Accessibility links

ئێران سزای لەسێدارەدانی یەکێک لە خۆپیشاندەران ڕادەگرێت


ئەمیر هاشمی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی دادگای باڵای ئێران، هەڵپەساردنی لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوی بە تۆمەتی "محارەبە" ڕاگەیاند تا دیاریکردنی بڕیارەکە لە دۆسیەی "قەساس"دا.

تاوانی موحارەبە دەچێتە خانەی یەكێک لە گەورەترین تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر هێرشێکی ناو خۆیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە خانەی تاوانی موحارەبەوە کە ئەو تاوانەش سزای مەرگی لەسەرە.

پێش ئەم بڕیارە حوکمی "قەساس"ی بە تۆمەتی کوشتن دەرچووبوو، کە لە دادگای باڵا هەڵوەشایەوە و ڕەوانەی لقێکی دیکە کرا بۆ دووبارە پێداچوونەوە.

قەساس یاسای تۆڵەسەندنەوەی ئیسلامییە لە ئێران. ئەم یاسایە بە شێوەیەکە، لەبری خوێن داوای خوێن دەکرێت مەگەر خێزانی قوربانییەکە لێی خۆش بن یان پارە لە بری خوێنەکە وەربگرن.

لە دۆسیەی محەمەد قوبادلودا دوو حوکمی لەسێدارەدان دەرچووە، یەکێکیان لەلایەن دادگای تاوانەکانی پارێزگایەکەوە بە تۆمەتی کوشتن و ئەوی دیکەیان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی موحارەبە.

پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە تانەکەی پارێزەری محەمەد قوبادلو لە دادگا تۆمار کراوە و دۆسێەکە بۆ تاوتوێکردن ڕەوانەی یەکێک لە بەشەکان کراوە.

مانگی ڕابردوو دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند کە داواکاری تانەدان لە سزاکەی محەمەد قوبادلو و سامان یاساین سەیدی پەسەند کراوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک گوتی کە سزای لەسێدارەدانی قوبادلو پشتڕاستکرایەوە.

محەمەد قوبادلوی، تەمەن 22ساڵ، یەکێکە لە خۆپیشاندەرانی کە دەستگیرکراوە و تۆمەتبارکراوە بە "شەڕ" و " گەندەڵی و ئاژاوەنانەوە". دەسەڵاتی دادوەری ئەم تۆمەتانەی خستووەتە پاڵ قەبادلۆ بە هۆئ ئەوەی گوایە ئەفسەرێکی پۆلیسی کوشتووە و پێنج ئەفسەری تری بریندار کردووە کاتێک بە ئۆتۆمبێل بەسەریاندا ڕۆشتووە

بنەماڵەی قوبادلو داوای لێخۆشبوونیان کردووە و دەڵێن کوڕەکەیان تووشی نەخۆشی دەرونی دوو جۆر کەسایەتی بووە. بنەماڵەی ئەفسەرە پۆلیسەکە داوای تۆڵەسەندنەوەیان کردووە.

لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 نۆی 2022 وە لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ئاکار بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکرابوو، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. لەو خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس کوژراون کە کاربەدەستانی وڵاتەکە دەڵین دەیان کارمەندی هێزەکانی ئاسایشیشیان تێدایە و هەزاران کەسیش لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون، کە دەسەڵاتداران بە گشتی بە "ئاژاوە" وەسفی دەکەن.

بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانەوە دەرکەوتووە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر 18کەسدا سەپاندووە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا. تا ئێستا چواریان لە سێدارە دراون، ئەمەش توڕەیی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوە: بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا و ئاژانسی AFP

XS
SM
MD
LG