Accessibility links

هاوپەیمانان و عێراق بۆردوومانی داعش دەکەن لە نزیک خورماتوو


فرۆکەکانی هاوپەیمانان و فرۆکە عێراقییەکان درەنگانێکی ئێوای ڕۆژی هەینی، شەش جار بنکە و بارەگاکانی داعشییان لە ناوچەی غەرەوپەڵکانەی باکوری رۆژهەڵاتی خورماتوو بۆردومانکرد.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش فرۆکە بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە و چاودێری جوڵەی داعش دەکات.

بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە هۆکاری بۆردومانکردنی داعش لەلایەن فرۆکەکانی هاوپەیمانان و عێراق بۆ جوڵەی داعش گەڕاندەوە، بە تایبەت کە ڕۆژی یەکشەمە هەر لەو ناوچەیە داعش دوو شوانکارەی کوردی رفاندووە و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە.

فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە دەنگی ئەمەریکای وت، "فرۆکە جەنگییەکان لە ماوەی نیو کاتژمێردا، 6 جار حەشارگەکانی داعشی بۆردومانکردووە و تائێستا فرۆکە دەسوڕێتەوە. دوکەڵ بە ئاسمانی ناوچەکەدا بەرز بووەتەوە."

ئەو فەرماندەیە ڕایگەیاند کە زیانەکانی ئەم بۆردوومانە تا ئێستا نەزانراون

ناوچەی غەڕەو پەڵکانە سێ گۆشەیەکی پڕ لە دۆڵ و شیوە، وە پارێزگاکانی کەرکوک، سەڵاحەدین، دیالەو ناوچەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە. لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەم ناوچەیە بووەتە یەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی داعش لە عێراق.

بەگوێرەی فەرماندە سەربازیەکانی ناوچەکە، سەرجەم ئەو هێزانەی داعش لە نێوان پارێزگاکاندا جوڵەی پێدەکات سەرەتا بۆ پشوودان دەیانباتە ناوچەی غەرە و پەڵکانە، دواتر دابەشیان دەکات بەسەر مەفرەزەی بچوک بچوک دا و بەسەر پارێزگاکاندا دابەشیان دەکات.

محەمەد سامان، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی زنانە، لە بارەی هۆکاری بۆردومانکردنی چەکدارانی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"داعش جوڵەی هەبووە و هاوپەیمانان و عێراقیش چاودپریان کردوون."

ئەو وتیشی"هەرکات داعش جوڵەیان هەبێت، لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و عێراقەوە بۆردومان دەکرێن."

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەرپرسی داعش لەو ناوچەیە ناوی ئەبوعەبدوڵایە و خەڵکی ناحیەی سلێمان بەگی سەربە خورماتووە. ژمارەی چەکدارانی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەندێکجار ژمارەیان دەگاتە 25 چەکدار و زیاتریش، ناو بە ناویش تەنها چەند مەفرەزەیەکییان لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

لیوا محەمەد رۆستەم، جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە_حەمرین، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ناوچەی غەرە و پەڵکانە بووەتە پێگەیەکی سەرەکی داعش، بۆیە بە بەردەوامی چاودێری جوڵەیان دەکرێت، چونکە لەو ناوچەیەوە پەلاماری هێزە عێراقی و کوردییەکان دەدەن."

ئەو چەکدارانەی داعش کە لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانەن ناو بەناو لە گوندە کوردنیشینەکانی سەربە ناحیەی زنانە نزیک دەبنەوە و شوانکارە کوردەکان دەڕفێنن و دواتر لەبەرامبەر بڕێکی زۆر پارەدا ئازادیان دەکەن. لە دوایین کرداری لەم شێوەیە، ڕۆژی یەکشەمەی رابردوو دوو شوانکاری کوردییان رفاند.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەک بۆ دەنگی ئەمەریکا، داعش بۆ ئازادکردنی دوو شوانکارەکە داوای بڕێکی زۆر پارەی لە کەس و کارەکانییان کردووە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، دانیشتوانی ناحیەی زنانە کە لەلایەن داعشەوە هەراسانکراون سەردانی ئیدارەی گەرمیانییان کرد و داوایان لە حکومەتی هەرێم کرد هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە بکات بۆ پاراستنییان.

جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، دوای پێشوازیکردنی لە دانیشتوانی ناحیەی زنانە، رایگەیاند، "داعش مایەی مەترسییە بۆ خەڵکی ناوچەی زنانە. بۆیە داواکارییەکانیان بۆ حکومەتی هەرێم بەرز دەکەینەوە و دەبێت بەزووترین کات مشوری ئەو ناوچەیە بخورێت."

XS
SM
MD
LG