Accessibility links

کەسایەتییەکی ئایینی شاری جوانڕۆ ڕووبەڕووی ١٧ ساڵ سزای زیندانیکردن دەبێتەوە


مامۆستا مەلا سەیفوڵڵا حسێنی، کەسایەتی ئایینی و ئیمامی مزگەوتی خاتەمولئەنبیای شاری جوانڕۆ لەلایەن دادگای ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان کە دادگایەکە تایبەت بە دادگاییکردنی کەسانی ئایینی، بە تۆمەتی "چالاکی لە دژی ئاسایشی نیشتمانی" تۆمەتبار کراوە و لە لایەن ئەو دادگایەوە سزای ١٧ ساڵ زیندانی، لێدانی ٧٤ قامچی، لێسەندنەوەی جل و بەرگی ئائینی و هەروەها دوو ساڵ دوورخستنەوەی لە شار و دیاری خۆی بەسەردا سەپێندراوە.

بە پێی وێنەیەکی بڕیارەکەی دادگا کە ناردراوە بۆ دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی، مەلا سەیفوڵڵا حسێنی به تۆمەتەکانی "ئه ندامبوون لە مەکتەبی قورئانی کوردستان" به ٦ساڵ زیندانیکردن، "چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامی" بە ١٥ مانگ زیندانیکردن، "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات" بە ٦ ساڵ زیندانیکردن، "سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێبەری ئێران" بە ٢ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن و بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە ١٥ مانگ زیندانی و ٧٤ جار لێدانی قامچی و لێسەندنەوەی جلوبەرگی ڕۆحانیی و دوورخستنەوەی بۆ ئەردەبیل بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلایەن ئیبراهیم قادری نەسەب، سەرۆکی لقی سێزدەیەمی دادگای ڕۆحانییەتی هەمەدان لەسەر داوای ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشان سزادراوە.

مامۆستا سەید سەیفوڵڵا حوسێنی لە ١٣ی مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

مێژووی چالاکییەکانی مەلا سەیفوڵڵا حوسێنی

مەلا سەیفوڵڵا هاوسۆز و هاوەڵی پیاوانی ئایینی و نزیک لە ئەحمەد موفتیزادە بووە کە لە سەرەتاکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیدا لایەنگری دەسەڵاتی ئایینی کۆماری ئیسلامی بوون.

بە گوتەی تێکۆشەرانی سیاسی و سەرکردەی حزبەکانی کوردستانی ئێران، سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان و بەشێک لە هۆکارەکانی شکستی خەباتی کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی ناکۆکی نێوخۆیی نێوان کەسانی ئایینی وحزبە سیاسییەکان، بەتایبەت ناکۆکی لایەنگرانی موفتیزادە لەگەڵ حزبە سیاسییە کوردەکان و پشتیوانیان بۆ حکومەتی ئایینی تازەپێگەیشتووی کۆماری ئیسلامی.

کۆماری ئیسلامی ماوەیەک دوای دەسەڵاتگرتنی، بۆ بەرنگاربوونەوەی حزبە کوردییەکان، دەست دەداتە دروستکردنی ڕێکخراوی چەکداری پێشمەرگەی موسڵمان کە سەر بە سوپای پاسداران بووە، بۆ شەڕ لەگەڵ حزبە کوردییەکانی ئێران، ئەمەش بە کەڵک وەرگرتن لە ناوی ئەحمەد موفتیزادە و لایەنگرەکانی لە ژێر بانگەشەی یەکگرتوویی شیعە و سوننەدا و ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە خودی موفتیزادە لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدا بووە.

ئەندامانی مەکتەبی قورئان و سەرکردایەتییەکەی (موفتیزادە) زۆر نابات کە لە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی بێ هیوا دەبن و ڕێگای خۆیان جیا دەکەنەوە.

لە ساڵی ١٩٨٣ موفتیزادە بە فەرمانی خومەینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی ئایینی و هاوبیرەکانی و ئەندامانی مەکتەبی قورئان دەستگیر دەکرێن کە مەلا سەیفوڵڵا حسێنی یەکێک لەو کەسانە بووە.

موفتیززادە کە لە ناو لایەنگرانیدا بە کاک ئەحمەدی موفتیزادە بەناوبانگە، دوای ١٠ ساڵ زیندان و ئەشکەنجە ئازاد دەکرێت و دواجاریش سێ مانگ دوای ئازادبوونی بە هۆی ئاسەواری ئەشکەنجەکانەوە لە ساڵی ١٩٩٣ کۆچی دوایی دەکات.

مەلا سەیفوڵڵاش کە مامۆستا بووە، دوای ئازادبوونی لە زیندان لە زەیدی خۆی دووردەخرێتەوە و دەێنێرنە گوندێکی شاری ئەراک.

کەسێکی نزیک لەو کەسایەتییە ئایینیە لە گفتوگۆیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت"مامۆستا کە تاکو ئێستاش پابەندە بە بەرنامە و پرەنسیپەکانی مەکتەبی قورئانەوە، لەو کاتەوە تاکو ئیستا چەندین جار دەستگیرکراوە و تەنانەت لە کارەکەشی کە مامۆستا بووە، دەرکراوە."

ئەو سەرچاوەیە بە دەنگی ئەمەریکای گوت " لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، مامۆستا ٧ جار لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر و دادگایی کراوە."

ئەو دەشڵێت "مامۆستا مەلا سەیفوڵڵا چەندین جار و ماوەیەک لە ڕۆژانی تەمەنی خۆی لە زیندان و ژوورەکانی تاکەکەسی و لە بارودۆخێکی سەختدا بەسەر بردووە و جارێکیان بۆ ماوەی ٣٠ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی کراوە."

سەرچاوەکە لەبارەی ژیانی بنەماڵەی ئەو کەسایەتییە ئایینیەوە دەڵێت "سزاکان دژی مامۆستا تەنها خۆی نەگرتوەتەوە، بەڵکو ئەندامانی بنەماڵەکەشی بە هۆی نابراوەوە، لە پیشە و کار و دامەزراندنی حکومی قەدەغەکراون و دوورخراونەتەوە.

مەلا سەیفوڵڵا سەرەڕای ئەو هەموو سزانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام هێشتا ڕەخنەگرێکی جیددی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە.

دوایین دەستگیرکردنی مەلا سەیفوڵڵا

دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بەه هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسربوونیدا لە لایەن پولیسی ئاکارەوە، کۆماری ئیسلامی دەستیدایە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، بەتابەت لە شارەکانی کوردستان و بەلوچستان.

لەمیانەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکاندا، دوو خۆپیشاندەری شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی عیرفان کاکایی و بەهاڵدین وەیسی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدەدەن کە مەلا سەیفوڵڵا حوسێنی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی ئەو دووکەسەدا وتارێکی ڕەخنەیی پێشکەش دەکات و ڕێبەری باڵای ئێران بە بەرپرسی ڕەشتنی خوێنی خەڵک ناو دەبات.

سەرچاوە ئاشناکە بە دۆسیەی مەلا سەیفوڵڵا لە شاری جوانڕوە لەبارەی شێوەی دەستگیرکردنەکەی ناوبراوەوە دەڵێت "دوای وتارەکەی مامۆستا لە ڕێوڕەسمی ناشتنی کوژراوەکانی جوانڕۆدا، زۆر نابات کە نیوە شەو تیمێکی هێزی سەربازی سوپا لە کرماشانەوە ڕەوانەی جوانڕو دەکرێن و لە هێرشێکی توندوتیژانەدا هەڵدەکوتنە سەر ماڵی مۆستا و دەستبەسەری دەکەن. "

جێی ئاماژەیە کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان بە چۆنییەتی و شێوەی توندوتیژانەی دەستگیرکردنی مەلا سەیفوڵڵا کردوە، لەوانەش تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە لە ڕاپۆرتێکدا کە ٢٥ی ئەم مانگە سەبارەت بە مەلا سەیفوڵڵا بڵاویکردوەتەوە، نووسیوێتی " لەڕۆژی دەستبەسەرکردنی مەلا سەیفوڵڵا، هێزە ئەمنییەکان تەنانەت دەستی هاوسەری ناوبراویان شکاندوە."

ئەندامبوون لە مەکتەبی قورئان، بانگەوازی دژ بە کۆماری ئیسلامی، تێکدانی ئاسایشی گشتی، هاندانی خەڵک بۆ لەناوبردنی موڵک و ماڵی گشتی، سوکایەتیکردن بە ئایەتوڵڵا خومەینی و ڕێبەری ئێستای ئێران بەشێک لەو تۆمەتانەن کە درواەتە پاڵی ئەو کەسایەتییە ئایینیە.

شایانی باسە کە دەستگیرکردن و سەپاندنی سزا بەسەر مەلا سەیفوڵڵای تەمەن ٧٠ ساڵ، ڕەخنەی زۆری لەلایەن کەسایەتییە ئایینی و مەدەنییەکانەوە لێکەوتوەتەوە، لەوانەش لە لایەن کەسایەتی ناودار مەولانا عەبدولحەمید ئیمام جومعەی سوننەی زاهیدان کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا داوای ئازادکردنی ناوبراوی کرد.

XS
SM
MD
LG