Accessibility links

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی: سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی قەرزی خانووبەرە و کشتوکاڵی پێداین


سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی پێداون، حکومەتی عێراق قەرزی کشتوکاڵی و پیشەسازی بە هاوڵاتییان و بازرگانەکانی هەرێمی کوردستانیش بدات.

لە سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دا بۆ ئەڵمانیا، وەفدێکی بازرگانی عێراقی لەگەڵ بوو، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە نێو وەفدەکەدا بوو، هەروەها شەوی هەینی ڕابردووش، سودانی لەگەڵ بازرگانەکان دا لە فرۆکەخانەی بەغدا کۆبوویەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"داوای قەرزی پیشەسازی و کشتوکاڵی و خانووبەرەمان بۆ هاوڵاتییان و بازرگانانی هەرێم کرد، سەرۆک وەزیران سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی کە هەرێم بەشێکە لە عێراق، چۆن ئەم قەرزانە هەرێمی نەگرتووەتەوە، بەڵێنی پێداین کاریان لەسەربکات."

دوای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرانبەر دیناری عێراقی، حکومەتی عێراق بڕیاریدا دۆلار بداتە بازرگانەکان بە نرخی (147) هەزار دیناری عێراقی، لەکاتێکدا بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێم دا سەقامگیر نییە، لە ئێستادا (100) دۆلار بەرانبەرە بە (157) هەزار دیناری عێراقی.

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕوونیکردەوە، هەموو ئەو کاڵایانەی بازرگانەکانی هەرێم هاوردەی دەکەن لە دەروازە سنورییەکانەوە بۆ خوارووی عێراق دەبرێن، گەر دۆلار بە نرخی گونجاو نەدرێتە بازرگانەکان، ئەوا نرخی کاڵاو شمەک لە بازاڕەکان دا گران دەبێت، وتی"سەرۆک وەزیران پێیوتین، بڕیاری پێدانی دۆلار بە هەرزانتر بە بازرگانەکان بۆ هەموو عێراق دەرکراوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەبێت دۆلار بدرێتە بازرگانەکانی هەرێمیش، بەو مەرجەی کاڵاو شمەک گران نەکرێت."

حکومەتی عێراق ئەو بڕیارەشی دەرکردووە، هەر هاوڵاتییەکی عێراقی بۆ نەخۆشی بڕواتە دەرەوەی وڵات و گەشت بکات، بڕی 5 هەزار دۆلاری بە دینار بۆ دەگۆڕدرێتەوە، لەبەرانبەر (100) دۆلاردا، (147) هەزار دیناری عێراقی لێوەردەگیرێت.

سیروان محەمەد، وتی"ئەم بڕیارەش خەڵکی هەرێم دەگرێتەوە و هاوڵاتیانی هەرێم دەتوانن لە بانکە عێراقییەکان، بڕی 5 هەزار دۆلار بگۆڕنەوە بە دینار."

جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق و دەستخستنی دۆلار بە هەرزانتر بە لای هاوڵاتییانەوە بە زەحمەت دادەنرێت، بەو پێیەی دەستگەیشتنیان بە بانکە عێراقییەکان قورسە، لە کاتێکدا ئەمە بۆ دانیشتوانی عێراق ئاسانترە.

بەڵام سیروان محەمەد، وتی"16 بانکی عێراق لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە، بازرگان و هاوڵاتیش دەتوانن لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە دۆلار دەست بخەن و سود لە بڕیارەکەی عێراق وەربگرن."

ئەو بڕیارانەی حکومەتی عێراق دەریکردوون و هەرێمی کوردستانیش سودمەند دەبێت لێیان لەکاتێکدایە، بەهۆی خراپی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دانیشتوانی هەرێم بێبەشکراون لە سودمەندبوون لە زۆربەی بڕیارەکانی عێراق.

سیروان محەمەد وتیشی"داوای ناردنی نەوت و سوتەمەنیشمان لە سەرۆک وەزیران کرد بۆ هەرێم، داواشمانکرد پشکی سلێمانی زیاتر بێت بەو پێیەی کەش و هەواکەی ساردترە، بەڵێنی ناردنی سوتەمەنیشی پێداین."

XS
SM
MD
LG