Accessibility links

سەرچاوەیەکی نزیک لە دادوەرە کوردەکانی دادگای فیدراڵی عێراق چەند زانیارییەک لە بارەی بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگاکە ئاشکرا دەکات


سەرچاوەیەکی نزیک لە دادوەرە کوردەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، ڕایگەیاند بڕیارەکەی ڕۆژی چوارشەممەی دادگاکە پێشبینیکراو بوو، وە ئامادەبوونی ئەندامە کوردەکان و واژوکردنیان لەسەر بڕیارەکە تەنها بۆ ناڕەزایی دەربڕین بوو.

سەرچاوەکە ئەو دەنگۆیەی ڕەتنەکردەوە کە دەستەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی بڕیارەکەی دادگا ئێستا تاووتوێی کشاندنەوەی ئەو دوو دادوەرە کوردەکە دەکەن و ڕایگەیاند، "لەوانەیە شتێکی وەها لە ئارادابێت بەڵام ئێستا بڕیارێکی کۆتایی نییە لەسەر بابەتەکە."

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاند تا ئەم ساتە دادوەرە کوردەکان ئەندامن لە دادگاکە، بەڵام ئەگەری کشانەوەیان " ڕووندەبێتەوە لە ڕۆژانی داهاتوو."

سەرچاوەکە گوتی، "پێشبینی دەکەیت ئەم بڕیارە دەردەچێت، بەڵام ئامادەی دانیشتنەکە دەبیت و واژوی دەکەیت لەبەر شتێک: بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆت بنوێنیت و هەڵوێستی خۆت تۆمار بکەیت."

جێی ئاماژەیە لە دانیشتنەکانی دادگا، تێبینی و سەرنجی هەموو دادوەرەکان لە کۆنووسی دانیشتنەکاندا تۆماردەکرێن، بەم هەڵوێستی خۆیان لە بارەی کەیسەکەوە دەردەبڕن.

هەندێک لە میدیاکان وەهایان بڵاوکردووەتەوە کە دادگای فیدرالی لە بڕیارەکەی نووسیویەتی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نادەستورین. بەڵام لە بڕیارەکە تەنیا ئەوە نووسراوە ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیران نادروستن.

دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 25 ی مانگی یەکی 2023 لە بڕیارەکەیدا سەرجەم بڕیارەکانی چەند مانگی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بۆ ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندۆتەوە.

لە دەقی بڵاوکراوەکەی دادگا هاتووە کە بڕیارەکە "بە زۆرینە" دەرچووە و واژوی 9 ئەندامی دادگاکەی بەسەرەوەیە کە دووانیان کوردن بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان سلێمان عەلی و دیار محەمەد عەلی محەمەد.

سەرچاوە نزیکەکە لە دادوەرەکان ڕایگەیاند گشت ئەندامانی دادگاکە جگە لە کوردەکان لەگەڵ بڕیارەکەبوون. ئەو واژوی ئەندامە کوردەکانی بە "ڕێکارێکی ڕۆتینی" دانا و گوتی، "لە یەک حاڵەت دەیانتوانی واژوی نەکەن، کە سەرەتا نەچووبانە ژوورەوە بۆ دانیشتنەکە. ئەو کات ئەندامی یەدەگی دادگا هەیە دێتە شوێنان و...لە جیاتی ئەوەی بە زۆرینە بێت دەبێتە ڕێککەوتن و ئەو کات ناتوانرێت هەڵوێستێک [ناڕەزایی] تۆماربکرێت."

شایەنی باسە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ناڕەزایی توندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتۆتەوە و هەروەها مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان دادگاکەی بەوە ناوزەندکرد کە "جێگەی دادگەی شۆڕشی ڕژێمی بەعسی گرتۆتەوە."

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین، ئەندامی پێشووی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان، لە وتووێژێکدا هێرشیکردە سەر دادگای فیدراڵی عێراق بەوەی کە "لە بنەڕەتدا یاساکەی نادەستورییە" ، وە بەرپرسانی کوردی بەوە تۆمەتبارکرد کە پێشتر "درکیان نەکردووە" بە بایەخی ئەو دادگایە لەسەر داهاتووی بڕیاردان لە عێراقدا.

دادگای باڵای فیدڕالی بەرزترین دەزگای دادوەرییە لە عێراق کە ئەرکی بریتییە لە شیکردنەوەی بڕگەکانی دەستور و بڕیاردان لەسەر دەستووری بوونی یاسا و ڕێساکان. دادگاکە لە 12 ئەندام پێکهاتووە کە بریتین لە سەرۆکی دادگا و جێگری سەرۆک و حەوت ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگ.

ئەندامانی دادگاکە لەسەر بنەمای نەتەوە و مەزهەب بە هاوشێوەی پۆستەکانی تری عێراق بەسەر حزب و لایەنە عێراقیەکاندا دابەشکراون. شیعە سەرۆکایەتی دادگاکە دەکات و زۆرینەیە وە دوو ئەندامە کوردەکەی دەوترێت یەکێکیان لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئەوی دیکەیان لەسەر پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

XS
SM
MD
LG