تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە باڵیۆزی نۆ وڵاتی ڕۆژئاوایی لەوان ئەمەریکا و سوید بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی ڕەخنە لە بڕیارەکانیان بگرێت بۆ داخستنی کاتی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و دەرکردنی ئاگادارکردنەوەی ئاسایشی دوای ڕووداوەکانی قورئان سووتاندن لە ئەوروپا.
هەروەها بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوە لە ئەنقەرە، نێردەی وڵاتانی بەلجیکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، سویسرا و بەریتانیا بانگهێشت کراون.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، چالاکوانانی ڕاستڕەوی توندڕەو نوسخەی کتێبی پیرۆزی قورئانیان لە سوید، دانیمارک و هۆڵەندا سووتاند.
وڵاتانی ئەوروپی ڕووداوەکانیان سەرکۆنە کردووە بەڵام هەندێک دەڵێن بەهۆی یاساکانی ئازادی قسەکردن ناتوانن ڕێگرییان لێبکەن.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئەمەریکا لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە هۆشدارییان بە هاوڵاتیانی خۆیان داوە لە زیادبوونی مەترسی هێرشکردن لە تورکیا، بەتایبەتی دژی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و شوێنە پەرستراوەکانی غەیرە موسڵمانان.
ئەڵمانیا و فەرەنسا و هۆڵەندا لەو وڵاتانە بوون کە لەم هەفتەیەدا بە هۆکاری ئەمنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسیەکانیان لە تورکیا بەشێوەیەکی کاتی داخست. هەندێکیان ئاماژەیان بە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەستەنبوڵ کرد کە نیگەرانییەکی زۆریان لەسەرە بەڵام سەرچاوەی زانیارییەکانیان نەخستەڕوو.
مەولود چاوش ئۆغلۆی وەزیری دەرەوەی تورکیاش وتی، "هەندێک وڵات بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک نوێنەرایەتییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی کاتی لە تورکیا داخست، ئەمەش کارێکی بەمەبەست بوو".
هاوکات وەزیری ناوخۆی تورکیا، سلێمان سۆیلو، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەکان "جەنگێکی نوێی دەروونی" دژی تورکیا بەڕێوەدەبەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز