Accessibility links

حاکم ڕزگار: دادگای فیدڕڵی عێراق "لە بنەڕەتدا یاساکەی نادەستورییە" و بەرپرسانی کورد درکیان بەگرنگی ئەو دەزگایە نەکردبوو


دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین، ئەندامی پێشووی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دادگای فیدڕاڵی عێراقی بەوە ناوزەندکرد کە "لە بنەڕەتدا یاساکەی نادەستورییە" و بەرپرسانی کوردی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە بنەڕەتدا "درکیان نەکردووە" بە بایەخی ئەو دادگایە لەسەر داهاتووی بڕیاردان لە عێراقدا.

لێدوانەکەی ڕزگار محەمەد دوای ئەوە هات کە ڕۆژی چوارشەممە 26/1/2023 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ناردنی 400 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی فەرمی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەم بارەوە بێئەنجام بوون.

دادوەر ڕزگار کە یەکێک بوو لەو دادوەرانەی کە بەشداربوونە لە پڕۆسەی دادگاییکردنی سەدام حوسێن، هەروەها ڕەخنەی لە هەڵوێستی دوو ئەندامە کوردەکەی دادگای فیدڕاڵ گرت لە بڕیارەکە و ڕایگەیاند، "ئەگەر من بوومایە لەوانەیە بهاتمایەتە دەرەوە لە دانیشتەکە و بێگومان ڕوونکردنەوەشم دەدا چونکە بابەتێکی بەتەنها یاسایی نییه،‌ بەڵکو بابەتێکە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی ملیۆنەها خەڵکەوە هەیە." ‌

بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەندامە کوردەکان ئەو ڕەخنانەی ڕەتکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بەشداری ئەوان بۆ ئەوە بووە کە ناڕەزامەندییان لەسەر بڕیارەکە تۆماربکەن.

ئەمەی خوارەوە دەقی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکایە لەگەڵ دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین کە بۆ ئاسانکاری خوێندنەوە کورتکراوەتەوە. تەواوی وتووێژەکە لە ڕێگەی تۆماری دەنگیەوە هاوپێچ کراوە.

دەنگی ئەمەریکا: بەشێک لە بەرپرسانی کورد دادگای فیدڕاڵی عێراق بە لایەندار تۆمەتبار دەکەن. تۆ وەکو کەسێکی یاسایی ئەمە چۆن دەبینیت؟

حاکم ڕزگار: من پێوایە لە بنەڕەتدا یاسای دادگاکە یاسایەکی نادەستورییه،‌ چونکە بەپێی ماددەی (92) بڕگەی (2) لە دەستوری عێراق دادگاکە پێکنەهاتووە کە پێویستە شارەزا لە فیقهی ئیسلامی و یاساناس لە یاسا و دادوەری تێدابێت. ئەوەی لە ئێستادا کاری پێدەکات بێگومان ئەو یاسا دەستورییە نییە دەسەڵات و پێکهاتەکەی وەکو دەستور نییە. پێکهاتەی دادگاگەکە وەکو ماددەی (92) بڕگەی (2) دەستور نییه.‌

لای من پرسیار دروست دەکات بۆچی دەبێت دادگایەک دروست بکرێت لەبنەڕەتدا دەستوریی نەبێت.

دەنگی ئەمەریکا: ئەمە چ کاریگەری دەبێت لەسەر دروستی ئەو بڕیارانەی دادگاکە دەریاندەکات؟

حاکم ڕزگار: دادگاکە وەکو واقیعی هەیە ئەگەرنا بەپێی یاسایەکی نادەستوری دامەزراوە. هەرێمی کوردستانی کە خۆشی دەناڵێنێت بەدەستیەوە و ئینکاری لێدەکات ئەوانیش ئەندامیان هەیە لەوێ ئەندامەکانیشیان بەڕێگەی پشک لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دایە. وە بە سەپاندنی تەنانەت ئیرادەی بەغدادیش بەسەر هەرێمی کوردستاندا لە بابەتێکیاندا، دادگای دەستوریی باڵای فیدڕاڵی دەبێت پشکنین بۆ ئەو بڕیار و ڕێکارانە بکات کە دەستورین یان نا دەستورین.

دەنگی ئەمەریکا: پێتوایە ئەم دادگایە کەوتۆتە ژێر کاریگەری سیاسی و هەستی نەتەوەیی لە بڕیارەکانیدا؟

حاکم ڕزگار: پرسیارەکە هەڵەیە. خۆی تەنانەت ئاو وهەواش کەوتۆتە ژێر کاریگەری سیاسیەوە. کام دەزگایە هەیە لەعێراقدا لەژێر کاریگەری سیاسی نەبێت و بەپیشەیی تەواوی خۆی هەڵبسێت؟ هەموویان لەژێر کاریگەری سیاسیدان تەنانەت دانانیش بەپێی پشککاری دادەنرێت.

دادوەر دەبێت لەسەرو هەموو ڕەچاوکردنێکی مەزهەبی و نەتەوەیی بێت. من دەڵێم بابەتەکە بەدەر نییە لە کاریگەری پشکداری حزبی، مەرج نییە بەناوی مەزهەبەوە یان نەتەوەوە شتێک دەکات. بەڵام لە بابەتێکی ئاوادا کە پەیوەندی بە ژیان و ئابوری ناوچەیەکەوە هەیە دەبێت ئەم دادگایە هەڵوێستەکەی هەڵوێستێکی حقوقی-ماف بێت... کێشە هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد لەسەر ئەوەی هەرێم داهات نانێرێت. ئەوە نابێت ڕێگر بێت لەوەی شایستەی دارایی خەڵکی کوردستانی عێراقی بفەوتێنرێت. ئەوە بابەتێکە و ئەمەش بابەتێکی ترە، نابێت قوتی خەڵک ببێت بە بابەتێکی سیاسی.

بێبەش کردنی کۆمەڵێک خەڵک لە هەرێمێکدا یان هەرشوێنێکی عێراقدا لەوەی کە بێبەش ببن لە بودجەی عێراق نەدەستوریە و نەهاوڕایە لەگەڵ مافی مرۆڤ و نەکارەکەش مرۆڤانەیە...دادگای فیدڕاڵی بەتەنها دادگایەکی شکلی داخراوی بچوک نییه،‌ ئەقڵ بچوک نییە وابەستە بێت بە قەزیەی نێوان ژن و مێردێک کە لەیەکتری جیادەبنەوە. بەڵام من مەزەندە دەکەم ئەو دادگا فیدڕاڵیە بۆ دەوڵەتێک بێت کە تێیدا ڕێز لە دەستور بگرێت. دادگای دەستوری لە عێراقدا، بەپێی یاسای بنەڕەتی ساڵی ،1925 هەمیشە ئەو دادوەرانەی لەوێ دانراون دەبێت لە دادوەری دادگای تەمیز بن...عێراق بەڕاستی ئەزموونی لەسەر دادگای دەستوریی نییه.

دەنگی ئەمەریکا: ئایا دادوەرە کوردەکان دەیانتوانی دژی ئەو بڕیارە بوەستنەوە؟ دەیانتوانی واژووی نەکەن؟

حاکم ڕزگار: لەناو دەستەی قەزاییدا بەزۆرینە و کەمینە بڕیار دەردەچێت، بەڵام هەموو دادوەرانەی لە دادگادان ئازادن لەوەی ڕای خۆی دەربڕێت و ڕای پێچەوانەکەشی خۆی ڕوون بکاتەوە. بڕیار کە دەردەچێت بە زۆرینەیە.

من پێموایە هەر لە بنەڕەتدا هەرێمی کوردستان گوێی بەوە نەداوە کە دادگایەکی باڵای فیدڕاڵی دروست ببێت...بەبۆچوونی من هەرێمی کوردستان ئەو ئیدراکەیان نەبووە لەسەر بایەخی ئەو دادگایە. من بۆچوونم وابوو دەبێت ئەو بڕیارانەی دەردەچێت سەبارەت بە هەرێمەکان دەبێت ڕێژەیەکی بۆ دیاری بکرێت لە دەنگداندا نەک بە زۆرینە و کەمینە بێت. من کاتی خۆی ئاگاداری لایەنی سیاسیم کردۆتەوە بە نامەی تایبەتی لەوبارەیەوە.

دەنگی ئەمەریکا: ئەگەر ئێوە ئەندامی دادگاکە بوونایە چیتان دەکرد وەکو دادوەرێکی کورد؟

حاکم ڕزگار: هەڵەبەتە هەڵوێستی یاسایی خۆمم دەبوو لەناو دەستەکه.‌ پێویستە بە گفتوگۆی برایانە بۆ ڕاکێشانی رای ئەندامەکانی تر و بە گفتوگۆی یاسایی ڕازیکەر یەکەمجار ئەو ڕێگەیە بگیرێتەبەر، ئەگەر ئەو ڕێگەیە سەرکەوتوو نەبوو ، ئەگەر من بوومایه،‌ لەوانەیە بهاتمایەتە دەرەوە لە دانیشتەکه.‌ بێگومان ڕوونکردنەوەشم دەدا چونکە بابەتێکی بەتەنها یاسایی نییه،‌ بەڵکو بابەتێکە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی ملیۆنەها خەڵکیەوە هەیە. پێویستە ڕوونیش بکرێتەوە ئەگەر پەیوەندی بە هاوڵاتیەکی بەسرە یان کوت و ڕومادیەوە هەبێت ئەگەر بڕوام پێی نەبێت بەرگری لەو خەڵکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش دەکەم وەکو دادوەر چونکە دادوەر دەبێت (مجرد) بێت. من بە دادوەری پشککاری باوەڕم نییە. دادوەر واتە ویژدان و یاسا چونکە قسەکردنە لەسەر دەستور و پاراستنی ماف و ئازادییەکان.

دەنگی ئەمەریکا: بۆچی تۆ نەبوونە ئەندامی ئەو دادگایە لەکاتێکدا دادوەرێکی ناسراویت لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان؟

-حاکم ڕزگار: کاتێک کە دادوەر دادەنرێت لە دادگای فیدڕاڵی دەبێت لە لیهاتووترین و بەرزترین باڵای ئەو دادوەرانە بن کە لەعێراقدان. من نازانم بۆ دانەنراوم. هەڵەی ئەوانەیە کە بڕیاریانداوە بۆ دانانی دادوەرەکان. ناوەکەم نێردرابوو، بەڵام ناوی منیان گۆڕیوه.‌ ئەوە دەکرێت لە کاک دکتۆر بەرهەم ببپرسن کە ئەوکاتە سەرۆک کۆمار بووە و مەرسومێکی کۆماری واژوو کردووە ناوی منی تێدانەبووە لەکاتێکدا خۆی یەکێک بووە لەوانەی پشتگیری لەوە دەکرد من بچمە ئەوێ.

دەنگی ئەمەریکا: دوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی چارەنوسی کورد بەکوێ دەگات ؟

حاکم ڕزگار: ئەوە بابەتێکی سیاسیە و من نازانم. ئەو حزبانەی حوکمی کوردستان دەکەن با ئەوان بڕیاری تێدا دەربکەن.

XS
SM
MD
LG