Accessibility links

دانانی قایمقامێکی عەرەب بۆ قەزای داقوقی کەرکوک هەڵوێستی کورد و تورکمان یەکدەخات


دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای داقوقی باشوری کەرکوک لەلایەن راکان جبوری پارێزگاری کەرکەوە، ناڕەزایەتی کورد و تورکمانی لێدەکەوێتەوە، هەندێک لە لایەنە کوردی و تورکمانییەکان لە کۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی بڕیارێکی هاوبەش دژی دانانی کاندیدەکەی پارێزگار بە قایمقامی قەزاکە بدەن.

تا 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کوردێک قایمقامی قەزای داقوق بوو، بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەی رەشاد پۆستەکەی بە وەکالەت بەڕێوەبردووە و چەند رۆژێکە خانەنیشین بووە. لە ئێستادا فەرمانی کارگێڕی بۆ (عەبدولستار عەلی ) دەرکراوە تا ببێتە قایمقامی نوێی داقوق، ناوبراو کەسایەتییەکی عەرەبە و لەبەشی یاسایی پەروەردەی کەرکوک کاریکردووە.

دانانی کەسایەتییە عەرەبەکە بە قایمقمانی داقوق، ناڕەزایەتی بەشێک لە لایەنە کوردی و تورکمانییەکانی لێکەوتووەتەوە، بۆیە سەرباری دەرچوونی بڕیاری فەرمی تا وەکو قایمقام دەست بەکاربێت، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەمە، عەبدولستار عەلی تەنها یەک کاتژمێر لە بینای قایمقامیەت ماوەتەوە و دواتر رۆیشتووە.

ئیدریس عادل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە قەزای داقوق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"پارێزگاری کەرکوک تاکڕەوانە کەسێکی عەرەبی کردووەتە قایمقامی قەزای داقوق، بۆیە ئێستا ئێمە و تورکمان لە ناو کۆبوونەوەداین بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی پارێزگار."

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی میترا، کە رێکخراوێکی نا حکومییە و کار لەسەر مافی کەمایەتییەکانی کەرکوک دەکات، دانیشتوانی قەزای داقوقی باشوری کەرکوک لە ئێستادا 72 هەزار کەسە.

ئامارەکەی رێکخراوی میترا پشتی بە کۆبوونی خۆراک بەستووە و دەریدەخات، 52% دانیشتوانی قەزای داقوق کوردن، کە لەو 52%ە کاکەییەکان 15% پێکدەهێنن، هەروەها رێژەی عەرەب لە قەزاکە 34% و رێژەی تورکمانیش 14%ە.

رەجەب عاسی، سەرۆکی رێکخراوی میترا و چالاکوانی مەدەنی لە قەزای داقوق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"پارێزگاری کەرکوک دەیەوێت کە سایەتییە نزیکەکان لە خۆی بکاتە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، ئەمەش هەنگاوێکی هەڵەیەو کێشەی لێدەکەوێتەوە."

کورد و تورکمان سەرباری ئەوەی هاوڕان لەسەر رەتکردنەوەی قایمقامی نوێی داقوق کە لەلایەن راکان جبوری پارێزگاری کەرکوکەوە کاندید کراوە، بەڵام هەریەکەو پۆستەکە بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت.

عەباس عەقیل، کە کەسایەتییەکی تورکمانە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هەرکەسێک، لە هەر نەتەوەیەک بکرێپتە قایمقامی داقوق، نەتەوەکانی تر کێشە دروست دەکەن و قەبوڵی ناکەن، لە کاتێکدا ئەمە بڕیارێکی ئیدارییە."

ئەو وتیشی"رەنگە چەند مانگێکی تر هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکرێت، بۆیە ئەم کەسەی کراوەتە قایمقام هەمیشەیی نییە."

چاوەڕوان دەکرێت، کورد و توکمان پێکەوە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن دژی دانانی قایمقامی نوێی داقوق، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە فەرمانی کارگێڕی بۆ کەسایەتییە عەرەبەکە دەرکراوە.

حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەکەرکوک، رایگەیاندووە "سەپاندنی عەرەبێک بە قایمقامی قەزای داقوق، پارێزگای کەرکوک پەلکێشی شەڕێکی نەتەوەیی دەکات، کە پارێزگار بەرپرسیاری ئاسەوارەکەی دەبێت."

XS
SM
MD
LG