Accessibility links

ڕووخانی باڵەخانەیەک لە گەڕەکێکی کوردنشینی حەلەب ژمارەیەک قوربانی لێدەکەوێتەوە


باڵەخانەیەک لە گەڕەکی شێخمەقسودی کوردنیشین لە شاری حەلەب بەسەر دانیشتوانەکەیدا داڕما، لە ئەنجامدا قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە باڵەخانەیەکی 5 نهۆمی لە شەقامی مەروفی ئەو ناوچەیە بە تەواوی وێران بووە.

ئه ندامێکی ئیدارەی شارەوانی لە گەڕەکی شێخمەقسود، محمد ئەمین عەلیکۆ، به دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "حەوت خێزان له باڵه خانه ڕووخاوه کەدا ژیاون و سەرجەمیان کەوتوونەتە ژێر داروپوردووی باڵەخانە ڕووخاوەکە".

سەبارەت بە دەرئەنجامی ئەم ڕووداوە، عەلیکۆ ڕایگەیاند، "تا ئێستا 12 کەس کە 5یان منداڵن، گیانیان لەدەستداوە و 2 کەسیش بریندار بوون، هەروەها نزیکەی 16 کەسیش هێشتا لە ژێر داروپەردووەکاندا ماون، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ژمارەیە زیاد بکات."

عەلیکۆ ڕایشیگەیاند "هەوڵەکانی ڕزگارکردن بەردەوامن، شاعیری کورد ڕیدوان ئاگری و هاوسەرەکەی لەنێو قوربانییە ناسراوەکانن، بەڵام هێشتا ناسنامەی قوربانییەکانی دیکە ئاشکرا نەکراوە".

هەروەها سەرچاوەکانی گەڕەکەکە ڕایانگەیاندووە کە تیمەکانی فریاکەوتن و تەندروستی سەر بە حکومەتی سوریا بەشداربوون لە هەوڵەکانی ڕزگارکردن و لابردنی پاشماوەکان (کە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا بەردەوامن).

سەبارەت بە هۆکاری داڕمانی باڵەخانەکە، سەرچاوەکان گومانیان هەیە کە دزەکردنی ئاو لە ژێرزەمینەکەی بیناکەدا بووەتە هۆی لاوازبوونی بناغەی بیناکە و داڕمانی.

ژمارەی دانیشتووانی دوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب، شێخمەقسود و ئەشرەفییە، نزیکەی 270 هەزار کەسە، کە زۆربەیان کۆچبەری عەفرینن، کە شارەوانیی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە کاروباری هەردووکیان بەڕێوەدەبات..

XS
SM
MD
LG