Accessibility links

شیرین عیبادی: پرۆسەی شۆڕشگێڕی ئێران گەڕانەوەی تێدا نییە


شیرین عیبادی، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئێران دەڵێت گیانلەدەستدانی ژنێکی گەنجی کوردی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا لە کاتی دەستبەسەربوونیدا لە لایەن پولیسی ئاکارەوە، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانە کە دواجار دەبێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی.

دەسەڵاتدارانی ئێران دوای ئەوەی ژینا ئەمینی لە ١٦ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا کۆچی دوایی کرد، ڕووبەڕووی نائارامییەکی بەرفراوان بوونەتەوە.

ئێران هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا بە نەخۆشی پێشتری ناوبراو دەزانێت و ئەمەریکا و دوژمنەکانی دیکەی تۆمەتبار دەکات کە هانی نائارامییەکان دەدەن بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات.

دەسەڵاتدارانی ئێران وەک چوار دەیەی ڕابردوو، دەستیان دایە سەرکوتکردنی تووندی ناڕەزایەتییەکان و دەیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاندووە کە لە ناڕەزایەتییەکاندا تێوەگلاون و لانیکەم تاکو ئێستا چوار کەسیان لەسێدارەداوە.

عیبادی ڕەخنەگرێکی سەرسەختی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە و یەکێکە لەو کەسانە کە ڕاشکاوانە لایەنگری خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت بووە.

عیبادی وەک زۆرێک لە ڕەخنەگرانی دەسەڵاتی ئێران، پێی وایە شەپۆلی ئێستای ناڕەزایەتییەکان، بوێرترین و جددی ترین خۆپیشاندان بووە کە لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا هاتوەتە ئاراوە.

عیبادی کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەهۆی کارەکانی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا ,و لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لە لەندەن دەژیت، لەبارەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران دەڵێت" ئەم پرۆسە شۆڕشگێڕانە وەک شەمەدنەفەرێک وایە کە تا نەگاتە شوێنی خۆی، ناوەستێت."

ماوەی چەند مانگێکە خەڵکی ئێران لە هەموو چین و توێژەکانی داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن و دروشمی دژ بە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی دەڵێنەوە.

بەڵام دوای دەستپێکردنی لەسێدارەدانی چەند کەسێک لە خۆپیشاندەران، ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خاوبوونەتەوە.

گرووپی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی هرانا ڕایگەیاند کە تا ڕۆژی چوارشەممە ٥٢٧ خۆپیشاندەر لە میانەی نائارامییەکاندا کوژراون کە ٧١ خۆپیشاندەریان منداڵی خوار تەمەنی یاسایی بوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، ٧٠ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون و تاکو ئێستاش ١٩ هەزار و ٢٦٢ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.

عیبادی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە لەندەنەوە گوتی" بەکارهێنانی توندوتیژی کوشندە لەلایەن دەوڵەتەوە، توڕەیی خەڵک قووڵتر دەکاتەوە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی."

ئەو گوتیشی "ناڕەزایەتییەکان شێوەی جیاوازیان وەرگرتووە، بەڵام کۆتاییان پێ نەهاتووە."

سەرکوتی دەڕەندانەی ناڕەزایەتییەکان لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی تاران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان ڕاگیراوە و ئەمەریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بە هۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافی مرۆڤ، سزایان بەسەر دەسەڵاتداران و قەوارەکانی ئێراندا سەپاندوە.

عیبادی گوتی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی پێویستە ڕۆژئاوا "هەنگاوی کردەیی" وەک کەمکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی بانگهێشتکردنەوەی باڵوێزەکانی لە تارانەوە هەڵبگرێت و گوتیشی هەروەها پێویستە خۆیان لە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بەدوور بگرن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG