زانایان لە ناوچەی پاتاگۆنیای لە ئەوپەڕی باشووری وڵاتی شیلی بە بەردبووی دایناسۆریان دۆزیوەتەوە کە لە دەرەوەی ئەنتارکتیکا تۆمارکراون. بەردبووەکان پاشماوەی مێگاراپتۆرەکان لەخۆدەگرن کە پێش لەناوچوونی بەکۆمەڵیان زنجیرە خۆراکی ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ دەکرد.
مێگاراپتۆرەکان دایناسۆری گۆشتخۆر بوون کە نزیکەی 70 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی کریتاسیدا لە بەشێک لە ئەمەریکای باشوور ژیاون. گۆڤاری زانستی زەوی لە ئەمەریکای باشوور بڵاویکردەوە، ئەو بەردبووانەی دۆزراونەتەوە قەبارەکەیان دەگاتە 10 مەتر.
مارسێلۆ لێپی بەڕێوەبەری پەیمانگای جەمسەری باشووری شیلی (INACH) بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پارچەیەکمان کەم بوو، دەمانزانی لە کوێ شیردەرە گەورەکان هەن، گۆشتخۆری گەورەش دەبن، بەڵام هێشتا نەماندۆزیونەتەوە.
پاشماوەکان لە دۆڵی ڕیۆ دی لاس چیناس لە دورترین باشووری شیلی لە حەوزی ماگالانێس لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2020 دۆزراونەتەوە.
جارێد ئامۆدێۆ، توێژەری زانکۆی شیلی دەڵێت "ئەو بەردبووانە هەندێک تایبەتمەندیان هەبووە کە لە پاشماوە هاوشێوەکاندا نەبوون ئەوانەی لە ئەرجەنتین یان بەرازیل دۆزراونەتەوە".
گوتیشی "دەکرێت جۆرێکی نوێ بێت، کە ئەگەری زۆرە، یان سەر بە خێزانێکی تری دایناسۆرەکان بێت کە پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە و بەڵگەی زیاتر پێویستە".
هەروەها توێژینەوەکان زانیاری زیاتر لەسەر بارودۆخی کاریگەریی نەیزەکەکان لەسەر نیمچە دورگەی یوکاتانی مەکسیک دەدەن. لەوانەیە ئەو نەیزەکە بووبێتە هۆی لەناوچوونی دایناسۆرەکان نزیکەی 65 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.
لێپێ ئاماژەی بە دابەزینی زۆری پلەکانی گەرما کرد بە بەراورد بە پاتاگۆنیای ئێستا و شەپۆلی سەرمای توند کە تا چەند هەزار ساڵ بەردەوام بوو. بەڵام کەشوهەوا بۆ زۆربەی سەردەمی کریتاسی زۆر گەرم بووە.
وتیشی "ئەم جیهانە پێشتر لە قەیراندا بوو، پێش (نەیزەکەکە) و ئەمەش بەڵگەی لە بەردەکانی دۆڵی ڕیۆ دی لاس چیناسدا هەیە".
توێژینەوەیەکی نوێ جینەکانی پەیوەست بە گەورەیی قەبارەی نەهەنگەکان دەدۆزێتەوە
زانایان لە مێژە پرسیاریان کردووە لەسەر ئەو نهێنییەی کە چۆن نەهەنگەکان ئەوەندە گەورە بوون. توێژینەوەیەکی نوێ چەند وەڵامێک دەخاتە ڕوو.
نەهەنگەکان ئاژەڵێکن لە زەریادا دەژین. نەهەنگی پەلدار، سەر قۆقز، خۆڵەمێشی، شین و سپێرم گەورەترین ئاژەڵن کە ئەمڕۆ دەژین. لە ڕاستیدا نەهەنگی شین گەورەترین گیاندارە کە ناسراوە تا ئێستا بوونی هەبووە، لە هەموو دایناسۆرێک گەورەترە.
لە توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی زانایانی بەرازیل دەرکەوتووە کە پێدەچێت چوار جین بەشێکی گەورەیان هەبێت لە قەبارەی گەورەی نەهەنگەکاندا، کە حاڵەتێکە بە زەبەلاحی ناسراوە. توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێدەچێت ئەو چوار جینە قەبارەیەکی زۆریان بەرهەمهێناوە لە هەمان کاتدا ئەو کێشانەی پەیوەستن بەوەوە کەمکردووەتەوە، وەک مەترسی شێرپەنجە و کەمبوونەوەی توانای زاوزێ.
نەهەنگەکان بەشێکن لە خێزانی ئاژەڵە زەریاییەکان کە پێی دەوترێت سیتاسیەکان کە دۆلفین و پۆرپۆیز لەخۆدەگرێت. زانایان پێیان وایە ئەم خێزانە 50 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ئاژەڵەکانی وەک گورگەوە گەشەیان کردووە، بەڵام پەیوەندی بە مانگا و بەراز و مەڕ و ئاژەڵە هاوشێوەکانی ئەمڕۆشەوە هەیە.
ماریانا نێری، پسپۆڕی جینات لە زانکۆی کامپیناس (UNICAMP) لە بەرازیل و نووسەری سەرەکی ڕاپۆرتەکەیە. لە بڵاوکراوەی ڕاپۆرتە زانستییەکاندا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، تیمەکەی یەکەم لێکۆڵینەوەیان لەسەر زەبەلاحی لە نەهەنگەکاندا کردووە لەسەر ئاستی گەردیلەیی. دەشلێت، قەبارەی جەستە دەرئەنجامێکی ئاڵۆزە لە زۆرێک لە جین و ڕێڕەو و پرۆسەی فیزیکی و ئیکۆلۆژیدا.
توێژینەوەکە پشکنینی حەوت جۆر نەهەنگەکانی کردووە کە درێژتر لە 10 مەتر گەشە دەکەن. شەشیان گیانداری بێ ددانن. بەڵکو پێکهاتەیەکیان هەیە کە پێی دەوترێت بالین لە دەمیاندا کە ئاژەڵە زۆر بچووکەکان دەگرن. حەوتەمین جۆری کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، نەهەنگی سپێرم بووە، کە ددانی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی لە کالەی زەبەلاح و ئاژەڵە دەریاییەکان بخوات.
نەهەنگەکان دەتوانن بگەنە قەبارەی گەورە. نەهەنگی جەستە ڕێک دەتوانێت درێژییەکەی بگاتە 15 مەتر، نەهەنگی سپێرم و سەر کەوان، 18 مەتر؛ نەهەنگی پەلدار دەتوانێت بگاتە 24 مەتر و گەورەترینیان کە نەهەنگی شینە بە 30 مەتر پێوانە کراوە.
توێژەران لێکۆڵینەوەیان لە چەند جینێک کردووە کە پەیوەندییان بە زیادبوونی قەبارەی جەستەی ئاژەڵانی دیکەوە هەیە. ئەوان چوار جینیان دۆزیەوە کە پێدەچێت گرنگ بن لە گەشەکردنی نەهەنگەکاندا.
یەکێک لە جینەکان بریتییە لە GHSR بەشدارە لە دەردانی هۆرمۆنی گەشەکردن لە ڕژێنی هێلکەدان کە بەشێکە لە جەستە کە ماددە کیمیاییە گرنگەکان دەردەدات. هۆرمۆنی گەشە دەبێتە هۆی برسێتی و دەتوانێت کۆنترۆڵی هەرسکردن و گەشەی چەوری بکات. هەروەها جینەکە کۆنترۆڵی دابەشبوونی خانەکان دەکات.
جینی دووەم پێی دەوترێت IGFBP7 ئەم جینە بەشدارە لە گەشەکردن و دابەشبوونی خانەکان. بەڵگە هەیە کە ئەم جینە کاردەکات بۆ هەڵوەشانی خانەی شێرپەنجە لە زۆرێک لە بەشەکانی جەستەدا لەوانە پرۆستات و مەمک و سییەکان و قۆڵۆن و کۆم.
NCAPG جینێکە پەیوەندی بە گەشەکردنی مرۆڤ و ئەسپ و ئاژەڵ و بەراز و مریشکەوە هەیە. دەبێتە هۆی زیادبوونی قەبارە و کێش و کاریگەری لەسەر ژیانی خانەکان دەبێت.
جینی PLAG1 پەیوەندی بە گەشەی لەشەوە هەیە لە مانگا و بەراز و مەڕدا. بەشدارە لە گەشەی کۆرپەلە و مانەوەی خانەکان.
هەروەها توێژینەوەکە پێشنیاری ئەوە دەکات کە جینەکانی وەک GHSR و IGFBP7 کە پەیوەندییان بە قەبارەیەکی گەورەوە هەیە، ڕەنگە گەشەکردنی خانەکانیش کۆنتڕۆڵ بکەن و شێرپەنجە هەڵوەشێنن. قەبارەی گەورە لە سروشتدا بەستراوەتەوە بە تەمەنی کورتتر. بەڵام نەهەنگە زەبەلاحەکان تەمەنێکی درێژ دەژین. نەهەنگی پەلدار دەتوانێت تەمەنی بگاتە 50 ساڵ. نەهەنگی شین دەتوانێت بگاتە 90 ساڵ و توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، نەهەنگی سەر قۆقز درێژترین شیردەرە کە ناسراوە و تەمەنی دەگاتە 200 ساڵ.
توێژینەوە: ڕەنگە سووڕانەوەی ناوکی زەوی خێرایی بگۆڕێت
توێژینەوەیەکی ئەم دواییە دەریدەخات ڕێژەی سوڕانەوەی ناوەندی زەوی بە بەراورد بە بەشەکانی دەرەوەی هەسارەکە خاو دەبێتەوە.
زانایانی زەوی، یان زانایانی جیۆلۆجی دەڵێن، ناوەند یان ناوکی زەوی دەتوانێت بە ڕێژەیەکی جیاواز لە ناوچەکانی دەرەوە بخولێتەوە، یان بسووڕێتەوە.
دوایین توێژینەوەکە لە بڵاوکراوەی زانستی Nature Geoscience بڵاوکراوەتەوە.
نووسەرانی توێژینەوەکە بریتین لە شیاودۆنگ سۆنگ و یی یانگ لە زانکۆی بەیژین لە چین. ئەوان زانیارییان دەربارەی شەپۆلەکانی بوومەلەرزە بەکارهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوکی.
ناوکی ناوەوەی زەوی تۆپێکی ئاسنی گەرمە کەمێک بچووکترە لە قەبارەی مانگ. لەبەر ئەوەی لەناو کانزای شلەی ناوکی دەرەوەدا دەسوڕێتەوە، دەتوانێت بە خێرایی جیاواز لە بەرگی هەسارەکە بخولێتەوە.
لە ساڵانی 1930دا زانایان ناوکی زەوییان دۆزیەوە بە لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییەکانی خێرایی شەپۆلەکانی بومەلەرزە لەکاتی گەشتکردنیان بە هەسارەکەدا. گۆڕانکارییەکانی خێرایی دەریخست کە ناوکەکە ناوەندێکی ڕەق بووە و زیاتر لە ئاسن پێکهاتوە.
توێژینەوە نوێیەکەی سۆنگ و یانگ لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو شەپۆلانە کردووە کە ناویان ناوە "شەپۆلی بومەلەرزەیی دووبارەبووەوە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە". ئەوان بەدوای گۆڕانکاری لە بڕی ئەو کاتەدا گەڕاون کە شەپۆلە بومەلەرزەییەکان بەسەر هەمان ڕێڕەوەکانی ناو زەویدا دەڕۆن.
زاناکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە گۆڕانکاری لە خولگەی ناوکی زەویدا دەتوانێت گۆڕانکارییەکانی کاتی گەشتکردن ڕوون بکاتەوە.
ئەوان بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی AFP یان وتووە، ئێمە پێمان وایە ناوکی ناوەوەی زەوی، بە بەراورد بە ڕووی زەوی، وەک وەرچەرخانێک بۆ پێش و دواوە دەسوڕێتەوە. دەشڵێن، خولانەوەی ڕێژەیی نزیکەی جارێک لە 35 ساڵدا دەگۆڕێت.
هەروەها وتوویانە ئەم گۆڕانکاریانە لەگەڵ گۆڕانکارییە زۆر بچووکەکانی "درێژی ڕۆژ"دا دەگونجێت، واتە ئەو بڕە کاتەی کە پێویستە بۆ ئەوەی زەوی لەسەر هێڵی خۆی بسوڕێتەوە.