Accessibility links

ئەردۆغان بە ئەرێنی بۆ بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ دەڕوانێت بەڵام دەڵێت دەنگ بە سوید نادات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی ئەرێنی دەڕوانێتە داواکارییەکەی فینلاند بۆ ئەندامبوون لە ڕێکخراوی ناتۆ، بەڵام پشتگیری لە داواکارییەکەی سوید ناکات.

ئەردۆغان ڕایگەیاند کە هۆکاری پشتیوانی نەکردنی سوید ناڕەزایەتییەکانە کە لەو وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت، لەوانەشدا سووتاندنی قورئان و گوتی "تا ڕێگە بە سووتاندنی قورئان بدەن، ئێمە ناڵێین بەڵێ بۆ داواکاریەکەیان لە ناتۆ".

ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە پێش سوید بە ئەندامێتی فینلاند ڕازی دەبێت.

ڕۆژی دووشەممەش مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لێدوانێکی هاوشێوەی دا. دوای شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، سوید و فینلاند داوایان لە ناتۆ کرد تا ببن بە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە.

ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی فینلاند پێکا هاڤیستۆ ڕایگەیاند فینلەندا پابەندی پلانەکەی دەبێت بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ لە هەمانکاتدا لەگەڵ سویدی دراوسێیدا، هیواداریشە پەسەندکردنی داواکانیان بۆ ئەندامێتییان لە ناتۆدا تاوەکو مانگی حەوت زیاتری پێنەچێت.

بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ پێویستە تەواوی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ڕازی بن. تاوەکو ئێستا تەنها هەنگاریا و تورکیا داواکەی سوید و فینلاندیان بۆ ئەندامێتییان لە ناتۆ واژۆ نەکردووە.

هەنگاریا بەڵێنیداوە لە مانگی دوودا داواکەی ئەو دوو وڵاتە پەسەند بکات.

XS
SM
MD
LG