Accessibility links

بوومەلەرزە و گەندەڵی، هۆکاری زیانە گیانییە زۆرەکان


وێنەی باڵەخانەیەی داڕماو لە شاری دیاربەکر
وێنەی باڵەخانەیەی داڕماو لە شاری دیاربەکر

ئەو بوومەلەرزەیەی هێزەکەی 7.8 بوو لە ناوەڕاست و باشوری تورکیا و هەروەهاش لە باکوری سوریای داوە، بە کارەساتێکی سرووشتی وێرانکەر ناودێر دەکرێت.

بە هەزاران کەس لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی بێشوماری خەڵکیش بریندارن و کاربەدەستانی هەردوو وڵاتیش جەختدەکەنەوە لەوەی هێشتاش ئەگەرێکی زۆر هەیە هاوکاتی گەڕان لەناو داروپەردووی پاش بوومەلەرزەکەدا، ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بن. بوومەلەرزەکە ژمارەیەکی بەرچاوی باڵەخانەکانی داڕماندووە لە هەردوو وڵاتەکەدا.

تورکیا دەکەوێتە سەر هێڵێکی سەرەکی بوومەلەرزە لە جیهاندا و چەندان جار بوومەلەرزەی گەورە لێیداوە، بۆ نمونە لە ساڵی 1999دا ئەو بوومەلەرزەیەی دای لە ناوچەی ئیزمیت کە نزیکەی سەد کیلۆمەتر لە شاری ئەستانبوڵەوە دوورە، بووە مایەی گیان لەدەستدانی بەلانی کەم 17 هەزار کەس.

زۆریک لە پسپۆڕانی بواری بوومەلەرزە لەو بڕوایەدان کە هیچ گومانێکی تیادا نییە چۆنییەتی دروستکردنی باڵەخانەکان لەو ناوچانەی دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانی هێڵی بوومەلەرزەوە دەشێت وەک هۆکارێکی تری زیانە گیانییەکان لێی بڕوانرێت.

توانایی بەرگری بناغەی خانووبەرەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕدرێت، بە تایبەتیش لە باشوری تورکیا و لە سوریاشدا، هەربۆیەشە بابەتی ڕزگارکردنی ژیان لەناو داروپەردووی پاش بوومەلەرزەکاندا دەکەوێتە سەر خێرایی هەوڵەکانی ڕزگارکردن بۆ دەرهێنانەوەی ئەوانەی کەتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووبەرەکانیشەوە.

دوابەدوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 1999ی تورکیا، لە ئانکەرە پرۆژە یاسایەکی نوێ پەسەندکرا سەبارەت بە وابەستەبوون بەو پێوانە نوێیانەی دانراون لە کاتی دروستکردنی باڵەخانە و خانووبەرەکاندا بۆ خۆپاراستن لە ئەگەر و نەگەری زیانەکانی بوومەلەرزە.

جا لێرەدا یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە؛ ئایا بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە کاربەدەستان دەخاتە بەردەم لێکۆڵینەوەیەکی نوێیەوە سەبارەت بە وابەستەبوونی کۆمپانیاکان بەو یاسا نوێیانەی هەن؟

لە زۆرێک لە میدیاکاندا هەندێک پسپۆڕ ئاماژەیان بەوەکردووە زۆرێک لەو باڵەخانانەی حکومەتی تورکیا دروستیکردوون داڕماون، چونکە بەپێی ڕێنوماییەکان دروست نەکراون لەو ناوچانەی بوومەلەرزەکە لێیداون، ئەمەشیان بەستۆتەوە بە "گەندەڵی و فێڵکردن و نەبوونی چاودێرییەوە."

دکتۆر ڕزگار ئاغا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و پسپۆڕی ستراکچەر لە دەستەی کوردستانی، دەڵێت هەر تەنها بناغەکان ڕۆڵ ناگێڕن لە بەرەنگاربوونەوەی هێزی بوومەلەرزەکاندا و باڵەخانەکان لە داڕمان بپارێزن وەک دەڵێت "تەکنیکی تری ئەندازیاریی هەن و هەندێک پێکهاتەی تریش هەن کە پێویستە لە باڵەخانەکاندا هەبن تا بتوانرێت ئەو هێزە ئاسۆییەی لە ئاکامی بوومەلەرزەوە دروست دەبێت، بە یەکسانی بەسەر باڵەخانەکەدا دابەش ببێت و بشتوانن سەقامگیری بدەنەوە بە باڵەخانەکان، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بناغەکان فەرامۆش بکرێن و بگوترێت گرنگییان نییە، ئەمانە هەموویان پێکەوە دەتوانن هێزی بوومەلەرزە لەسەر باڵەخانەکان کەم بکەنەوە."

دکتۆر ڕزگار، باسیش لەوە دەکات تورکیا وەک هەموو وڵاتێکی تری ئەوروپا پابەندە بە چۆنایەتی دروستکردنی باڵەخانە و خانووبەرەکانەوە. سەبارەت بە زیانەکانی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەی تورکیا دەڵێت "هەم کۆمپانیاکان و هەمیش حکومەتی تورکیا بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆیە، لە تورکیا هیچ باڵەخانەیەک دروست ناکرێت تا کواڵیتی کۆنترۆڵ پەسەندیان نەکات، دواتریش شارەوانییەکان بەرپرسن لە چۆنییەتی دروستکردنیان و وەرگرتنی ئەو باڵەخانە و خانوبەرانەش لەسەر بنچینەی دروستکردنیانە بەپێی مەرج و ڕێوشوێنەکانی کواڵیتی کۆنترۆڵ."

هەردی تەیمور، ئەندازیاری شارستانی بە پلەی ڕاوێژکار دەڵێت لەو بڕوایەدا نییە بێجگە لە بوومەلەرزەکە هۆکاری تر هەبێت بۆ داڕمانی باڵەخانە و خانووبەرەکان؛ دەشڵێت "کەم تا زۆرێک ئاگاداری چۆنایەتی ئیشکردنین لە تورکیادا و چۆنایەتی ئیشکردنیش لەوێ لە ئاستێکی بەرزدایە."

ئەندازیار تەیمور، ئاماژەش بە وڵاتی ئێران دەکات کە تەنانەت بەبێ ڕوودانی بوومەلەرزە باڵەخانە دەڕوخێت و لە تورکیا ئەو جۆرە ڕووخانەی باڵەخانە ڕووینەداوە؛ ئەگەرچی نکوڵیش ناکات لەوەی دەشێت کەمتەرخەمیش هەبووبێت، وەک دەڵێت " ئەو باڵەخانانەی لە تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ڕوخاون، ڕەنگە کۆن بن یان لە کاتی دروستکردنیاندا، کەمێک لە چۆنایەتی دروستکردنەکەیان دابەزاندبێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی بۆ ڕووخانی باڵەخانەکان دەگەڕێتەوە بۆ بوومەلەرزەکە."

زۆرێک لە کۆمپانیاکانی تورکیا لە وڵاتانی ناوچەکەدا کار لە بواری بیناسازیدا دەکەن بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە.

هاوکاتی ئەو نیگەرانیانەی لە تورکیا هاتوونەتە ئاراوە لەسەر کاری کۆمپانیاکان و نەبوونی چاودێریی حکومەتەوە، ئەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق چۆن کار لەسەر چۆنایەتی کارکردنی ئەو کۆمپانیا تورکیاییانە دەکرێت؟

هەردی تەیمور، ئەندازیاری ڕاوێژکار دەڵێت "بەڵێ، هەموو دیزاینەکان لە تورکیاوە هێنراون بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام هەموویان بە کۆمەڵێک پرۆسەدا تێدەپەڕن تا بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و لە زۆربەی فەرمانگەکاندا لەلایەن لیژنە تایبەتمەند و پسپۆڕەکانەوە وردبینییان بۆ دەکرێت و لە کۆتاییشدا لەلایەنی حکومەتەوە سەرپەرشتی دروستکردنیشی دەکرێت.

ئەندازیار تەیمور دەڵێت "ئەو دیزاینانەی لە تورکیاوە دێنە هەرێم هەموو گونجاو و باشن، ئەگەر بەبێ کەمکردنەوەی شیش و دەستکاریکردنی دیزاینەکان کاریان لەسەر بکرێت ئەوا گرنگ دەبێت بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی بوومەلەرزە."

دکتۆر ڕزگار ئاغا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و پسپۆڕی ستراکچەر لە دەستەی کوردستانی، بە پێچەوانەی ئەندازیار تەیمورەوە دەڵێت "لە هەرێمی کوردستاندا شتێکمان نییە بە ناوی کواڵیتی کۆنترۆڵەوە، تەنانەت ئەو کتێبانەی ڕێوشوێنەکانی تیادان و لە ئەوروپا و لە تورکیاش هەن و ساڵانە نوێدەکرێنەوە و مەرج و ڕێنوماییەکانی تیادایە کە دەبێت جێبەجێبکرێن، لە هەرێمی کوردستان شتی وەهام نەبیستووە، تەنها ئەوەندە نەبێت کە پەڕەیەکی جۆری ئەی فۆر هەیە لە شارەوانییەکاندا، چەند بەندێکی تیادان کە دەبێت جێبەجێبکرێن، ڕەنگە ڕێوشوێنەکان بۆ باڵەخانەکان هەبن، بەڵام من ئاگاداری نیم."

دکتۆر ڕزگار لە ساڵی 2013دا توێژینەوەیەکی زانستی کردووە لەسەر ئەو جۆرە شیشانەی بەکاردەهێنرێن لە دروستکردنی هەموو بیناسازییەکاندا بە باڵەخانەکانیشەوە، سەبارەت بەو لێکۆڵینەوە زانستییەی دەڵێت "لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا چەندان جۆری شیش هاوردە کراون لە تورکیا و لە ئێران و لە چین و ڕۆمانیاوە و شیشی هەولێریش، چوار جۆرم لەو شیشانە هێنا و پۆلێنم کردن و تاقیکردنەوەم لەسەر کردن بەپێی پێوانەکانی یورۆ کۆد، هەموو هەڵسەنگاندنێکی زانستیشم بۆ کردن تا بزانم ئەم شیشانە چەندێک بەرگەی بوومەلەرزە دەگرن، بەداخەوە هیچیان لە تاقیکردنەوەکاندا دەرنەچوون."

XS
SM
MD
LG