرێم، هەروەها خۆ بەدوورگرتنی حکومەتی عێراق لەدەستبردن بۆ بڕیارەکەی مانگی دووی ساڵی ڕابردووی دادگای فیدراڵی دژی نەوت و گازی هەرێم، تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و گاز لەپەرلەمانی عێراق دەردەچێنرێت.

بودجەی 2023

هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژی نەوت و گازی هەرێم بە نایاسایی ناودەبات، پێیوایە بە پێی دەستوری عێراق، مافی دەرهێنانی نەوتی لەو بیرە نەوتییانە هەیە کە بیری کۆن نین و لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لێدراون.

بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا، پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ گفتووگۆ لەسەر کردن و دەنگدان لەسەری. وەفدی حکومەتی هەرێم دەیەوێت پێش ناردنی پرۆژەکە بۆ پەرلەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق دا ڕێکبکەوێت.

بە ڕای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، سەرگرتنی هەر ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغدا گرێدراوە بە خواستی ئێرانەوە، بەو پێیەی کاریگەری لەسەر لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق هەیە.

شوان محەمەد، پەرلەمانتارەکەی پارتی، ڕایگەیاند، "گەر ئیرادەی بەهێز هەبێت بۆ ڕێککەوتن، هیچ شتێک نابێتە لەمپەر. ئێرانیش لە دۆخی عێراق تێگەیشتووە و ئاڵۆزبوونی دۆخەکە لەبەرژەوەندی نییە."

محەمەد حسێن، پسپۆڕی بواری ئابووری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کو شاندەکەی هەرێم دەیەوێت لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت بڕێک پارەی مانگانەی پێبدرێت لەبەرانبەر ڕادەستکردنی برێک نەوت دا بە عێراق.

ئەو چاودێرە وتی، "عێراق تا ئێستا پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق. عێراق دەیەوێت لەگەڵ هەرێم ڕێککەوتنێک بکات، بڕیارەکە بە جۆرێک جێبەجێ بکرێت ڕەزامەندی هەردوولای لەسەر بێت، بەڵام هەرێم ئەمە ڕەتدەکاتەوە و بڕیارەکەی دادگا بە نایاسایی و نا دەستوری ناودەبات."

XS
SM
MD
LG