Accessibility links

ئەمەریکاییەکی بەڕەچەڵەک ئێرانی لە زیندانەوە نامەیەک بۆ سەرۆک بایدن دەنێرێت و مانگرتن لە خواردن دەستپێدەکات


سیامەک نەمازی ئەمەریکاییەکی بە ڕەچەڵەک ئێرانی بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی سەرنج بخرێتە سەر بەردەوامی دەستبەسەرکردنەکەی لە ئێراندا، هاوکات داوا لە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەکات هەموو ئەو ئەمەریکاییانەی لە ئێراندا زیندانی کراون بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات.

نەمازی لە ساڵی 2015 دەستگیرکرا و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزا درا، کە ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تۆمەتە بەبێ بنەما دادەنێن.

داواکارییەکەی ڕۆژی دووشەممەی لە شێوەی نامەیەکدا بوو بۆ سەرۆک بایدن کە لەلایەن جێرد جێنسەر، پارێزەری نەمازییەوە لە حەوتهەمین ساڵیادی ئەو ڕێککەوتنەدا بڵاوکرایەوە کە ئێران پێنج ئەمەریکایی ئازادکرد لە بەرامبەر ئەوەی ئەمەریکا لە حەوت ئێرانی خۆشبێت. ئەو ئاڵوگۆڕە هاوکات بوو لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، لە کاتێکدا بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوو.

نەمازی لە نامەکەیدا بۆ بایدنی نوسیوە " کاتێک بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما ناڕەوایانە منی لە مەترسیدا بەجێهێشت و ئێرانییەکانی تری کە بە بارمتە گیرابوون لە 16 ی یەکی 2016 دا ئازاد کرد، حکومەتی ئەمەریکا بەڵێنی بە خێزانەکەم دا کە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بە سەلامەتی بمگەڕێنێتەوە وڵات."

نامازی کە بە درێژخایانترین بە بارمتەگیراوی ئەمەریکا لە ئێران دادەنرێت دەڵێت " لە پاش حەوت ساڵ و دوو گۆڕانی دوو سەرۆک، هێشتا لە قەفەسی زیندانە بەدناوەکەی ئێوینی تاراندا ماومەتەوە."

نەمازی ئاماژەی بە لێدوانەکانی بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکاش کرد کە دەڵێن ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکاییەکان لە ئێران لە پێشینەی کارەکانییە، بەڵام دەشڵێت فێر بووە کە زۆر هیوای لەسەر هەڵنەچنێت.

لە کاتێکدا ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ مان لە خواردن دەگرێت، نەمازی داواشی لە سەرۆک بایدن کرد لە هەر یەک لەو ڕۆژانەدا تەنها یەک خولەک تەرخان بکات " بۆ بیرکردنەوە لە ناخۆشیەکانی بارمتە ئەمەریکاییەکان لە ئێران".

باقر نەمازی، باوکی سیامەک نەمازی، لە ساڵی 2016 پاش گەشتێکی بۆ ئێران بۆ سەردانیکردنی کوڕەکەی دەستگیرکرا و چەند ساڵ بە هەمان تۆمەت لە زیندان مایەوە بەر لەوەی لە مانگی دەدا بەهۆکاری تەندروستی ئازاد بکرێت.

XS
SM
MD
LG