Accessibility links

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی: جگە لە ڕێگرتن لە بەقاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار هیچ رێگە چارەیەکی تر لەبەردەم حکومەتی عێراق دا نییە


بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، گەر حکومەتی عێراق جدی بێت لە لێپێچینەوەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی یاری بە بەهای دۆلارەوە دەکەن و دۆلار بە قاچاخ لە عێراقەوە دەبەنە ئێران، سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو دەگەڕێتەوە.

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو لە ڕێگەی دەستگیرکردنی خەڵکی هەژار و چاوپۆشین لە باندە گەورەکان نایەتە دی."

هەروەها وتیشی"بانکی ناوەندی گەر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگیرییەوە هاوکاری نەکرێت، ناتوانێت بەهای دۆلار سەقامگیر بکاتەوە، چونکە بارودۆخەکەو یاری کردن بە بەهای دۆلار لێپێچینەوەی ئەمنیشی دەوێ."

ئەمڕۆ شەمە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ژمارەیەک لەو کەسانەیان دەستگیرکرد کە کاری گۆڕینەوەی دراو دەکەن و چەند نوسینگەیەکیشیان داخست، بە پاساوی یاریکردن بە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق دا.

فازڵ نەبی، دەڵێت"دووجۆر بە قاچاخ بردنی دۆلار هەیە، جۆرێکیان بە قاچاخ بردنی دۆلارە بۆ ئێران کە ئەمەریکای نیگەران کردووە، جۆری دووەمیان سپی کردنەوەی پارەیە کە بەرپرسە گەورەکان دەیکەن، ئەمەش ناسەقامگیری بەهای دۆلاری لێکەوتووەتەوە، ئەگینا عێراق خاوەنی پارەیەکی زۆری یەدەکە و دەبوو بەهای دراوی عێراقی زۆر بەرز بێت."

سەرباری بەڵێنە بەردەوامەکانی بانکی ناوەندی و بەرپرسانی عێراق بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بەهای دۆلار، بەڵام بەهای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عێراقی نا جێگیرە و بەڵێنەکان سەقامگیرییان بۆ بەهای دۆلار نەگێڕاوەتەوە.

فازڵ نەبی پێیوایە ئێران بۆ دەستخستنی دۆلار دەستبەرداری عێراق نابێت، وتی"گەر بە قاچاخ بردنی دۆلار کەم بکرێتەوە، کاریگەری لە سەر بازاڕی دراو دەبێت."

ئەو وتیشی"گەر عێراق مەسەلەی بردنە دەرەوەی دۆلار کۆنترۆڵ نەکات، توشی کێشەی گەورەی ئابووری دەبێت، بۆیە هیچ رێگەچارەیەکی تر لەبەردەم عێراق دا نییە، جگە لە ڕاگرتنی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار."

کۆتایی ساڵی ڕابردوو، بانکی ناوەندی عێراق چوار بانکی لە پرۆسەی کڕینی دۆلار بە زیادکردنی ئاشکرا دوورخستەوە، بە بیانووی ئەوەی دۆلار دەبەنە دەرەوەی عێراق.

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لە بارەی دوورخستنەوەی ئەو بانکانە و کاریگەرییان لەسەر گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو، دەڵێت"ئەو بانکانە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوە دامەزرێنران، تا دۆلار بکڕن و بیبەنە دەرەوە، بۆیە دوورخستنەوەی ئەو بانکانە بڕیارێکی گونجاو بوو، کاریگەری خۆشی دەبێت."

XS
SM
MD
LG