ئیسرائیل و چەکدارانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە ڕۆژی هەینی بە مووشەک هێرشیان کردە سەر یەکتر، ئەمەش ترسی زیادبوونی گرژییەکانی زیاتری لێکەوتەوە دوای یەکێک لە کوشندەترین هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە بەرامبەر ئەو مووشەکانەدا شوێنێکی ژێرزەمینیی دروستکردنی موشەکی سەر بە حەماس و بنکەیەکی سەربازیی باکووری غەززەی کردۆتە ئامانج کە لەلایەن گروپە چەکدارە فەلەستینییەکانەوە بەکاردەهێنرێن.
هیچ زیانێکی گیانی لە هەر لا ڕاپۆرت نەکراوە و زۆربەی ئەو موشەکانەی لە ناوچەی کەنار دەریای فەلەستینەوە تەقێنراون لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلەوە ڕێگرییان لێکرا.
هەردوو چەکداری حەماس و جیهادی ئیسلامی بەشدارییان لە هاویشتنی مووشەکەکان کردووە، خالد ئەلبەتش، سەرکردەیەکی جیهادی ئیسلامی لە گردبوونەوەیەکدا لە غەززە دواتر هەینی ستایشی "یەکگرتوویی ڕیزەکانی بەرخۆدانی" کرد.
حەماس و جیهادی ئیسلامی هەمیشە بە یەک دەنگ مامەڵە ناکەن. لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا حەماس کە کۆنترۆڵی غەززە دەکات، لە ماوەی سێ ڕۆژ لە شەڕی دژی ئیسرائیل ڕەتیکردەوە پەیوەندی بە جیهادی ئیسلامییەوە بکات.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، "ئێجگار نیگەرانە" و داوای "کەمکردنەوەی ئاستی پەرەسەندنی ڕەوشەکەی کردووە.
جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: بە دڵنیاییەوە ئێمە نیگەرانین لەم توندوتیژییە کە لە کەناری ڕۆژئاوا پەرەی سەندووە، هەروەها نیگەرانین لەو موشەکانەی کە لە غەززەوە هەڵدراون.
پانێڵێکی پسپۆڕانی سەربەخۆی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هەڵمەتەکەی پێنجشەممە "زۆرترین ژمارەیە کە لە یەک ئۆپەراسیۆندا لە کەناری ڕۆژئاوا لە ساڵی 2005 ەوە کوژراون".
ئەو شارەزایانە دەڵێن: "بەداخەوەین بۆ دوایین هێرشی توندوتیژی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی جێنین".
هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتی هەڵکوتانە سەر کەمپە قەرەباڵغەکەدا نۆ کەسیان کوشت، کە تەقە لە شەقامەکاندا دەبیسترا، و دوکەڵ لە سووتانی بەربەستەکانەوە دەهاتە خوارەوە.
ڕۆژی هەینی ئارامی گەڕایەوە بۆ جێنین، بەڵام لە مانگرتنی گشتیدا شوێنە بازرگانییەکان لە سەرانسەری شارەکەدا داخران.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئیسرائیل لە میانی "ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر بۆ دەستگیرکردنی فەوجێکی تیرۆریستی جیهادی ئیسلامی" کەوتوونەتە بەر تەقە و تەقەیان لە چەند چەکدارێکی دوژمن کردووە.
ئەو توندوتیژییە وایکرد دەسەڵاتی فەلەستین ڕابگەیەنێت کە هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل دەبڕێت، ئەمەش هەنگاوێکە لەلایەن ئەمەریکاوە ڕەخنەی لێگیرا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس