Accessibility links

بەشار ئەسەد : دەبێت دانوستانەکانی تورکیا لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە داگیرکاری بێت


بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا تەوقە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە حەلەب، 6ی مانگی دووی 2011.
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا تەوقە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە حەلەب، 6ی مانگی دووی 2011.

سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا، پێویستە لەسەر بنەمای ئامانجەکانی کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی سەر زەوییەکانی سوریا و ڕاگرتنی پشتیوانی بۆ ئەوەی ناوی ناوە تیرۆر بێت، ئەمەش ئاماژەیەکی دیارە بۆ هێزەکانی ئەنقەرە لە باکووری سوریا و پشتیوانیکردنی لە یاخیبووان.

لە یەکەم لێدوانیدا کە بە ئاشکرا باسی لە دانوستانە گرنگەکان کرد کە ڕووسیای هاوپەیمانی سوریا سەرپەرشتی دەکات، ئەسەد هەروەها وتی کۆبوونەوەکان "پێویستە پێشوەختە لە نێوان سوریا و ڕووسیا هەماهەنگ بکرێن بۆ ئەوەی ئەنجامی بەرجەستە بەرهەمبهێنرێت کە سوریا بەدوایدا دەگەڕێت".

ئاژانسی هەواڵی مێهر ئەم لێدوانەی ئەسەدی بڵاوی کردۆتەوە ، کە ڕۆژی پێنجشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری سوریا لە دیمەشق ڕاگەیاندبوو.

تورکیا لە ماوەی 12 ساڵەی ململانێی سوریادا پشتیوانێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و چەکداری دژ ئەسەد بووە و هێزەکانی خۆی ڕەوانەی ناوچەیەکی باکووری ئەو وڵاتە کردووە.

مۆسکۆ پشتیوانی لە نزیکبوونەوەی دیمەشق و ئەنقەرە دەکات، مانگی ڕابردوو میوانداری دانوستانەکانی نێوان وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵاتەکە کرد بە ئامانجی کۆبوونەوەکانی نێوان وەزیرانی دەرەوە و دواجاریش سەرۆک کۆمارەکانە.

ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، لاڤرێنتیڤ وتی مۆسکۆ بە "ئەرێنی" سەیری کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری دەکات و هیوادارە گفتوگۆکان "تا ئاستی وەزیرانی دەرەوە" پەرەپێبدات.

ئەسەد ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ئەنجامەکان لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و پشتیوانیکردن لە تیرۆر بێت، کە دەستەواژەیەکە دەسەڵاتدارانی سوریا بۆ ئاماژەدان بە هەموو گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەکاریدەهێنن.

سەرچاوەیەک کە لە نزیکەوە زانیاری لەسەر دانوستانەکان هەیە ڕایگەیاندووە کە سوریا دەیەوێت تورکیا هێزەکانی لە ناوچەکانی باکور بکێشێتەوە و پشتیوانیکردنی لە سێ کوتلەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن ڕابگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG