Accessibility links

قائیمقامی پێنجوێن: وەک هاوسۆزی بۆ ناڕەزایی هاوشاریانم دەستم لەکار کێشایەوە


زانا ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئەمڕۆ دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە دوای ناڕەزایی و خۆپیشاندانی چەند ڕۆژەی شارەکە بەهۆی گرفتی کەمی کارەبا و سوتەمەنی.

زانا ڕەحمان ڕایگەیاند، " زیاتر لە ماوەی سێ ڕۆژە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی قەزای پێنجوێن لەسەر شەقامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا ، بەڵام کێشەکە چارەسەرنەکراوە."

هەروەها ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی لە دەرگای لایەن پەیوەندیدارەکانمان دا بێ وەلام بووین. وەک هاوسۆزیەک بۆ خەڵکی قەزاکەم ئەمڕۆ هەینی 13-1-2022 دەستبەرداری پۆستەکەم بووم."

لەبەرامبەر کەم بوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نشتیمانی قەزاکەیان ، ماوەی سێ ڕۆژە بەشێک لە دانیشتوانی قەزای پێنجوێن خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان ڕێکخستووە. خۆپیشاندەران ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیان داخستووە.

بەختیار عەلی، ئەندامی دەستەی بەڕێوبردنی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ،" ئێمە پەیوەندیمان بە قائیمقامی پێنجوێنەوەکردووە. ئێمە داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامان نەکردووە، ئەو خۆی لەبەرامبەر بەدەمەوە نەهاتنی قەزاکە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە."

ئەو سەرپەرشتیارەی خۆپیشاندانەکان ڕایگەیاند کە ئەوان ڕێگە بە هیچ جوڵەیەکی بازرگانی لە مەرزی باشماخەوە نادەن "تا گرفتەکەمان چارەسەر نەکرێت."

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "لە ئێستادا بڕی کارەباکەمان کەم کراوەتەوە و هیچ مۆلیدەیەکیش لە پێنجوێن نیە و هاوولاتیان تەنها پشت بە کارەبای حکومی دەبەستن بەمەبەستی گەرمکردنەوە."

پێچەوانیە زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان، كارەبای نشتیمانی قەزای پێنجوێن لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2014 بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئێرانەوە دابیندەکرا. بەڵام دواتر بەهۆکاری کێشەی دارایی، حکومەتی هەرێم نەیتوانی قەرزەکانی بداتەوە بە ئێران و بڕیاریدا کە خۆی کارەبای قەزاکە دابین بکات. بەوهۆیەوە کارەبای قەزاکە لە ئێستادا کەمکراوەتەوە بۆ 20 کاتژمێر.

هۆکارێکی تری ناڕەزایی هاوڵاتیانی قەزاکە لەسەر بڕی نەوتە. ئەمساڵ وەکو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان تەنها یەک بەرمیل نەوت بۆ هاووڵاتیانی پێنجوێن دابین کراوە. بەڵام دانیشتوانی قەزاکە دەڵێن بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و زستانی سەختە، دەبێت بڕێکی زیاتر نەوتیان بۆ دابینبکرێت.

سەبارەت بە کاریگەری خۆپیشاندانەکە لەسەر جوڵەی بازرگانی لە ناوچەکە، مەریوان کەریم ، لێپسراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماح، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەناو مەرزەکە، ئیش وکارەکان ڕانەوەستاوە . بەڵام ئەو بارهەڵگرانەی کە مەواد لەئێرانەوە بۆ پارێزگای سلێمانی دەگوازنەوە ،ڕێگەیان لێگیراوە و تەنها دەتوانن بچنە ناو پێنجوێنەوە."

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ڕۆژانە بڕی 30 مێگاوات کارەبا لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە هەولێرەوە دەگاتە سلێمانی و لەوێشەوە دەگەیەنرێتە پێنجوێن. ئێستا خواستی بەکارهێنانی کارەبا لە ناوچەکە بۆ نزیکەی 40 مێگاوایت بەرزبووەتەوە.

XS
SM
MD
LG