Accessibility links

پۆڵا تاڵەبانی: یەکێتی و پارتی هیچ لایەکیان ناتوانێت بە بچوک سەیری ئەویتریان بکات


پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، حیزبەکەی نیگەرانە لە جێبەجێ نەکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کراون بۆ پێکهێنانی حکومەت، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە یەکێتی و پارتی ناتوانن یەکتری پەراوێزبخەن و بەبچووک سەیری یەکتری بکەن، بۆیە دواجار دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتووگۆ.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەبارەی کێشەکانی یەکێتی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دا، دەڵێت"دەبێت حیزبەکانی پێکهێنەری حکومەت پشتیوان بن بۆ باش بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکانی حکومەت، لەکاتێکدا ئەو حکومەتە بە ئەرک و مەهامی خۆی بۆ خزمەتکردنی خەڵک هەستێت، حکومەتی هەموو خەڵک و ناوچەکان بێت و بەعەدالەت حوکمڕانی و خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، ئەوکات حیزبیش کێشەی لەگەڵ حکومەت نابێت."

جەختیشیکردەوە"حکومەت حکومەتی خۆمانە، بەڵام گلەییمان لەو مەبدەئی شەراکەتە هەیە، یاخود جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنانەی حکومەتی لەسەر پێکهێنراوە هەیە."

سەبارەت بە لێدوانی هەندێک بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر تێپەڕینی سەردەمی پەنجا بە پەنجای تایبەت بە ڕێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ یەکێتی، پۆڵا تاڵەبانی دەڵێت"یەکێتی و پارتی هیچ لایەکیان ناتوانێت بێ ئەویتر وڵات بەڕێوەبەرێت، هیچ لایەک ناتوانێت ئەویتر پەراوێز بخات و لەخۆی بچووکتر سەیری بکات، نە پارتی دەتوانێت یەکێتی پەراوێزبخات و بچووکی بکاتەوە، یەکێتیش وەلا نانی پارتی ناوێت، بۆیە سەقامگیری هەرێم پێویستی بە تەبایی یەکێتی و پارتی هەیە، دەبێت هەردوولا رێز لە یەکتری بگرن."

دەربارەی تۆمەتبارکردنی هەندێک لە پلەدارە ئەمنییەکانی یەکێتی بە دەست هەبوون لە کوشتنی عەقیدێکی دژەتیرۆردا لەهەولێر، مەکتەب سیاسییەکەی یەکێتی دەڵێت"یەکێتی لە یەکەم ڕۆژەوە قسەی خۆی کردووە، ناکرێ پێش لێکۆڵینەوەکردن، کۆمەڵێک خەڵک لە خۆڕا تاوانبار بکەیت، یەکێتی بڕوای بە یاسا هەیە و پشتیوانی دەکات، بۆیە لاری نەبووە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە تەنانەت گەر لایەنی نێودەوڵەتیش تێیدا بەشدار بێت، بۆیە هەموو کێشەکان پێویستیان بە گفتووگۆیە."

پۆڵا تاڵەبانی، وتیشی"دەبێت یەکێتی و پارتی ڕێگە نەدەن کێشە دروست ببێت، تا خەڵکی خراپ کێشەکان گەورە نەکاتەوە، دەبێت هۆکاری کێشەکان بە گفتووگۆ چارەسەر بکرێن، گەر ئەمە کرا، خەڵکی خراپیش هەوڵی خراپ سود وەرگرتن لە کێشەکان و گەورەکردنەوەیان نادات."

لە بەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاشکرایکرد، هەوڵ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە ڕێگەی گفتووگۆوە، ئاماژەی باش هەن بۆ خاو بوونەوەی ئاڵۆزییەکان، وتی"بەڵام دەبێت هەنگاوی کرداری بنرێ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، ئەو هۆکارانەی بوونەتە مایەی دروستبوونی گرفت وەلاوە بنرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، ئێمە خەڵکی یەک وڵاتین و دەتوانین پێکەوە گفتووگۆ بکەین، پێویست بە یەکتری شکاندن و بەکارهێنانی راگەیاندن ناکات بۆ ئەم مەبەستە."

XS
SM
MD
LG