Accessibility links

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆدەبێتەوە 


حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی شەممە، ١٤ی ئەم مانگە لە چوارچێوەی دیدارێکی فەرمیدا بۆ وتووێژ لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا گەیشتە شاری دیمەشق.

گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لەکاتێکدایە کە تورکیا و سوریا بۆ چارەسەری قەیرانی لەمێژینەی نێوان هەردوو وڵات خەریکی دانوستاندنن و ئەگەری دیداری ڕووبەڕووی بەشار ئەسەد و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش هاتوەتە ئاراوە.

حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، ڕۆژی هەینی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەیروت سەبارەت بەو پرسە ڕایگەیاند و گوتی "ئێمە دڵخۆشین بەو وتووێژەی کە لە نێوان سوریا و تورکیا بەڕێوەدەچێت و پێمان وایە کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەبێت."

ئاژانسی هەواڵی مێهر کە ئاژانسێکی سەر بە حکومەتە، تۆزێک پێش ئێستا ڕاگەیاند کە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ شاندێکی باڵا، بەیرووتی پایتەختی لوبنانیان بەرەو دیمەشق بەجێهێشتوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سوریا کۆببێتەوە.

مێهر نووسیوێتی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ گەیشتنی بۆ دیمەشق لەلایەن هاوتا سورییەکەیەوە فەیسەڵ مەقداد پێشوازی لێکراوە، بەڵام زانیاری زۆرتری لەو بارەوە نەخستوەتەڕوو.

شایانی باسە کە ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ڕۆژی هەینی لە بەیروت ڕایگەیاند و گوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی تەواوی خەڵکی سوریا ، حکومەت و سوپای لوبنان.

هەروەها بەڵێنیدا کە کۆماری ئیسلامی هاوکاری ئەو وڵاتە بکات بۆ دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی کارەبا لە لوبنان و گوتی "ئێران لە کاتە سەختەکاندا دۆستی لوبنان بووە و دەمێنێتەوە."

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەیروت گوتی "ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپایی بە ئامانجی لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی، مەرگی کچێکی ئێرانیان کرد بە بیانوویەک بۆ دروستکردنی پشێوی لە وڵاتەکەدا بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا" و گوتیشی "بەڵام ئێمە هێشتا پابەندین بە قسەکانم لە دانوستانەکاندا."

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لە کۆتایی گەشتەکەیدا بۆ بەیروت ڕایگەیاند و گوتی "دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعودیە بەردەوامە و لە کۆتاییدا دەتوانێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بگەڕێنێتەوە کە ساڵانێک لەمەوبەر پچڕاوون".

ئەو گوتیشی مانگی ڕابردوو لە میانی کۆنفرانسێکدا لە ئوردن لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی سعودیە کۆبووەتەوە و ئەم دیدارەش بەرزترین ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو وڵاتە لەوەتای پەیوەندییەکانیان پچڕاندوە.

سەرچاوە/ ئاژانسی مێهر، ئەلجەزیرە، AP

XS
SM
MD
LG