Accessibility links

مەترسی دواخستنەوەی هەڵبژاردن پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە


هێشتا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم ناکۆکن، بۆیە مەترسی دواخستنەوەی هەڵبژاردن دروستبووە، بەوپێیەی کاتێکی کەم لەبەردەم کۆمیسیۆنی هەڵبژاردندا ماوە، تا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو، تەمەنی یاسایی خۆی بۆ ماوەی ساڵێک و تا ڕۆژی 31ی مانگی دوازدەی ئەمساڵ درێژکردەوە، کاتێکی کەم لەبەردەم کۆمیسیۆن دا ماوە، تا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی کرداری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەنراوە.

شێروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کودستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت "بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دەبێت لایەنەکان ڕێکبکەون، کێشەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چارەسەر بکرێ، وادەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران تەواو بووە و دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێبدرێتەوە، مەرسومی سەرۆکی هەرێم دەربکرێت و ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بکرێ، حکومەت بودجە بۆ هەڵبژاردن تەرخان بکات و دەبێت 6 مانگیش وادەمان لەبەردەست بێت بۆ ئامادەکاری."

ئەو وتیشی "گەر تا ڕۆژی 1ی مانگی چوار لایەنەکان ڕێبکەون، ئێمە دەتوانین لە رۆژی 1 ی مانگی دە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، گەر لایەنەکان تا ڕۆژی 1 ی مانگی پێنج ڕێبکەون، ئێمە دەتوانین لە رۆژی 1ی مانگی یازدە هەڵبژاردن بکەین."

دوای پێشوازیکردنی لە برێت مەکگۆرگ، ڕۆژی سێشەمە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند"پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت و هیچ بیانوویەکیش بۆ دواخستنی قەبوڵ ناکرێت."

ئەمڕۆ چوارشەمەش، یەکێتی، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کۆبوونەوە و پێشوازییان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کرد، بەو مەرجەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش کە وادەی بەسەر چووە، کارا بکرێتەوە.

پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"کۆمیسیۆن وادەی کەمی لەبەردەست دا ماوە بۆ ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردن، گەر بچینە نێو مانگی 4 ەوە، ڕەنگە گرفت دروست ببێت و کات تێپەڕێ."

لای خۆیەوە، عەلی حەمە ساڵەح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە دووری دەزانێت هەڵبژاردن لەمساڵ دا ئەنجام بدرێت، دەڵێت"پارتی رازی نییە کوردستان بکرێتە 4 بازنەی هەڵبژاردن کە لایەنەکانیش لەگەڵ یەک بازنەییدا نین، گەر کۆمیسیۆنیش کارا بکرێتەوە، یاسای هەڵبژاردن هەیە و ئۆتۆماتیکییەن هەڵبژاردن دەکرێت، بۆیە لایەنەکان نایانەوێ تا یاساکە هەموار دەکرێتەوە، کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە."

یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی 1992 ەوە تا ئێستا حەوت جار هەموار کراوەتەوە، بەشێک لە لایەنەکان پێیانوایە یاساکە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستادا ناگونجێت و پێویستی بەهەموار کردنەوە هەیە پێش ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام پارتی دیموکرات و چەند لایەنێکی تر لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دواخستنی ئەم پرسەدان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

یاسین حەمە عەلی بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"تا لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن و دیدگای هاوبەش دروست نەبێت لەسەر گرفتەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن، کوردستان لە دۆخی چەقبەستووی دەربازی نابێت."

هەروەها وتیشی"کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش فشار دەکەن بۆ سازان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونکە دۆخی چەقبەستتووی هەرێم ئەوانیشی نیگەران کردووە."

هەرچەندە لایەنەکان و بەدیاریکراوی یەکێتی و پارتی ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵبژاردن ڕاگەیاندووە، بەڵام ناکۆکی نێوان ئەم دوو هێزە زیاتر هۆکاری پەکخستنی هەڵبژاردنە، بەو پێیەی دوو هێزی حوکمڕانی هەرێمن و هەریەکەیان و لەجوگرافیایەکی دیاریکراودا دەسەڵاتدارن.

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"تا یاسای هەڵبژاردن کارا نەکرێتەوە و پێکهاتەکان نەبنە خاوەنی راستەقینەی کورسییەکانیان، تا تۆماری دەنگدەران نوێ نەکرێتەوە و خەڵکی ناوچەکان نەبنە خاوەن نوێنەری خۆیان لە ڕێگەی شێوازی فرە بازنەییەوە، هەڵبژاردن گەر ئەنجامیش بدرێت هەمان ئەنجامی ئێستای دەبێت، کەواتە لە نێو هەمان بازنەدا دەخولێینەوە."

یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان گەر دەستی بۆ ببرێت و هەموار بکرێتەوە، ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەری ئاسان نابێت، بەو پێیەی ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن، کورسی پێکهاتەکان، دەنگدانی تایبەت و تۆماری دەنگدەران و چەندین پرسی تر، لە نێو لایەنەکان دا ناکۆکی قوڵیان لەسەرە.

خالد عەبدولکەریم چاودێرسی سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردن دەترسن هەریەکە و بەجۆرێک، یەکێتی و گۆران و دوو لایەنە ئیسلامییەکە دەترسن هەڵبژاردن بەیاسای ئێستای هەڵبژاردن بکرێت و پاشەکشە بکەن، پارتیش دەترسێت گەر یاساکە بگۆڕێت، دەنگەکانی پێشووتری نەهێنێتەوە و زەرەرمەند بێت."

XS
SM
MD
LG