Accessibility links

سالار  مەحمود دەڵێت لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی عێراق تۆمار دەکات


لەسەر قەرەبوو نەکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی کوردستان سالار مەحمود ئەندامی دوو خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی تۆمار کردنی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لەسەر حکومەتی عێراق، داوای قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی کورد دەکات،کە لەسەر دەستی ڕژێمی پێشوی عێراق روویانداوە.

سالار مەحمود، ڕایگەیاند قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی، ئەنفال و کیمیاباران، رێکارەکان بەبەڵگەی پێویستەوە ئامادە کراون و بەزووترین کات دەخرێنە بەردەم دادگای فیدڕاڵی و داوای قەرەبووی زیانلێکەوتوانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو بە دەنگی ئەمەریکای وت بۆ سکاڵاکەی پشتی بەستوە بە "مادەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بە تایبەت ماددەی 112، کە تیایدا هاتووە، دەبێت کوژمەیەک لە داهاتی نەوت و داهاتی وڵات تەرخان بکرێت، بۆ هەرێمە زیان لێکەوتووەکان لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە."

دەشڵێت " لە مادەی 132ی دەستورد، تیایدا ھاتووە دەوڵەت ڕیعایەتی کەس و کاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەکات، لەگەڵ ئەوانەی لەلایەن ڕژێمی پێشوەوە زەرەرمەند بوون، لەگەڵ پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق، لە دۆسیەکانی ئەنفال و ڕاگواستن، کەیسی فەیلیەکان، کیمیابارانی ھەڵەبجەو بەرزانیەکان کە تەعویزی سەلماندووە. بە پێی بڕیاری ئەو دادگایە دەبێت کەسوکاری قوربانیەکان و گوندە ئەنفالکراوەکان و ناوچە کیمیاباران کراوەکان و راگواستراوەکان قەرەبوو بکرێنەوە. قەرەبوەکەش لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە."

بە پێی قسەکانی سالار مەحموود، داواکەی تەواو هاوڕایە لەگەڵ بڕگەکانی دەستور و قانونی عێراقی، بەو پێیەی لەدیباجەی دەستورو ھەردوو مادەی 112 و 132 دەستوری عێراقدا ھاتوە. ھەروەھا بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق.

سەبارەت بە میکانیزمی قەرەبوو کردنەوەکەش، دەڵێت "دەبێت لە ڕێگەی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقەوە، یا لەمیزانیەی ساڵانە، یان وەک چۆن قەرەبووی زیانەکانی کوەیت کرایەوە، بە هەمان میکانیزم بێت."

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی ڕاگەیاند کە کەیسەکە ئامادەکراوەو دەڵێت، " پشتیوانی نێودەڵەتیشی هەیە، بەوەی یاسا نێودەوڵەتیەکانیش هاوڕان لە قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید، هاوکات قەرەبوو کردنەوەی قوربانیەکان و زیانەکان، تەنیا لە پرۆسەی ئەنفالدا ھەزاران گوند وێران بوون، جگە لە 182 ھەزار قوربانی و ئەنفالکراو."

بە پێی قسەکانی سالار مەحموود، سکاڵاکە کەسیەو لەسەر ئەرکی خۆی دەبێت بەھاوکاری چەند پارێزەرێک، هیچ لایەنێک و تەنانەت حکومەتی هەرێمیش بەشدار نیە تێیدا.

لە پاش ساڵی 2003 و نەمانی ڕژێمی سەدام حسێن، بەرپرسانی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی داوای قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی کیمابارانی هەڵەبجەو کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیان کردووە.

XS
SM
MD
LG