بانگهێشتکردنی هەڵبژاردەی تۆپی عێراقی بۆ هەولێر بەبۆنەی سەرکەوتنی لە جامی کەندای عەرەبی لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کاردانەوەی توندی بەشێک لە خەڵکی و تەنانەت لایەنگرانی پارتی بە دوای خۆیدا هێنا، بە جۆرێک ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دوای چەند کاتژمێرێک پۆستێکی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک سڕییەوە کە تێیدا ئاماژەی دابوو بە گێڕانی ئاهەنگێک بۆ یاریزانەکان لە یاریگایەکی هەولێر.
بە بڕوای بەشێک لە چاودێران، ئەم شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ بانگهێشتەکەی تیپی تۆپی عێراقی پەیوەندی هەیە جیاوازی بە کێشە و ملمانێ نێوخۆییەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان و جیاوازی بیرکردنەوەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لە چوارچێوەی عێراقدا.
ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم وەلی، لەم بارەوە دەپرسێت، "ئەگەر ئەم بانگهێشتە لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە نەبوایە و سەرۆکی حکومەت ئەم کارەی کردبایە، لە سۆشیال میدیا پارتییەکان ئەم گۆبەندەیان دەنایەوە؟"
ڕێبوار کەریم وەلی پێی وایە بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کارێکی ئاسایی بووە و دەڵێت، "بە هەزاران کەس لە کوردستان نە تەنها لە ناو یاریگاوە، بگرە لە ڕێی تیڤی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک هەواداری هەڵبژاردەی عێراق، تا کۆتایی بە دیار یارییەکانەوە دادەنیشتن و دوای بردنەوەش ئاهەنگیان دەگێڕا."
هەروەها بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەوە قسەیەکی زۆر بێمانایە کە تۆ خەریک بوو بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کارتۆنیی عێراق خوێن بڕژێنی، بەڵام دوایی بێیت بڵێی من عێراقی نیم. لە بەغدا بۆ چەند ملیۆن دۆلارێک بکڕوزێیەوە و داد و فیغانت بێت کە بۆ وەک عێراقی حیسابت بۆ ناکەن، دوایی بڵێی من عێراقی نیم! بۆ بە دەستهێنانی پۆستەکانی بەغدا سەد جاریش بکەوییە ئۆفسایدەوە هەر واز نەهێنی تا گۆڵ دەکەی و دوایی بڵێی ئەو تیمی تۆپی پێیە هی من نییە. هەموو ڕۆژێ لە ژێر ئاڵای ئەم عێراقەدا پێشوازی لە داروبەرد دەکەن و دواییش دەڵێن نابێ ئاڵای عێراق بێتە هەولێر."
شایەنی باسە، ڕۆژی سێشەممە 24 ی مانگی یەکی 2023 نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و پارێزگاری بەسرە کرد و ڕایگەیاند، "ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بوو، چونکە هەموو عێراقییەکانی لە دەوری سەرکەوتنەکەدا کۆکردەوە، پەیامێکیشی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ."
ڕۆژێک دواتر، ماڵپەڕی هەواڵی شەفەق لە زاری ئەندامێکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە ناوی غالب زامیلی ڕایگەیاندبوو کە سەرۆکی هەرێم بڕی 10 هەزار دۆلاری وەک دیاری بەخشیبوو بە هەر یاریزانێک. ماڵپەڕەکە دوای چەند کاتژمێرێک هەواڵەکەی لابرد.
بۆ زانینی دروستی ئەم هەواڵە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە چەند کەسێکی نزیکی سەرۆکی هەرێمەوە کرد، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون لەسەر ئەم بابەتە لێدوان بدەن.
بە هەمان شێوە هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی بەرپرسانی تری حکومەتی هەرێم و هەولێر بێ ئەنجامبوون.
بە بڕوای سیروان غەریب، سەرنووسەری ماڵپەڕی هەواڵی وێستگە، لە ئەگەری نەبوونی ناڕەزایی پێشبینی دەکرا پێشوازیەکە لە یاریزانانی عێراق گەرمتر بووایە.
سیروان غەریب بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی ڕوویدا هەڵوێست و ڕێگریکردنی بەڕێز سەرۆکی حکومەت بوو ، کە دنیا بینی بۆ سیاسەت لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان جیاوازە. هەر ئەوەش وایکرد کە پارێزگاری هەولێر پۆستەکەی سڕییەوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە نێو ئەو دوو دنیابینییە جیاوازەوە."
ئەو هەمان بۆچونی ڕێبوار کەریم وەلی هەیە کە پێیوایە ناڕەزاییەکان لەسەر پێشوازی لە یاریزانە عێراقیەکان هاوکۆکنین لەگەڵ هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان لەسەر پۆستە باڵاکان لە بەغدا.
ڕایگەیاند، "ئەوانەی دژی ئاهەنگێڕان و پێشوازیکردنی هەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراقن ئەوکاتە هەڵوێستەکەیان لەجێگەی خۆیدایەتی کە شەڕی پۆست لەبەغدا نەکەن و تەنها شەڕی سەربەخۆیی کوردستان بکەن. هەمووان بەچاوی خۆمان بینیمان چ شەڕێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کراو خەریکبوو شەڕی کورد کوردی لێدەکەوتەوە".
لە نێوان 6-19ی ئەم مانگە بیست و پێنجەمین جامی کەنداوی عەرەبی لەشاری بەسرای باشووری عێراق بەڕێوەچوو. لە یاری کۆتاییدا هەڵبژاردەی عێراق و عەممان ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە و لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی عێراق کۆتایی هات.