Accessibility links

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا: پێویست بوو دادگای فیدراڵی عێراق ڕەچاوی ڕێکەوتنە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی بکردایە


هەرێم کەمال ئەغا ئەندامی سەکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
هەرێم کەمال ئەغا ئەندامی سەکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە گوایە حزبەکەی ڕەزامەندبووە لەسەر بڕیارەکەی ڕۆژی چوارشەممەی دادگای فیدراڵی عێراق کە تێیدا ژمارەیەک بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی پێشووی بە نادورست دانا کە تایبەت بوون بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەم دەنگۆیانە دوای ئەوە هاتن کە لە دوای بڕیارەکەی دادگا، یوسف کەلابی، ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداربووە "لە دەنگدان بۆ سەرکەوتنی" بڕیارەکە.

هەرێم کەمال ئاغا ئەوەی ڕەتکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو جۆرە لێدوانانە شایەنی وەڵامدانەوە نین."

هەروەها وتی، " ئێمە تا ئەوپەڕی ڕێزمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی هەیە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ بە تایبەتی کە ڕێکەوتنی سیاسی هەیە لە نێوان کورد و لایەنە سیاسیەکانی بەغداد... پێویستی بەوە هەبوو کە ڕەچاوی ئەم دۆخە بکرێت.""

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی سەرەڕای ئالۆزییەکانی ئەم دواییە، بە دووری زانی کە بڕیارەکە ببێتە هۆی زیاتر دوورخستنەوەی بەغدا و هەولێر لە چارەسەر.

ڕایگەیاند، " وەڵامدانەوە و چارەسەری ئەم قۆناغە لە ئەستۆی حکومەتەکەی محەمەد شیاعدایە، کە وەک ڕێکەوتنی سیاسی هەیە. ڕێگە چارەش هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان، چونکە حکومەتەکە حکومەتێکی ئیتیلافیە و ڕێکەوتنە سیاسیەکانیش بوونەتە "وەرەقەی عەمەل". پێشم وایە نەفەسێکی لێکتێگەشتنی گەورە هەیە لە نێوانماندا. بۆیە من پێم وایە بڕیارەکە کاریگەری نەرێنی نابێت و کێشەکانیش بە ئاڕاستەی چارەسەر دەبینم نەک بە ئاڕاستەی تێکدان."

بە بڕوای چاودێران شیانی هەیە بڕیارەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش هەبێت، بەتایبەتی بە هۆی ئەوەی کە حکومەتی هەرێم تا ئێستا ناتوانێت لە کاتی خۆی مووچەی فەرمانبەرانی دابینبکات و زۆرێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی پەرەپێدان ڕاگیراون.

هەرێم کەمال ئاغا وتی، " ناکرێت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکرێنە قوربانی ململانێ سیاسیەکان بە تایبەت لەم دۆخەدا. دەبوو چاوەڕێ بن تا سەرکەوتنی ئەم قۆناغە سەختە و دەبوو بڕیارەکە دوابخرێت بۆ کاتێکی تر، بە تایبەت دوای تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای نەوت و غاز."


بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق شکستی هێنا بە ناردنیی بڕی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، کە پێشتر ڕێکەوتنی سیاسی لە نێوان حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی و لایەنە کوردستانیەکان لەسەر کرابوو.

بڕیارەکە تەنیا بەکاردانەوەی ناوخۆی هەرێم و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکانەوە نەوەستا و بەشێک لە سیاسیە عێراقیەکانیشی هێنایە قسە، کە بەشێکی زۆری سیاسیە شیعی و سونییەکان پشتگیرییان دەکرد.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ئێستا هەڵوێستێکی فەرمی لەسەر بڕیارەکە دەرنەبڕیوە هەرچەندە پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکەکەی یەکێتییە لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی بڕیارەکەی کرد.

سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی لە چارەسەری قەیرانە ئاڵۆزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەرێم کەمال ئاغا ڕایگەیاند، " یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەمیشە لە پێناو ئارامی و سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق قوربانیداوە و لە سەروی هەموشیانەوە فەلسەفەی مام جەلال فەلسەفەیەک بووە لە پێناو کۆکردنەوە و ئارامی و سەقامگیری سیاسیدا بووە. یەکێتی ئێستاش هەر بەم شیواز و فەلسەفەیەیە."

بەپێی شارەزایان لە ئێستادا ئاڕاستەی پێشهاتەکان لە دەستی سەرۆک وەزیری عێراقە کە هەتا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەم بارەیەوە نەبووە.

XS
SM
MD
LG